ئاڵەکۆک

سوارە ئیلخانیزادە add_a_photo
سوارە تاپۆ و بوومەلێڵ
٥٨. دیمەنی بەفر و زستان
سروشت لەم زستانەدا بەبەرگی سپی ئاو داوێنی بەفر خۆی ڕازاندۆتەوە بۆ ھەر لایەک ئەڕوانی خێوەتی سپی ھەڵدراوە. بەفر پیتە، بەھرەیە بۆ کانیاوی مووچە و مەزاری جووتیاران، دابینکەری نیازی کشتوکاڵە و لە ڕاستییا بەفر ھۆی شینایی و شیناوەردە. کلووی بەفر کاتێ لەسەر سەکۆ و کورسی گەرم لە پشت پەنجەرەوە سەیری کەی، ڕوانگەو دیمەنێکی جوان دەخوڵقێنێ، بەڵام کڕێوەیەک کە سەر لە ڕێبوار ئەشێوێنێ و تەنانەت بەر پێی خۆشی نابینێ، ناتوانێ بۆ ئەو ڕێبوارە، ڕێ ھەڵەکردووە شتێکی باش بێ و ئەو سەرمایە کە ھەرگیز ڕووناکاتە کەناری دەوڵەمەندان، بەلای ئەو مناڵە بێ بەرگ و ڕەش و ڕووتانەوە کە لە ناو ماڵێکی سارد و سڕ و بێ تینا ژیان ئەبەنە سەر، ناتوانێ خۆش و خۆشەویست بێ.

باوکێکی ھەژاری دێ نشین لە ھەموو جیھانا جگە لە کچۆڵەیەک شک نابا، کچۆڵەیەکی تازە پێگەیشتوو، ھەموو ئاواتی ئەو باوکە پیرە ئەوەیە کە نازداری کچی بە شووبدا و نەوەکانی لە باوەش گرێ و بڕوانێتە بزەی بێ تاوانانەی سەر لێوی سوور و ناسکیان.

زستان ھاتووە و کار و کاسبی لە ئاوایی خەوتووە؛ دێ لە ژێر پێخەفی سپی بەفردا خەریکی خەوی زستانە.

ھەرچی داھاتە لە کشتوکاڵ ھاتۆتە دەست، ئیتر کاتی ئەوەیە باوکی پیریش لە داھاتی کەم و کورتی خێزانەکەی، ئەندامی شلک و جوانی نازدار کە بەرگەی سەرمای تووڕە و لەش تەزێنی زستان ناگرێ، پۆشتە کاتەوە. باوک ئەچێ بۆ شار و چاوی چاوەڕوان و جوانی نازدار لە ڕێگایە و ھەزار ئاواتی ڕەنگا و ڕەنگی کیژانە لە دڵیا شەپۆڵ ئەبەستێ.

سێ چوار ڕۆژێک بەبێ وچان
کلووکلوو بەفر ئەبارێ
ھەموو وڵات ساماڵسا بوو بە یەگجاری
ئاسمانی ڕەش تاوێک
نەیئەترووکاند چاوێک
بەفر ئەباری... بەفر ئەباری
بستێک، ئەژنۆیەک، ناوقەدێک، باڵاپیاوێک،
لەم لاو ئەم لای دێیەکەوە
پەسا پەسا ماڵ ئەڕووخا
ھێلانەی ھەژار ئەشووخا
نا! نا! ئیتر چ ناڵێم ماڵ
گۆڕی گشتی ژن و مناڵ
سێ چوار ڕۆژ بوو باوکی نازدار
چووبوو بۆ شار
چووبوو جلی بۆ بسێنێ
کراسی جاو
سەڵتەی بەروپش بەلاشە
نازداری خۆی پێی داپۆشێ ڕووتی لاشە
ئێوارەیەک چەن تارمایی
تەرمێک لە کۆڵ
ئەیانشکاند بەفر و سەھۆڵ
ملیان ئەنا بۆ ئاوایی
تەرمی کێ بوو؟ تەرمی کێ بوو؟
تەرمی ڕەق بووی باوکی نازدار
ھەی قوڕ بەسەر خەڵکی ھەژار
ماڵێک داڕووخاو
دڵێک پڕ زووخاو
ژنێکی فەڕتووت
نازدارێکی ڕووت
بەمیرات مابوو بۆ دایکی نازدار!
مەگری مەگری نازداری خۆم
مەگری بەسە.
ھەر ئێمە نین
خەڵکی ھەژار،
گش بێ کەسە
مەگری! مەگری!
چاوەکانم بخەوی باشە.
فریشتەی خەو
بۆی دووری سەڵتەی بەلاشە.

زستان تەواو بوو، خیوەتی سپی بەفر پێچرایەوە، بەڵام ئەو زووخاوە کە زستان و سەرما لەدڵی دایکی نازدار و نازداری خستبوو ھەرگیز بە ھاتنی بەھار و سروەی بۆنخۆش لای گوڵزار تیمار نەئەکرا.

زستان ئەبڕێتەوە، پاش سەرماو سۆڵی لەش ترسێن، بۆنی خۆشی گوڵزار ئەھاژێتە دەمار تەبیعەتەوە، ئەوە ڕێ و شوێنی دابڕوا و دیاریکراوی ژیانی ئادەمیزادە. گاھێ لە دڵیا بەھارە و گاھێ لە دەروونیا زەمھەریرە، بەڵام ئەو دڵانە وا بەگەرمای خۆرەتاوی ئەوین و ھەستی نەوعدۆستی داگەشاون، ھەرگیز بەسەرمای زستان و بەگەڵاڕێزانی پایز ناژاکێن، کام دڵ ئەویندارە ئەو دڵە ئەبێتە، کوانووی دانەمرکاوی ئینسانییەت. ئەوین یا ھەستی ڕاسپێری ئینسانی، ئاخۆ لەم زستانەدا بێ دەربەست لە ھۆدەی گەرما سەر ئەنێتەوە سەر سەرین لە کاتێکدا ئەزانێ کە دراوسێکەیان تەنیا بەدووکەڵی ھەناسەو بڕینی دڵ گەرمی ئەبێتەوە؟ ! لام وانییە، چونکە ھێشتا کاتی ئەوە نەھاتوو، بەسەر تەرمی ئینسانییەتا بگرین، خۆزگا ھەموو دڵێک ڕووگەیەک ئەبوو و ئەکرا نیازی لێ بخوازی و پەنای بۆ بەری.
لە کاتێکا مەبەست و واتەی بەرزی ئینسانی ئەکەوێتە ناو، خۆزگا گوڵی ئینسانییەت لە بەھاری ئەمساڵا لەم مەزرای دڵمانا چرۆی دەرئەکرد.

پەراوێز edit