ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
کەزیت چەپکە ئاگرێکە،
هەموو ڕۆژێ دەڕژێتە ناو ژووری تارم
وا هەست دەکەم،
ڕۆژێک دادێ... لافاوی ئاگر هەڵدەستێ
زەردەخەنەت کەشتییەکە،
هەموو ڕۆژێ ڕێ ون دەکا
وا هەست دەکەم، ڕۆژێک دادێ
لە بەندەری دڵی مندا ڕادەوەستێ!
* * *
نهێنیی خۆم
تا ئێستا بە کەس نەگوتوە
بە تۆی دەڵێم:
من چیاییم،
خەڵکی شاری 'ئەستی'* کوژەم
هەموو ڕۆژێ
خوێنی زینێک لە خەنجەرم دادەچۆڕێ
گەر دێیته لام، وریای خۆت بە،
خۆشت نەوێم، لێت نەگۆڕێ!

*ئەستی (ستی) کچە کرمانجێکی دەشتی هەولێرە. لە چلەکاندا لەگەڵ کەریمی ئەوینداریدا سەری خۆیان هەڵدەگرن. گەلێک ئەم گوند و ئەو گوند، ئەم ماڵ و ئەو ماڵ دەکەن، کەس خۆیان لێ بە خاوەن ناکا، تا لە نێزیک گوندی حەسارۆکان هەردووکیان، بە دەستی بابی ئەستی و ئاغاکەی، شەهید دەکرێن. گەلێک لاوک و حەیرانیان پێدا هەڵگوتراوە.
(١٩٧٤/٩/١٣ - مۆسکۆ)
نووسین: ناشناس
سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew

پەراوێز edit