ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
عەبدوڵڵا پەشێو ڕۆژ نییە لێتان تووڕە نەبم
١٠. کێ بێ لە من ماندووتر بێ
کێ بێ لە من ماندووتر بێ؟ !
من خۆشەویستێکم هەبوو،
وەکوو دڵۆپە فرمێسکێک
لە گلێنەی چاوەکانما قەتیس مابوو
لە ڕۆژێکی بەهاری ساڵی حەفتادا
لە چاوەکانم جیا بۆوە

لەو ڕۆژەوە تاکوو ئەمڕۆ
من دێوانەی
ئەو دڵۆپە فرمێسکە بێ سەروشوێنەم
هەرچەند دەکەم، جارێکی دی
بۆم ناکرێ بیگێڕمەوە ناو گلێنەم
* * *

کێ بێ لە من ماندووتر بێ؟
من خۆشەویستێکم هەبوو،
وەکوو هەناسەیەکی پاک
لە سینگمدا
هێلانەی خۆی چێ کردبوو...
لە ڕۆژێکی بەهاری ساڵی حەفتادا،
وەک باڵندە
تۆرا و سییەکانمی بەجێهێشت...

لەو ڕۆژەوە تاکوو ئەمڕۆ
هەرچەند دەکەم، ئاخ، ناتوانم
ئەو هەناسە ئاوارەیە
بدۆزمەوە...
کۆی کەمەوە...
بیگێڕمەوە ناو سییەکانم!
(١٩٧٣ - کوردستان)
@abdulla_pashew
نووسین: ٨٣.١٢٠.٨. ٢٤٨

پەراوێز edit