ئاڵەکۆک

سوارە ئیلخانیزادە add_a_photo
سوارە تاپۆ و بوومەلێڵ
٤٨. کەی کێشەی نێوان شیعری کۆن و نوێ ئەبڕێتەوە؟
سەلام لە گوێگری ھەستیار و بیستیاری ھۆگری ھونەر.

گوێگرێکی بەڕێز بەناوی وەفای عەزیزی لە سنەوە نامەیەکی گەرم و گوڕ و برایانەی بۆ نووسیوین و چەند پرسیارێکی کردووە. نامەی ئەو گوێگرە بەڕێزەمان کەوا دەرئەکەوێ خاوەنی چێشکەیەکی پاراو و بەھرە و بەرێکی ھونەرییە بۆ ئەوە ئەشێ کە بڕێکی بۆ بیستیاران لێ بخوێنینەوە.

... کاک وەفا ئەنووسێ: «جیھان و کەون لە گۆڕاندایە بەتایبەت بەپێی گۆڕانی جیھان خواست و ویستی ئادەمیزادیش ئەگۆڕێ و کاروباری کۆمەڵایەتی و ئەوەی وا پێی ئەگوترێ زانیاری کۆمەڵ و کۆمەڵناسی لەگەڵ چەرخ و خولی جیھاندا ئەگۆڕێ. واتە ئەو شتە کە ئەمڕۆ باوە و کۆمەڵ نیازی پێی ھەیە، بەیانی کۆن ئەبێ و لە ڕیزی نیاز و پێداویستەکانی گەل و کۆمەڵ ئەخرێتە کەنارەوە و شتێکی تازە جێگای ئەگرێتەوە. ئەم گۆڕانە وەنەبێ ھەر لە ھونەرا بێتە پێش، بەڵکو لە ھەموو بار و لانێکی ژیانی ئینسانیشا خۆی ئەنوێنێ. دوێنێ کابرای فەیلەسوف و فیزیک زان کاتێ ھەستی کرد کە لە گەرماوەدا سەنگایی ھەموو شت کەم ئەبێتەوە، بەلەشی ڕووت لە گەرماوەکە ھاتەدەر و سەرخۆشانە نەڕانی: «دۆزیمەوە... دۆزیمەوە!» پاش ئەو زانایەکی تر لە ژێر دارە سێوێکا دانیشتووە؛ سێوێکی گەیشتوو لە لقێکی دارەکە بووەوە و کەوتە سەرکۆشی. بیری کردەوە لە لقی دارەکەوە تا سەر زەوی فەزایەکی بەتاڵە و لە دارەکەوە بەرەو سەرووتریش بەتاڵە و جگە لە ھەوا ھیچی تری تێدا نییە. کە وەھایە بۆچ ئەو سێوە بۆ فەزای ژوور ناچێ و ئەکەوێتە سەر زەوی؟ بەبیر کردنەوە بۆی دەرکەوت کێشەرێک لەم زەوییەدا ھەبێ وا ھەر شتێک لە بەرزایییەکەوە بەری دەیەوە ئەکەوێتە سەر زەوی و لەو ڕۆژەوە کە «نیۆتۆن» ئەم ڕازەی دۆزییەوە یاسای ککککێشەری گشتی واتە قانوونی جازیبەی عموومی پەیدا بوو. ئەو ڕۆژانە بۆ ئادەمیزاد زۆر بە بایەخ بوون و پێداویستی ئادەمیزاد بوو کە سەر لەم ڕازانە دەربھێنێ. بەڵام ئەمڕۆ ھەموو مناڵێکی پۆلی ناوەندی ئەم کەشفە زانستییە گرینگانە ئەزانێ، کە وەھایە ھەموو شت لە گۆڕاندایە و ھەموو شت پاش ماوەیەک کۆن ئەبی و جێگای خۆی ئەدا بەشتێکی نوێ. ئەی لەبەرچی باسی کۆن و نوێ لە شیعردا نابڕێتەوە؟ بۆچ بەم شێوەیە کە شێوەی باوی ڕۆژگاری ئێمەیە ئەڵێن شێوەی نوێ؟ جا چ نەققاشی بێ، چ پەیکەرسازی، چ وێژە؟ ئاخۆ باشتر نییە ئەم شەڕی کۆن و نوێیە ببڕێتەوە، وەک لە زانستا بڕاوەتەوە؟ ئەمە پرسیارێکم بوو، پرسیارێکی تریشم ھەیە؛ لەبەرنامەی تاپۆدا زۆرجار وشەی ئیماژمان بەرگوێ ئەکەوێ. ئاخۆ ئیماژ ھەر ئەو سفەتە لەفزییەیە کە لە شیعری کۆنا پێی ئەگوترا ئیستعارە؟»

لەپێش ھەموو شتێکا سوپاست ئەکەم پیرۆزبایی ورد بوونەوەت لە مەوزووعە ھونەرییەکان. پاشان وەڵامی پرسیارەکانت. لە زانستا تاقیکاری ھەوێنی بنەڕەتییە و ھەموو شت لە سەر ئەو بناغەیە دائەمەزرێ. واتا زانا ناچارە ئەسڵە زانستییە کۆنەکانی قوبووڵ بێ و بەپێی ئەوان بجوولێتەوە. یەکەم کەسێ کە بەرد و ئەستی دۆزییەوە بناغەی دانا بۆ دۆزینەوەی ئاگر و ئاگر بوو بەبناغەیەک بۆ زۆر شتی زانستی کە ئەمڕۆ ھەیە.

چەشنی مووشەکێ کە پیاو ئەباتە سەر مانگ، جا با ئەو شتە کە گەرمایی لە مووشەکا پێکدێنێ، ئەو ئاگرە نەبێ کە لە بەرد و پووشوو پەیدا ئەبێ، لە ھەر حاڵێکا ئاگرە و گەرمایی و ھێز ئەخولقێنێ. بەڵام بناغەی ھونەر لە سەر عاتیفە دائەمەزرێ و ئەشزانین کە عاتیفەی ھەموو کەس چەشنێک نییە. چەند کەس بچنە ناو دارستانێکەوە، ئەوەی کە دارتاشە لە بەر خۆیەوە بیر ئەکاتەوە ئەم دارگوێزە چەند ڕەختە و لە بارە بۆ دەرگاو پەنجەرە لێ دروستکردن. ئەوەی کە ھونەرمەندی پەیکەرسازە ئەڵێ: ئەم دارە، باش ئەکرێ و ڕواڵەتی ژوولسێزاری لێ دروست بکەی. ئەو کەسەیان کە شاعیرە ئەڵێ: چەندە خۆشە پاش شەکەتی ڕێگا لە ژێر سێبەری ئەو دارە دانیشی و شنەیەکی فێنک ئارەقەی لەشت وشک کاتەوە. ئەگەر بازرگانێکیشیان لەگەڵ بێ، ئەڵێ بریا ئەم دارستانە ھەموو ھی من بوایە و بمفرۆشتایە بەم دارتاش و پەیکەرسازە و دراوەکەم لە تەنگەی گیرفانم بنابایە. ئەبینی کە ھەر کەسێ چەشنێ بیر ئەکاتەوە و ھونەر کە بناغەی لە سەر بیر و عاتیفەیە، زۆرتر لە زانست جیاوازی تێدا بەر چاو ئەکەوێ. زانست ناگۆڕێ. بەڵام پێش ئەکەوێ و ھەڵئەچێ. چەشنی نەمامێک کە ساڵ بەساڵ گەورەتر و ڕاکێشاوتر و ھەڵچووتر ئەبێ. بەڵام تۆ ئەزانی کە ئەم دارە گەورەیە ھەر نەمامە بچووکە دەسنێژەکەی خۆتە، لە کاتێکا ھونەر ئەگۆڕێ و لە پایەشەوە ئەگۆڕێ. دوێنێ ھونەری شیعر و وێژەوانی بۆ پێھەڵکوتنی ئەمیر و پایەبەرزان و بەدەسەڵاتان بوو تا شاعیر بەخشش و سیلەیەک کە بەگوێنی شیعرەکە وەری ئەگرێ خۆی پێ بەخێو کات؛ بەڵام ئەمڕۆ شیعر بۆتە چەکێک کە ئەکرێ سێدارەیەکی بۆ خنکاندنی دوژمن لێ ساز بکەی. ئیتر شیعری پێھەڵکوتن باوی نەماوە. لە بەر ئەمە ئەڵێن شیعری کۆن و شیعری نوێ؛ بەڵام بەلای منەوە ئەگەر شاعیرێک بتوانێ لە قالبی عەرووزیشا واتە و مەفھوومێکی ئەمڕۆیی دەربڕێ، شیعرەکەی نوێیە و کۆنی قالب نابێتە ھۆی کۆنی شیعرەکەی. کە وەھا بوو بۆ چ شیعری نوێ زۆرتر لە قالبی نوێ ئەخرێ؟

شاعیران لایان وایە خۆ بەقافیە و کورت و درێژی دوو نیوە شیعر و ڕەوی و ڕەدیفەوە خەریک کردن ڕێگایان نادا بیر لە کاکڵەی شیعرەکە بکەنەوە و لە قالبی ئازاددا باشتر سەر ئەکەون.

وەڵامی پرسیاری دووھەمیشتان ئەمەیە:

بەڵێ ئەتوانین بڵێین ئیماژ کە وشەیەکی بێگانەیە، لەگەڵ ئیستعارە کە ئەویش ھەر وشەیەکی بێگانەیە - بەڵام زۆرتر بیستراوە - ھەر یەک مانایان ھەیە؛ بەڵام وردەیەک جیاوازیشیان لە نێوانا بەر چاو ئەکەوێ. ئیستعارە لە شیعری قەدیما زۆر زوو ئەناسراوە، بۆ نموونە نێرگس ئیستعارە بوو بۆ چاوی کەژاڵ، سەرو - کە بەکوردی ئەبێتە سەوڵ - ئیستعارە بوو بۆ بەژن و باڵا. بەڵام ئیماژ زیاتر شەخسی و تەکییە و ھەر شاعیرە بۆ خۆی ئیماژێکی ھەیە. ھەڵبەت ئیماژی واش ھەیە کە ھەموو شاعیرێک یا زۆربەی شاعیرانی نوێ بێژ کەڵکی لێ وەرئەگرن. دوو نموونە ئەخەینە بەرچاو کە شار کراوە بەئیماژی سفەت و بێ بەزەیەتی و پارەپارێزی و نزمی خوو و ڕەوشت. شاعیرێک کاتێ قسە لەگەڵ مەعشووقەکەیا ئەکا ئەڵێ:

تەواری بەسامی کەژی کوردەواری
بەجوانی دلێر و بەنازی کەنیشکانە تێر و تەیاری
دەسا بەشقی خوا بەس کە تاوێ
بە کەولەنجە شێت و چەواشەم مەکە
دەمێ لێم گەڕێ
سەرنجم دەمێکە
زوڵاڵی نەماوی چەپەڵگای ھەراسانکەری گەورە شارە
بڵا با لە چاوی گەش و روونی دوو چاوی شینت
کە ھەر وەک زرێباری بەر تاووساوی بەیانە
مەلەی دەم!

شاعیرێکی تریش ھەر لەو کاتەدا کە دەردەدڵی خۆی بەلای دڵبەرەکەیەوە ئەکا، ئەڵێ:

گوڵم دەڵێم بڕۆم لە شارەکەت
لە شاری چاو لە بەر چرای نێئۆن شەوارەکەت
ھیوادارم کاک وەفا وەڵامەکانی گوێ لێ بووبێ و پەسندی کردبێ. تا حەوتەی داھاتوو بە خوای گەورەتان ئەسپێرین.

پەراوێز edit