ئاڵەکۆک

سوارە ئیلخانیزادە add_a_photo
سوارە تاپۆ و بوومەلێڵ
٥٠. کام شاعیر لای کۆمەڵ ڕۆڵەیە؟
سەلام لە گوێگری بەھەست و ھونەر پەرستی بەرنامەی تاپۆ.

«گەورەیی» گەورەترین شاعیر و نووسەر، یا ھەر ھونەرمەندێکی تر لەوەدایە کە ھەرچی لە دڵیا ھەیە و ھەر مەبەستێکی بەدەستەوەیە باش بینوێنێتەوە. ھەروەک ئاوێنەیەکی ڕوون کە ھەر شتێ لە بەرامبەریا بێ، لەناویا دەرئەکەوێ. ھونەری ئیلقا کردن و ڕاگەیاندن و تێگەیاندن، ھونەرێکی ھەرە مەزنە و ڕاستییەکەی ئەوەیە کە زۆربەی کەس لەدڵی خۆیا شاعیر و نووسەرە. بیری یەکجار جوان لە زۆر مێشک و دەروونا ھەیە کە خاوەنەکەی شاعیر نییە، واتە ناتوانێ بیرە جوانەکانی بخاتە چوارچێوەی وشە و عیبارەتەوە. کە وەھا بێ، جیاوازی ھونەرمەند لەگەڵ خەڵکی ئاسایییا ئەوە نییە کە باش ھەست ئەکاو باش جوانی ئەناسێ، چونکە ئەم ھێز و توانایە لە خەڵکی تریشا ھەیە. ئەوەی شاعیر لە خەڵکی ئاسایی بەرزتر ئەکاتەوە و جیای ئەکاتەوە ئەمەیە کە ھەستە دەروونییەکانی باش بە خەڵک ڕائەگەیێنێ. ڕاگەیاندنی ھەستی شاعیرانە، یانی ئەو چەشنە ھەستە کە تێکەڵ بووە لەگەڵ ھەوێنی عاتیفە و ڕواڵەت و قالب و چەشن و تەرزێکی تری پەیدا کردووە، یەکجار دژوارە، چونکە شاعیر زۆر شتی وردی وەھا ئەبینێ کە دیتنی بۆ زۆربەی کۆمەڵ ساکار نییە. جگە لەمەش شاعیر تەنیا پلانێک لە کارەساتێک یا ڕوانگەیەک ھەڵناگرێ کە بێ دەست لێدان و گۆڕین بیخاتەوە بەرچاوی سەیرانکار، شاعیر بەتایبەت شاعیری ئەمڕۆکە ناتورالیسم بەشێوەیکی دواکەوتوو ئەزانێ، وەھا نابێتە کۆیلەی تەبیعەت کە بێ دەسکاری کۆپی لێ ھەڵگرێ. شاعیر، شەیء ومەکان و حاڵات، واتە ئەو شتانە کە لە دەور و بەرین، ئەو کاتە کە تێیدا ئەژی ئەو نەفسانیات و حاڵەتانە کە ھەیەتی تێکەڵ ئەکاو ئاوێنەیێکی لێ دروست ئەکا کە تەواو ئەو شتە نییە کە لە دەرەوە ھەیە و خەڵکی تر ئەیبینن. بەکورتی کاری شاعیر ستاتیک static و وەستاو نییە، واتە زێھنی شاعیر چەشنی مەکینەی وێنەگر لەیەک حاڵەتی قەیسی یەک کاتی کورت وێنە ناگرێ. شاعیر دینامێکە dinamic، واتە بەدرێژایی زەمان و کات لە جوولانەوە دایە چەشنی فیلمی سینەما، لە سەرەتای پەیدابوونی شتێکەوە تا دوایی ھاتنی ئەو شتە لەھەموو حاڵێکا ئەیداتە بەر تیشکی رووناک کردنەوە، بۆ نموونە، بۆرەپیاوێک ئەبینی کە مناڵێکی برسی لە باوەش دایکی ترساو و سەر لێشێواودا خەوی لێکەوتووە، ھەندێک کە ئەڕوا ئەبینێ مناڵێکی خڕو خۆڵ و چاوگەش و لێو سوور لەناو باغچەی پڕگوڵ و سەوزەی حەوشی باوکی دەوڵەمەندیا خەریکی کایە کردنە. بۆ ئەو بۆرەپیاوە ئەگەر زۆر تێنەگەیشتووبێ، یا دڵی تەواو ڕەق و ڕەش بێ، دیتنی ئەو دوو ڕوانگە جیاوازە باسی ھیچ شتێک ناکا. بۆرەپیاو تێ ئەپەڕێ و نەخشێک ناکەوێتە سەر ھەستی، یا ئەگەر ھەستیشی جووڵا، ھەر بۆ ماوەیەکە پاشان ئەچێتەوە سەر باری ئاسایی خۆی، تەنانەت ئەگەر ئەگونجێ کەسێک ئەم دوو ڕوانگەیە ببینێ و کارێکی گران و شوێنێکی قووڵ بخاتە سەر ھەستی و لە بیریشی نەچێتەوە. بەڵام ئەو ھەوێنە کە لە ھەستی ئەوا مەییوە، ھەر لای خۆی ئەمێنێتەوە و ئەو بەرھەمە کە ھاتۆتە بەر ھەر لەگیانی خۆیا پاشەکەوت ئەبێ و ھەرگیز بەچەشنی شیعرێک کە خەڵکی تریش لە ڕاستەقینەی کارەسات بگەیێنێ و ئەوانیش وەک خۆی بخاتە سەر زریەی بیر و خەیاڵەوە بەرزتر لەم ڕادەیەش ئەگونجێ ڕووبدا، واتە کەسێک، کە ئەو دوو ڕوانگەیەی چاو پێبکەوێ، ڕوانگەی مناڵێکی لاواز و بێ ھێز لە باوەشی دایکێکی ھەژار و نیگەران و شڕۆڵا و مناڵێکی لەش پتەوی چاوگەش و بزۆز لە باغچەی بەگوڵ ڕەنگاوی باوکی دەوڵەمەندیا، دڵی لەم جیاوازییە سەیرە پڕ بێ لە خەم و بیەوێ خەڵکی تریش تێگەینێ کە چی دیوە. بەڵام یا ھەر باسی ئەو ڕوانگەیە ئەکاو لێکی ناداتەوە کە بۆچی وەھایە یا ئەگەر شارەزاش بێ و بیەوێ ھۆیەکانی ئەم بەرز و نزمییە دەرخا، ناتوانێ بەزمانێکی ھونەری بدوێ و ئەگەر توانی ئەمە، ھونەرمەندە و خەڵکی ئاسایی نییە.

شاعیری ئەمڕۆ ئەڵێ کە لە کۆمەڵا تووشی فڵان مەبەست یا کارەسات یا ڕوانگە ھاتم، بەلێکدانەوەیەکی زانستی لێکمداوە. واتە بەرو دوای شتەکەم ھەڵسەنگاند، ھۆیەکانم لەسەرەتاوە شی کردەوە، پاشان ئەو مەودا خاوەی کە کۆمەڵ و تەبیعەت دابوویان بەمن و لەژێر تیشکی زانستا بەباشی سەرنجم لێدابوو، بردمە ناو کارگەی زێھن و عاتیفەی ھونەریمەوەو لەو کارگەیەدا ڕێک و پێکم کرد، لێک و لووسم کرد، ئەوەی وا دزێو بوو بەڕەنگی ھونەر ڕازاندمەوە و بەکورتی شتەکەم گۆڕی، بەڵام نەک گۆڕینێکی ئەوتۆ نەناسرێتەوە. پاشان ئەو دەسکردەی کارگەی خەیاڵی خۆم خستە بەر تماشای خەڵک، ئەوانیش لێی تێگەیشتن، چونکە لەگەڵ ئەوەشا کە لەگەڵ قسەی ڕۆژانەی خۆیان جیاواز بوو بەڵام بەزمان و لێکدانەوەی ئەوان بوو پێیان خۆش و گوێیان بۆ شل کرد، چونکە دەردی دڵی خۆیان بوو، لەبەر ئەمە کە شاعیرم بووم بە ساحیر و کۆمەڵ لە خۆی پرسی: چۆنە وا ئەزانێ ئێمە چیمان ناتەواوە؟ چیمان ئەوێ؟ و بەیانی ژیانمان چۆن ئەبێ؟ من کە شاعیرم و ساحیرم و ئەزانم کۆمەڵ چی نییە و چی ھەیە و چۆن ئەبێ لەوانەی کە ھەیەتی کەڵک وەربگرێ بۆ بەدەست ھێنانی ئەوانەی وا نییەتی، خۆشەویست بووم، بەگوێم کراو قسەم ڕەوا بوو، شیعرم برەوی پەیدا کرد و کۆمەڵ ناوی نام: «ڕۆڵە»
تا بەرنامەیەکی تر ھەمووتان بەخوای گەورە ئەسپێرین. ھیوادارین شادمان و بەختیار و سەرکەوتووبن.

پەراوێز edit