ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
هەموو شەوێک
کە باڵینێک
سەرمان، وەک دوو قوتبی زەوی
بۆ سەر خوانی خەم بانگ دەکا؛

جودایی دێ
وەک خەنجەرێک ڕادەکشێت و
بریسکەی دێ لە نێوانا...

خەوم دەزڕێ
چاوی بێداری تێدەبڕم
جا نازانم
تۆش وەک من دەیبینی یا نا!

هەموو شەوێک
کە باڵینێک
سەرمان، وەک دوو قوتبی زەوی
بۆ سەر خوانی خەم بانگ دەکا؛

دڵم وەک گۆ هەڵدەکورمێ١
لە بەردەمی قاشۆی٢ مردن
دەترسم من پێش تۆ بمرم
شێت دەبم تۆ بمری پێش من!

١. هەڵکورمان: خۆگرمۆڵەکردن، خۆگڵۆڵەکردن
٢. قاشۆ: چەوگان، دارشەق، گۆپاڵ، بۆ لێدانی گۆ لە گەمەی قاشۆیانێ (هۆڵێن، شەقێن)دا
(١٩٨٠/١٢/٧ - مۆسکۆ)
نووسین: ناشناس
سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew

پەراوێز edit