ئاڵەکۆک

سوارە ئیلخانیزادە add_a_photo
سوارە تاپۆ و بوومەلێڵ
٢٩. گەڕانەوە
ھەرکە چاوی بەڕووناکایی حەوشی نەخۆشخانە کەوت ھەتاوێک لە دڵیا ھەڵات. وەک فانووسێک کە ھەڵیکەی و پڕشنگی گڕەکەی بکەوێتە سەر شووشەکەی. ھەتاوێک بەسەر حەوشی نەخۆشخانەکەدا پان ببۆوە و شەونمی لەسەر چیمەنەکەی بەتامەزرۆیی ھەڵئەمژی. لە بەرچاوی ھۆمەر ھەموو وڵات ئەتکوت دەمێکە و بەزەردەیەک کراوەتەوە. لە حەوشی نەخۆشخانەکە تێپەڕی و پێی نا ناو شەقامەوە. پاش شەش مانگ بێ دەنگی خەستەخانە و نیوە نووزەی نەخۆش و چرپەی بەئەسپایی نەخۆشەوانەکان، ھەرای ناو شەقام بۆ گوێی ھۆمەر لاوێنەرەوە بوو، چونکە نیشانەی ژیان و کار و زیندووبوون بوو. ماوەیەک لە بەردەرگا وێستا. چەن جار ئاوڕی داوە بۆ حەوشی نەخۆشخانە و چەن نەخۆشی دی بەبەرگی سپی نەخۆشخانەوە خۆیان لەبەر ھەتاو ھەڵخستبوو. بەپێکەنینێک و دەس ڕاوەشاندنێک ماڵاوایی لێ کردن؛ پاشان لە ناو ھاتوچۆکەرانی شەقاما گوم بوو.

ھۆمەر بێ ئەوە بزانێ بۆ کوێ ئەچێ لەم کۆڵانەوە بۆ ئەو کۆڵان، لەم شەقامەوە بۆ شەقامێکی تر پیاسەی کرد و ھەموو دووکانێکی شار سەرنجی ڕاکێشا، چەند جار بێ ئەوە بڕوانێتە چرای سوور پێی نا ناو شەقامەوە و لێخوڕەکان قسەی سووکیان پێ کوت. ھۆمەر لای سەیر بوو کە ئەمانە بۆچ جنێو ئەدەن. ھەرچی ئەیکرد نەیئەتوانی ھۆیەک بۆ ئەم ھەموو پەلەیە بدۆزێتەوە. وەک شارەمێروو خەڵک ئەھات و ئەچوو و کەس کەسی نەدەناسی. لەپڕ تاسەی ئاوایییەکەیان وەک تەڵخەک کەوتە سەر دڵی؛ پێی شل بوو و بازی بەھەڵپەی نیگای کە ھەموو لایەکی ئەپشکنی، گەڕایەوە بۆ ھێلانەی دەروونی. شانی لە شانی چەن کەس دا و چەن جار بەتووڕەیییەوە پێیان کوت: بەر پێت تەماشا کە، مەگەر کوێری؟! بەڵام ھۆمەر ھەر بەلەش لە شارا مابوو، بەگیان و دڵ گەڕابۆوە دێ. لە کەناری مەیدانێکی گەورە کە لە ناوەڕاستەکەیا پەیکەرەی پیاوێکی مەزن لە بەرد دروست کرابوو، چاوی بەتاقمێک کەوت کە بەجلوبەرگەکەیانا لە خەڵکی دێھات ئەچوون. گەنج و پیر و مناڵ ھەموو لەبەر بەڕۆچکا دانیشتبوون. یەک خەریکی قەننەکێشان بوو، یەک بەتاسەوە لەنجەولاری ئافرەتێکی گرتبووە بەر ڕوانین و یەکی تر خەونووچکە ئەیبردەوە و زەنگن و پێمەڕەکەی لە لای دەستیا دانابوو. ھۆمەر ھەستی کرد لەو تاقمە نزیکترە تا ئەو شارییانە کە جنێو ئەدەن، بێھوودە پەلەیانە و یەکتر ناناسن. ھێندەی پێ نەچوو کە ھۆمەریش یەکێک بوو لەو کۆڕە.

ھۆمەر لە ژێر چاوەوە لە جلوبەرگی ئەو ھەژارانە ورد بۆوە. کوردی نەبوو، بەڵام ھێشتا لە بەرگی کوردی نزیکتر بوو تا بەرگی فەڕەنگی. خەڵکی شار زمانیشیان کوردی نەبوو، بەڵام ھۆمەر ئەیزانی ئەڵێن چی، چونکە زۆر وشەی کوردی لە زمانەکەیانا ھەبوو. ویستی لەگەڵ گەنجێکا کە لە پاڵ دەستیەوە دانیشتبوو و کۆتێکی کۆنی ئاتەگ درێژی لەسەر بەرگی دێھاتییەوە کردبووە بەری قسە بکا، بەڵام گەنجەکە ھەر خەریکی ڕوانینی ئافرەتەکانی شار بوو. تا یەکیان لە دوورەوە ئەھات نیگای ئەو گەنجە وەک ھەنگ بەسەر سینگ و کەمەر و دەموچاویەوە ئەنیشت و تا لە بەرچاو گوم نەبوایە دەستی ھەڵنەدەگرت. ھۆمەر ناچار کوشمەی کرد و بێ دەنگ بوو. لە خەیاڵا گەڕایەوە بۆ ئاوایییەکەیان. ھاتەوە بیری کە شەش مانگ پێشتر لە کاتێکا خەریکی بەفرماڵینی سەربانی خۆیان بوو کەوتە خوارەوە و ڕانی شکا. ئەو شەوە ساردانەی ھاتەوە بیر کە تاوتێی برینداری بڕستی لێ بڕیبوو، بەچەشنێ کە خێزانی ئەیکوت حەوتەیەک لەسەریەک شەو تا بەیان وڕێنەی کردبوو. خێزانی ئەیکوت کە وڕێنەکانی ئەوەندە کوفر بوون کە لەوانە بوو بەرد ببارێ! بەڵام خوا بەزەیی پێیاندا ھاتبوو و تەنیا تەرزەی بەئەندازەی سەرە چۆلەکەیەکی باراندبوو و سەری مناڵەکەیانی شکاندبوو!

ھەودای بیرکردنەوەی ھۆمەر بەدەنگێکی تیژی وەک نووکی مقەست پچڕا و گەڕایەوە ناو ھەرای شار. پیاوێکی چوارشانەی سمێڵ بابڕ چەن گەنجێکی لە ھەژارە دێھاتییەکان بەپێوە ڕاگرتبوو و چەشنی چێودارێکی پسپۆڕ ئەیڕوانییە بەژن و باڵا و دەست و مەچەک و شان و باھۆیان. ئەتکوت خەریکە بیانکڕێ. گەنجەکانیش بێ دەنگ ھەر کام بەپاچێک، پێمەڕەیەک، یا زەنگن و قوڵینگێکەوە ڕاوەستا بوون و چاوەڕوان بوون بزانن کابرا کامیان ھەڵئەبژێرێ بۆ کار. کابرا ھاتە سەر سەری ھۆمەریش، ماوەیەک تەماشای بەرگە کوردییەکەی کرد و بەپێکەنینەوە شتێکی کوت کە ھۆمەر تێی نەگەیشت؛ پاشان چەن کەسی لەوانی تر ھەڵاوارد و خۆی کەوتە پێشیان و ڕۆیشتن. ھۆمەر لە پیرەپیاوێکی کە خەریکی تەکاندنی خۆڵەمێشی سەبیلەکەی بوو پرسی: «ئەمانە بۆ کوێ چوون؟»

وا دیاربوو ھەژاری ئەو ھێزەی ھەیە کە ئەوان لە زمانی یەک تێبگەیەنێ. پیاوە پیرەکە لە وەڵاما کوتی: «کار!» پاشان دەستی بەزگیەوە گرت. وا دەرئەکەوت برسیەتی. ھۆمەر لە کیفە کۆنەکەی چەند ئەسکیناسی کۆنی دەرھێنا و کوتی: «من دراوم ھەیە، بەڵام نازانم نان لە کوێ دەس ئەکەوێ.» کابرا پیرە بێ ئەوە لای وابێ پێویستە سپاسێک بکا، کەمێک لە دراوەکەی وەرگرت و پاش چەند وردەیەک ھەر دەستی بەھەڵپە بوو ئەکشا بەرەو نانی گەرمە تەنوور.

ھۆمەر لە ئوتوبووسێکی شەق و شڕا کە بەرەو موکریان ئەچوو سەری بەسەر سینگیا شۆڕ ببۆوە. لەسەر خوانی شەکەتی بەخەوێکی خۆش میوانداری کرابوو. خەوێکی خۆش و پڕ لە خەونی خۆش. خەونی ئەمە کە جارێکی تریش خەڵکی ئاوایییەکەی ئەبینێتەوە، لەگەڵ خێزانیا لەسەر ئاوری نزیک لە دامرکان بەحەو جۆشی ڕەش و کتری تەنەکە چای تازەدەم ئەخۆنەوە، دیسانەوە خێزانی ئەڵێ، پیاوەکە ناشکوری مەکە خوا بۆ ئێمەش گەورەیە و ئەویش وەڵامی ئەم قسانە تەنیا بەبزەیەکی پڕ مانا ئەداتەوە.
تا حەوتەی داھاتوو بەخواتان ئەسپێرین

پەراوێز edit