ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
-'خەوم نایێ.
دەترسم بڕۆم ونت کەم.
خەوم نایێ.
ڕۆژانمان ئەوانەی ماون
بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن،
چەند دڵۆپە شەونمێکی بەرهەتاون.
دەترسم بڕۆم ونت کەم.
خەوم نایێ. '

+'بنوو گیانە!
بیر لە دەریایەک بکەوە،
کە هێندەی چاوی خۆت مەنگ بێ.
بیر لە ئاسمانێک بکەوە،
هێندەی ژانی من بێدەنگ بێ.

خەم مەخۆ، هێمن بە، بنوو...
دوێنێ خەونێکی خۆشم دی.
لە خەونمدا
مرۆڤ هەزار دەستی هەبوو.
هەر دەستێکیش، وەک درەختێک،
هەزاران پەنجەی گرتبوو! '
(١٩٧٥/٧/١١ ئیگومینکە)
نووسین: ناشناس
سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew

پەراوێز edit