ئاڵەکۆک

سوارە ئیلخانیزادە add_a_photo
سوارە تاپۆ و بوومەلێڵ
٧٥. نومایشنامەی سەیدەوان
[دەنگی دەھۆڵ و زوڕنا، لە دوورەوە، لە مەتندا]

وێژەر:

دەواری ڕەش وەک خاڵی سەر گۆنای کیژێکی جوان و لە داوێنی دەشتی سەوزی بەگوڵ خەمڵیو بۆتە نەخش. بەھار ئەڵێی گیانی ئەوینە ئەھەژێتە ناو ھەناوی سروشت. زەردەی خۆرەتاو کراسی خارای کردۆتە بەر چیا بەرزەکان. ڕووباری کەف چەرێن وەک کەحلانی تازەگیراوە حیلەی دێ و بەرەو نشێو پەل ئەکوتی. لکی بەرزی ھەموو دارێک بەتیشکی خۆر، زەردەی تێ زاوە ئەڵێی دار ھەموو لەشی بۆتە چاو و ئەڕوانێتە ئەو مەلە ئەویندارانە کە بە جریوەی خۆیان بەستەی بەھار و ژیان بە گوێی گۆلاوی مەندی چاو بە خەوا ئەخوێنن. دەھۆڵ کوت و زوڕناژەن لە مەیدانێکا کە بە دەواری ڕەش دەورە دراوە، خەریکی لێدانی ئاھەنگی «سەحەری»ن. خەوی خۆشی پاش شەکەتی، وەک دڵدارێ کە تازە ھاتبێتە جێژوان و بەپەرژینی دەستەملان و داوی لەسەر لێودانان ڕێگای سڵی و ڕاکردنی لە دڵبەر تەنیبێ، ماوەی نەدەدا دوو پێڵووی چاوی گەنجان دەس لەیەک بەردەن، بەڵام دەنگی نرکەی دەھۆڵ و زوڕنا بە ئاھەنگی دڵبزوێنی «سەحەری» وەک شەپۆلی بۆنی گوڵاڵە خۆی ئەکرد بە دەلاقەی گوێی لاواندا و لەگەڵ خۆیا چەپکێ ھەستی سووری دڵدارانەی ئەخستەسەر سینەی دڵ. ھەر چاو بوو وەک پەنجەرەی بەرەو خۆر ئەکرایەوەو ھەر لاوی تاسەباری ھەڵپەڕکێ بوو ڕائەپەڕی و ڕووی ئەکردە گۆڕەپانی جێگای ھەڵپەڕکێ و زەماوەند. پاش ماوەیەک دەوار چۆڵ ببوون و مەیدان لەبەر حەشیمەت جمەی دەھات. میری عەزیزی سەرۆکی عێلی داسنی لە خێوەتی سپی خۆیدا کە ئەتکوت تاکە چڵی سپی ناو ڕیشی ڕەشە، دانیشتووە. چەن ڕیش سپی و کەیخودای داسنی لەلای دانیشتوون و چەند نۆکەر دەس لەسەر دەسکی خەنجەر چەشنی پەیکەرەی بەردین، بێدەنگ وەستاون. عەزیزی داسنی ڕوو ئەکاتە ڕیش سپی و مەزنە پیاوەکان و ئەڵێ:

-«ئەمڕۆ ئەڵێی ڕۆژ بۆیە ھەڵاتووە تا لە شادی منا ھاوبەش بێ. حەفتا بەھارم بەڕێ کردووە، بەڵام بەھاری ئەم ساڵ پێش ئەوەی سەری «سیپانی» بڕازێنێتەوەو چیای مەغڵووبی بخەمڵێنێ، لە دڵی منا خێوەتی ھەڵداوە. لەدارایی و سامانی جیھان سێ کوڕم ھەیە کە ئەمڕۆ زەماوەنی ھەرسیانیانە. ئەمە بۆ باوکێکی پیر، نیشانی ئاخر بەخێرییە. کوڕە جەحێڵی داسنی ھەر وەک لە ڕۆژانی سەختی شەڕ و کوشتارا شان بە شانم وەستاون لە شایییەکەشما بە ھاوبەشی پڕ بە دڵیان، دڵمیان گەشاندۆتەوە. ھەزار و ھەزار بار شوکر خوای مەزن؛ من گەنجی خۆم لەم سێ کوڕەدا بەدی ئەکەم. نێچیروانم کوڕی شەڕو گۆوەند و مەیدانە، مەلکەوانم گەورەی خێڵ و سەپان و شوانە، سەیدەوانم خانی خانان، قسە لە پێشی دەرک و دیوانە.»

[مووسیقای کورت. ورتە ورت و پچەی چەند کەسێک]

میر عەزیز [بەحەسرەتەوە]: «نە؛ لە کاری گەورەی خێڵی داسنی ناچێ. لێم دەکەن بە پەڕۆی شین و بەسەر شانما ئەیدوورن. بەیانی لەناو ھەموو دەوارێکا لە دیوانان، لە گەڕەک و کۆڵانان ئەیکەن بە بەند و باڵۆرە و ئەڵێن عەزیز زەماوەندی تێکدا. دڵی گەنجانی داسنی شکان. نە. دەنگ ناکەم. با لە دڵی منا کوندەبووی مەرگ بخوێنێ. با لەگەڵ ھەر پێیەک کە کۆڕی ھەڵپەڕکێ بەسەر زەوییا ئەدا، بەندێک لە دڵی من بپسێ و با خرمانەی خەم لە دەوری سەرم بھاڵێ، بەڵام نەڵێن عەزیز میوانی لە ماڵی خۆی دەرکرد. با نەڵێن جیاوازی دانا لە نێوان کوڕی خۆی و کوڕی عەشیرەتەکەیا. خوایە بریا شوانێک بوایەم و بمتوانیایە پەژارەی مەرگی «مەلکەوان»م لە گەرووی شین گێڕی شمشاڵەوە بڕژاندبایەتە ناو دۆڵی چیای سیپان تا ئاگرێکی وەھای تێ بەربوایە کە ھەتا ھەتایە نە چڵە گیایەکی لێ شین بوایە و نە ئاسک و مەڕەکێوی بە ھیوای بەفراوی ژێر بەفری چەند ساڵە لێی ببوایەن بەمیوان؛ نە قەت جارێکی تر شەنگەبێری و شۆڕەسواری خێڵاتی کوردەواری بیکەن بە جێژوان. بەڵام من مەزنی عێلی داسنیم. شین گێڕانم شوورەییەو دەستی ھەڵپەڕکێ بەردانم لێ ناوەشێتەوە. خودایە سەبرێکم دەوێ و بەئەندازەی دڵۆپی زەریای وان و زێیە بادینان، بە قەدەرایی گەڵای داری جەنگەڵی سەردەشت و مەریوان».

وێژەر:

میر عەزیزە کۆرەی داسنی سێ بووکی بە ڕۆژێک بۆ سێ کوڕی گەنجی ھێناوە. سەرۆکی پیری عێلی داسنی لە ھەموو تیرەو خێڵەکانی عەشیرەتەکەی خۆی گێڕاوەتەوە و کۆڕی زەماوەند و ھەڵپەڕکێ گەرمە. خۆشخوان و بەیت بێژ، لاوک و حەیران ئەڵێن. لەم کاتەدا سەیدەوان دێتە ژوورەوە و بە چاو باوکی تێئەگەیەنێ کە کاری پێیەتی. سەیدەوان ھەواڵێکی پێیە کە ئەترسێ ئەگەر بۆ باوکی بگێڕێتەوە، داری پیر و بە سێبەری عێلی داسنی، واتە میر عەزیز بە گەردەلوولی ژاراوی ھەواڵەکە لە پێ بکەوێ و ڕیشەی وشک بێ. دڵی باوک لە پەنچەرەی تەم گرتووی چاوی سەیدەوانەوە ئەڕوانێ و ھەورێکی ڕەش بەدی ئەکا. لەبەر خۆیەوە ئەڵێ «چی بووە سەیدەوان؟!»

زۆر جار ھەیە ئادەمیزاد پێی خۆشە بزانێ و ناوێرێ بزانێ. ئەیەوێ دەستی بەو پووشە بێ ھێزەوە بەند بێ کە پێی ئەکوترێ ھیوا. ئیتر بیر ناکاتەوە، دەریا دەمی شەپۆڵی کردۆتەوە بۆ ھەڵلووشینی! میر عەزیز داسنیش ئەیزانی کە کۆسپێکی گەورە یا کۆستێکی کەوتوو ئەم ھەموو خەم و تەمەی باراندۆتە سەر چیمەنی تێراوی تازە شین بووی ڕوخساری سەیدەوان. لەبەر ئەمە تەنیا توانی دیسانەوە ھەر ئەمە دووپاتە بکاتەوە: «چی بووە سەیدەوان؟!»

سەیدەوان و میر عەزیز لە ڕەشماڵ و خێوەت و دەوار دوور کەوتبوونەوە. دەنگی دەھۆڵ لە دوورەوە لەگەڵ ھەرای کوڕە داسنی و ھەوھەوی سواری تەقڵەباز تێکەڵ ئەبوو. لەبەردەم ئەم باوک و کوڕەش جارجار جوڕڕەیەک ئەیجریواند و کۆڕکۆڕەیەک دەرئەپەڕی. ئەتکوت گیانێکی پاکە و پەلەیەتی بۆ گەیشتن بە بەھەشت. چاوی پرسیاری میر عەزیز وەک ھەناسەی گەرمی دەشتی گەرمێن؛ لێوی وەک سوورەگوڵی سەیدەوانی شەقارشەقار ئەکرد. بەڵام ئەو دوو لێوە، ئەو دەمە کە ھەمیشە ھەواڵی ھاتنەوەی قاز و قورینگیان دابوو بە میر عەزیز و موژدەی بەھار و ژیانیان ھینابوو، چۆن ئەیانتوانی بە باوکێکی بە ھیوا بڵێن ماڵی دڵت کە لەسەر سێ کۆڵەکە ڕاوەستابوو بە ترازانی کۆڵەکەیەکیان خەریکی ڕووخانە؟!

سەیدەوان لە پڕ بە سۆزەوە دەستی کرد بە زەمزەمەی ئاھەنگی «گوڵە جوان»و گەیشتە سەر ئەو بەندە -«وەرە ئەمن تۆ دەستان تێکەڵ کەین/ چونکە مردن داعبایەکی زەڕەندەیە/ نە لە کەسمان خۆش دەبێ و نەلە کەسمان دەبوورێ».

سەیدەوان بێدەنگ بوو. دەنگی دەھۆڵ و ھەرای ڕەشماڵ و جریوەی مەلی بەھار بڕا، بۆ کورتەیەک سروشت مرد، ژیان کاس بوو. میر عەزیز پرسی: «کامەیان؟!»

سەیدەوان کوتی: «مەلکەوان!»

[مووسیقا]

وێژەر:
مەلکەوان پەردەگیر بوو، بەڵام ئەمە دوایین خەمی عەزیزی داسنی نییە، لە بەرنامەیەکی ترا لەسەر ئەم تڕاژێدییە دڕاماتیکە ئەڕۆین. خواتان لەگەڵ.

پەراوێز edit