ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
خەزنەی ماڵم
خەزنێک خۆڵی نیشتمانە.
عەیامێکە
لەسەر دەستی ئەو دەخوێم.
دەچمە کنی،
گوێ لە ترپەی دڵی دەگرم،
دوگمەکانی دەمی دیرۆک دەترازێنم،
بۆنی کەزیی حەووا دەکەم،
جێپێی ئادەم دەشۆپێنم.

ئەمڕۆ بۆنم کرد و گوتم:
'دەزانم تۆ، ئازیزەکەم،
چ دایکێکی مێهرەبانی!
ئاگام لێیە،
ئەوەی هیچ کەس پەی پێ نابا، تۆ دەیزانی.
بەڵام چبکەم؟
جارناجارێ،
بانی سەر دڵۆپە دەکا و
پڕسیار، تک تک، دێنە خوارێ:
ئەرێ بشێ،
کە دەمرین و دەماننێژن،
گشتمان وەک یەک بلاوێنی لە هەناوتا؟ !
ئاخر ئەوەی،
ڕۆژێ سەدجار،
سووژن دەکا بە گلێنەی خۆرەتاوتا،
دەتخاتە بن زیناکاران،
هەڵدەمیزێ بە ئاگر و هەوا و ئاوتا،
چۆن یەکسانە
بەو ئاشقەی
دەستەملانی مەرگ دەبێ لە پێناوتا! '
٢٠١٥/١٠/١٠-ڕیگا
لاپەڕەی ٢٤١,٢٤٢,٢٤٣
نووسین: خالید قادری

پەراوێز edit