ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
عەبدوڵڵا پەشێو دیوانی برووسکەچاندن
٣٩. تا چرای ئێمە نەسووتێ
(ئەو گەلەی گەلێکی تر دەچەوسێنێتەوە خۆی ناحەسێتەوە) 'بیرمەندێک'

تا چرای ئێمە نەسووتێ،
ئێوە هەرگیز ڕووناکایی
نابینن بە چاوی خۆتان
تا ئێمە دیل و کۆیلە بین،
هەر کۆت و نیر
تۆق و زنجیر دەکەین بۆتان!

* * *
قڕمان دەکەن؟
قوڕتان بە سەر!
گەر بشمرین
تەنیا دیلی دەدۆڕێنین
چ هەیە لە دیلی تاڵتر؟
گەر بشمرین هەر سەرکەوتووین
کوا لە کۆیلەی شەهید زاڵتر؟

* * *
قڕمان دەکەن؟
قوڕتان بە سەر!
دوای مردنیش
لێ ناگەڕێین
نیشتمانمان بکەن بە ماڵ
لێ ناگەڕێین
گۆشتمان بخۆن وەک قەل و داڵ

گەر هیچ نەبێ
دەبینە خاڵۆزەی بێستان
زیوانی ناو دەغڵ و دانتان
دەبینە لم
دەچینە ناو پارووی نانتان
دەبینە مار
پەپکە دەخۆین لەناو نوێنتان
دەبینە شێرپەنجە و میکرۆب
گەرا دەخەین لەناو خوێنتان

دەبینە کوان
هەردەمە و لە جێیەک دەردێین
دەبینە ژان
لە سەد لاوە تێتان وردێین
دەبینە زێرووی هەزارپێ
دەم گیر دەکەین لە گەرووتان
دەبینە تامیسکەی سەر لێو
باپشکێوی سەر پێڵووتان

قڕمان دەکەن؟
قوڕتان بە سەر!
دوای مردنیش
لێ ناگەڕێین نیشتمانمان بکەن بە ماڵ
لێ ناگەڕێین گۆشتمان بخۆن وەک قەل و داڵ

شایی بکەن، دەیکەین بە شین
پرسە دانێن، کاستان دەکەین بە پێکەنین!
دەبینە لەکەی زمان و تانەی سەر چاو
دەبینە مووی ناو خۆراک و خڵتەی ناو ئاو!

تا چرای ئێمە نەسووتێ
ئێوە هەرگیز ڕووناکایی
نابینن بە چاوی خۆتان
تا ئێمە دیل و کۆیلە بین
هەر کۆت و نیر
تۆق و زنجیر دەکەین بۆتان!

فەرهەنگۆک:
نیر: نیل، نێلە، ئەو دارەی دەخرێتە سەر ملی گاجووت
خاڵۆزە: خەڵووزە، نەخۆشییەکە تووشی بێستان دەبێ.
زیوان: زیڤان، زیزانە، دەنکێکی ڕەش و تاڵە لەناو گەنمدا
کوان: قونێر، دومەڵ، کولک
زێروو: زەروو، زێلوو، هەزارپێ و مارەزیوی خوێنمژ
تامیسکە: تامیسک، زیپکەی لچ و لێو
(١٩٨٣/٧/٢ - مۆسکۆ)
نووسین: ناشناس
سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew

پەراوێز edit