ئاڵەکۆک

سوارە ئیلخانیزادە add_a_photo
سوارە تاپۆ و بوومەلێڵ
٢٠. ئەسکەندەر شاخی ھەیە
پیاوێکی نزیک بە سی ساڵەی نە کورت و نە درێژ بوو. سمێڵێکی خورمایی و دەم و لێوێکی جوانی بوو. ڕانک و چۆغەیەکی کۆن بەڵام خاوێن، ئەندامی ڕێکی دائەپۆشی. سێ چوار گەز پشتێنی پەشمینەی گوڵ ورد نێوقەدی باریکی ئەبردە ڕێکی کەلەکەی. جامانەیەکی ڕەش و سپی لە سەر ئەبەست و لکێکی بەرئەداوە سەر کەوای مرادخانی. ھەتا دیبووم ھەر بەم بەرگانەوە دیبووم، بەڵام ھەمیشە لام وابوو ھەر ئێستە گۆڕیویەتی. خەڵک ئەیانکوت نەدوێنە، بەڵام ئەو ڕۆژە کە من چاوم پێی کەوت زۆر گەرموگوڕ چاک و خۆشی لەگەڵ کردم. زۆر ئادەمیزادی وا ھەیە کە بەڕواڵەت خۆ بەزل زان و خۆ لە لا زۆر دێتە بەرچاو، بەڵام کاتێ لەگەڵ دووای پەشیمان ئەبیتەوە کە بۆچ لە ھەوەڵەوە وات گومان بردووە. ناوی، کەم کەس ئەیزانی. ڕاستییەکەی ئەمەیە کە خەڵکی ئاوایییەکە لەو پەردەی ڕازە کە ئەو بەسەر خۆیا کێشا بوو، ئەترسان. ھەموو کەس باسی ئەکرد، بەڵام ھەمیشە وەک باسی شتێکی نھێنی بکەن، بەچپە ئەدوان. ھەموو شتێکی شاراوەی نەناسراوە، لەگەڵ ئەوەشا کە پیاو ئەکێشێ و کەڵکەڵەی ھان ئەدا ئەشیترسێنێ. چەشنی شەوێک کە لە بەرچاوی مناڵ پڕە لە جنۆکە و خێو.

ئەو ڕۆژە کە من قسەم لەگەڵیا کرد لە پەنا سێبەری مزگەوتا دانیشتبوو. بەربەیانێکی کەمێک ساردی پاییز بوو. بارانی دوێشەو گەڵای زەردی ڕیزە چنارەکەی نزیک مزگەوتی وەراندبوو. بایەکی نەرمی ئاماڵ سارد، گەڵای زەردی خەزەڵوەری ئەلەراندەوە، بەڵام نەیئەتوانی لە زەوی بەرزیان کاتەوە، چونکە بارانی دوێشەو تەڕی کردبوون و مڵاسی زەوی ببوون. گەڵاکان خشە و خشپەیان نەدەھات، بەڵام بەفووی ساردی دەمی با نیوە نووزەیەکی بەعاستەمیان لێ ھەڵدەستا. وەک ئەوە ئەچوو تۆ لە دەری دێوە لە سێباری شەوا، گوێت لە دەنگی بەئاسپایی ئاوایی خەواڵوو گرتبێ و ناڵەی نێوان دار و پچڕ پچڕی کچێکی تازە ساڵت بێتە گوێ کە خەونێکی ناخۆش ئازاری ئەدا.

سڵاوم کرد و بێ ئەوە چاوەڕوانی وەڵامی بم لەسەر تاتەبەردی پەنایا دانیشتم و کوتم: «کوتوپڕ ساردی کرد.» سەری ھەڵێنا و گەشەیەک کەوتە سەر چاوی. گەشەیەکی تیژ تێپەڕ و بێ باوەڕ، وەک ئەستێرەیەک کە راخوشێ و بکوژێتەوە. وا دیار بوو ھەستی کردووە لەم ئاوایییەدا زۆر خۆشەویست نییە و بەلایەوە سەیر بوو کە من وا بێ ترس لە پەنایا دانیشتووم. کوتی: «ھەمیشە ھەروا بووە، ھێرشی کوتوپڕ! بێ ئەوە ئاگامان لە دەرد و مەرگی خۆمان ھەبێ، تاوێری زەمان بەسەرمانا دێ و ئەمانھاڕێ.» سەیرم کرد دەسرەدەستەکەی لە ناو دەستی بەھێزیا وەھا ئەکوشێ لەوانەیە دەسرەکە بدڕێ. ئەتکوت ئەیەوێ ھەموو ڕقی خۆی بکا بەھێز و بیدا بەپەنجەی دەستی و بیڕێژێتە ناو دەسرەکەیەوە. نیگای وەک بازی برسی ھەڵفڕی بۆ دوورەدەستێکی گوم و نادیار. ڕەنگێکی خۆڵەمێشی گلێنەی چاوی داگرت. ئەتگوت ساڵھایە ئەو گلێنانە بوون بەدوو شووشەی گردی بێ بزووتنەوە. لەبەر خۆیەوە گوتی: «دە ساڵ!» دە ساڵ خەم کووڕی کردبوو. دەستی بەپشتیەوە گرت و کەمێک خۆی ڕاست کردەوە. - «دەردێکی گەورەیە، بەڵام دەرکی ئادەمیزاد شێوەی کەوڵێکی بچووکی ھەیە و ھەزار دەریا خەم ئەبا.» کوتم: «باسی خەم ئەکەی. لات وا نییە ئەگەر بیدرکێنی خەمەکەت لەسەر سووک بێ؟» کوتی: «نەزیلەی ئەسکەندەر و شاخێتی.» کوتم: «نەمبیستووە» کوتی: «ئەڵێن ئەسکەندەر شاخی ھەبوو. ھەر سەرتاشێک سەری ئەتاشی بەم ڕازەی ئەزانی؛ بەڵام ھەموویان بەدەستووری ئەسکەندەر ئەکوژران. تا یەکێک لەو سەرتاشانە کە خزمی سەربڕی ئەسکەندەر بوو بەڕەڵا کرا. سەرتاش بەنھێنی ئەژیا و نەشیئەتوانی ڕازی ئەسکەندەر بدرکێنێ، تا تووشی نەخۆشی ھات. حەکیمان پێیان کوت، تۆ ڕازێکت ھەیە و لە دڵتا بۆتە گرێ. ئەگەر ڕازەکە دەرخەی ڕزگار ئەبی. سەرتاش ناچار چووە قامیشەڵانێکەوە و لەوێ چەند جار لە ژێر لێوەوە کوتی: «ئەسکەندەر شاخی ھەیە.» «با» ئەم دەنگەی کرد بەگەرووی زەل و قامیشەکانا. ھەر کات «با» ئەھات یا ھەر کات زەلێکی ئەو قامیشەڵانە ئەکرا بەبلوێر و بلوێرژەن فووی پیا ئەکرد، ئەم دەنگە لە گەرووی قامیشەکان ھەڵدەستا: «ئەسکەندەر شاخی ھەیە.»

بێ دەنگ بوو. دیسان چاوی بڕییەوە کەلی ئەوپەڕی ئاوایییەکە. ڕۆژ تەواو گەرمی کردبوو. ھەڵمی زەوی تەڕ وەک دووکەڵی نێرگەلەی پیرە پیاوێکی دێھاتی بەرەو ھەوا ھەڵئەچوو. کوتم: «کابرای سەرتاش چی بەسەرھات؟ پاش درکاندنی ڕازەکە نەخۆشییەکەی لە کۆڵ بۆوە؟» کوتی: «ئەزانم ئەڵێی چی. ئەسکەندەر شاخی ھەبێ یا نەیبێ گرنگ نییە، گرنگ ئەمەیە گوێی نەبێ.» سەرم سوڕما بوو. نەمئەزانی ئەڵێ چی و لەپڕ ھەستم کرد منیش وەک ھەموو خەڵکی ئاوایییەکە لێی ئەترسم. ئەم کابرا گەنجە بەم ئەندامە ڕێک و جوانەوە، چی وەھا لە لەش و گیانیا ھەبوو کە بۆ لێ ترسان بشێ؟

دیسانەوە دەنگی خەمبار و پیاوانەی کە زۆر لە تەمەنی پیرتر دیاری ئەدا ھاتەوە بەر گوێم: «بەڵێ ئەکرێ ئەسکەندەر شاخی ھەبێ، بەڵام ئەگەر گوێی لە حاند ناڵەی دەردەداران کەڕ و نەبیست بێ...»

قسەکەی تەواو نەکرد، دەستی بەئەژنۆیەوە گرت و ھەستا. چاوی لە چاوم بڕی، وەک ئەمە بیەوێ سپاسم بکا کە بۆ ماوەیەک لە تەنیایی دەرمھێناوە؛ بەڵام بەزار ھیچی نەکوت. سەری بەرداوە و ڕێگای گرتە بەر. لە پشتەوە لە پیاوێکی زورھانی لە کار کەوتوو ئەچوو. ئەتکوت سەری بەزۆر بۆ ڕائەگیرێ کە شۆڕ نەبێتەوە سەر سینەی. بێ ئەوە بزانم مەبەست چ بوو لەبەر خۆمەوە کوتم: «دە ساڵ! دە ساڵ خەم و دەرد! ماڵی ئادەمیزاد شێوەی کەوڵێکی بچووکی ھەیە و دەریایەک خەم ئەبا.»
تا حەوتەی داھاتوو خواتان لەگەڵ
١٩٧٢/١١/٠١

پەراوێز edit