ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
بیست ساڵ زێترە، لە کوردستان بە گشتی و لە ڕۆژهەڵاتی نیشتمان بەتایبەتی، دیوانەکانم بێ پرسی من چاپ دەکرێن.

لەو چاپە بێنموود و پڕ هەڵە و پەڵانەدا بەروبوومی چل ساڵی ژیانم شێوێنراوە. شیعرە جگەرگۆشەکانم لە بەر چاوی زەقی دەسەڵاتی خۆیی و بێگانەدا، لەسەر شەقامەکان بە سەربڕاوی کەوتوون.

پێم خۆشە جارێکی تریش هەموو خۆشەویستانم ئاگادار بکەمەوە، کە ئەو دیوانانەی بێ ئاگاداریی من چاپ کراون، دەستیان تێوەردراوە، بۆ خوێندنەوە و لێکۆڵینەوە ناشێن.

ئەوەی بە من کراوە، باور ناکەم بە درێژایی مێژووی چاپەمەنی، بە نووسەرێکی تری زیندوو کرابێ.
شێواندنی بەئەنقەستی بەرهەمەکانم و چاونووقاندنی لایەنە پەیوەندیدارەکان هەوڵی کوشتنمە، کوشتنێکی بێدەنگ و لەسەرخۆ...

دانێ پێدا دەنێم:
تاوانباران ئامانجی خۆیان پێکاوە. هۆی سەرەکیی تێکچوونی تەندرووستیم لە ساڵانی دواییدا ئەتککردنی جگەرگۆشەکانمە.

تاکە شتێک جێی ئومێد بێ، ئەوەیە خەمخوارانی پەیڤی کوردی و هەموو ئەوانەی ڕێزیان هەیە بۆ قەڵەمی خاکی و کەمبڕشتم ئەو دیوانە شەقوشڕانە بەتایبەتی 'دیوانی دوکتور عەبدوڵڵا پەشێو'، بسووتێنن و ئەو کەسانەش تفباران بکەن کە چاپیان کردوون، یا بڵاویان دەکەنەوە.

لەمەولا بۆ خوێندنەوەی هەموو دیوانەکان تەنیا و تەنیا پشت بەم چاپە دەبەسترێ.
لەم چاپەدا هەموو هەڵەکان ڕاست کراونەتەوە. بۆشایی شوێنی سانسۆرکراو پڕ کراوەتەوە.
هەندێ شیعر بەهۆی کاتی نووسینیانەوە، لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێک، لە دیوانێکەوە بۆ دیوانێک، جێگۆڕکێیان پێ کراوە.
چەند شیعرێک کە پێشتر لەبیر کرابوون، بۆ یەکمجار بڵاو دەکرێنەوە.

چەند شیعرێکی کۆنیش، کە لەڕووی زەمانەوە لاواز بوون، دەرهاوێژراون.
ڕەچاوکردنی زمانی ستاندارد (بە هەموو پێکهاتەکانیەوە) تاکە هۆی دەسکاری و دەرهاوێشتن بووە.
خۆشبەختانە، بە درێژایی ژیان شتێکم نەنووسیوە لەڕووی ناوەڕۆکەوە لێی پەشیمان بم

******
شیعر بۆ من
عەشق و چارەنووسە، نەک پیشە.
میحرابە، نەک بازاڕ.
نانبڕە، نەک ناندەر.
شیعر خاچێکی قورس بوو چارەنووس دای بە کۆڵی خۆم و ئەو کەسانەشدا کە لێمەوە نزیکن.

تاکە خەڵاتێک، کە لە ئەنجامی نووسیندا دەستم کەوتووە، خۆشەویستییە. تاکە ترسی عومریش کە چرکە بە چرکە و هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵمدایە؛ لەدەستدانی ئەو خەڵاتەیە.

زۆرجار، کە نامەی ئازیزان دەخوێنمەوە، یا کاتێ لە کۆڕێکی شیعرخوێندنەوەدا، بە زمانی ئاگر و گوڵ لەگەڵ یەکتردا دەدوێین؛ شەرم دامدەگرێ و دەشڵەژێم. وا دەزانم ئەوەی لەوانی وەردەگرم زۆر زێترە لەوەی پێیانی دەبەخشم، هەر واشە.
بۆیێ، لەگەڵ هەموو کوێرەوەری و نەهامەتییەکانیشدا من بەختەوەرم!

(هێلسنکی - ٢٠٠٥/١٠/٢١)
نووسین: ناشناس
سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew

پەراوێز edit