ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
دوا ئەستێرە
نوقورچێکی
لە کەلەکەی گوندەکەم دا
خۆر، وەک جووچکە،
هێلکەی ئاسۆی ترووکاند و
گەسکی تووکی خۆی لە تەم دا

لەو کاتەدا پۆستە گەیشت...
پۆستەی ڕەشی بەغدا گەیشت
نامەی گڕ و ساچمەی هێنا
بۆ ئەو گوندەی خونچەکانی
هەڵنەسابوون لەناو نوێنا...
لەودیو هەوران
تۆزێک خڵتەی ویژدان مابوو،
تا ئەوەشی لەبن پێ نا!

ئێستاش دەگێڕنەوە و دەڵێن:
بێشکەیەکی لاسووتاوی... تەنیا جێماو،
بە کوڵ دایە پڕمەی گریان
بۆ کانییەک گڕوگاڵی
تا هەتایێ خەفەکراو

ئێستاش دەگێڕنەوە و دەڵێن:
لەو کاتەدا
زەوی گریا،
ئاسمان گریا،
ئینجیل گریا،
قورئان گریا،
گریا... گریا...
هەموو شتێک، بێدەنگ گریا

تەنیا لەناو مناڵدانی ئافرەتێکا
گیانێکی نوێ چاوی پشکووت،
نیگای گێڕا و لەپڕێکا
لەناو مشکیی دوای دۆزەخا
ترووسکایی ڕابوونێکی تازەی پێکا

(١٩٧٣ - ١٩٧٢، کوردستان)
نووسین: ناشناس
سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew

پەراوێز edit