ئاڵەکۆک

سوارە ئیلخانیزادە add_a_photo
سوارە لاس و خەزاڵ
٦. بەشی ٥
لاس سەری ھەڵگرت و ڕۆیی، ڕووی کردە ھەرێمێکی کوێستان کە زۆر لە باڵەکایەتی دوور بوو، کاتێ گەیشتە وێ تەماشای کرد کە بێری خەریکی مەڕ دۆشینن وە پیاوێک کە وا دەرئەکەوێ گەورەی خێڵەکە بێ لەگەڵ دەست و پێوەندەکانی ڕاوەستابوو.

- کوڕینە من ئەو لاوەم لێرە نەدیبوو! ؟ لام وایە ئاپورە بێ، ئەبێ بانگی کەن بزانم کاری چییە، بانگی کەن!

- ئەھای کوڕە وەرە ئێرە خان کاری پێتە.

- سەلام قوربان

- سەلام کوڕم سەلام، بڵێ بزانم خەڵکی کوێی؟ کارت چییە لێرە؟

- قوربان گەنجێکی غەریبم، لە کار ئەگەڕێم، کەمێکیشم خوێندووە.

- ئەھا... زۆر باشە کوڕم، ئەمن ڕات دەگرم ئەتکەم بە میرزای خۆم.

- خودا ڕاوەستاوت کا گەورەم.

- کە وەھایە ھەر ئێستا بڕۆ سەر کار بڕۆ... ڕاستی بڵێ بزانم ناوت چییە؟

- ناوم لاسە قوربان.

- لاس؟ زۆرباشە.

- بڵێ بزانم خەڵکی کوێی؟

- خەڵکی باڵەکایەتیم گەورەم.

- کە وەھایە ئەحمەد خانی مەزن ئەناسی! ؟

لام وایە تۆش بە شانازی لاسی کوڕی ئەحمەد خانەوە ناویان ناوی لاس... بەڵێ؟ بەڵێ قوربان

- زۆرباشە، زۆرباشە، باشە ھەر ئێستا بڕۆ سەر کارت، خەریکی کارت بە بڕۆ.

- بەسەرچاو گەورەم.
***

- دایە ئەتۆ ئەو کوڕەت دیوە کە تازە بۆتە میرزای باوکم! ؟

- بەڵێ کچم دیومە، لاوێکی یەکجار جوان و باڵا بەرز و پێکەوتووە.

- من زۆر تاریفی لاسی باڵەکایەتم بیستووە بەڵام باوەڕ ناکەم ئەویش لە جوانییا بگاتە ئەم لاوە، بەھەڵکەوت ناویشی لاسە دایەگیان، و خەڵکی باڵەکایەتیشە.

- کچم تۆ خۆت ئەزانی من ھەمیشە مەحرەمی نەھێنی تۆ بووم، تۆ لە باوەش مندا پەروەردە کراوی، جگە لەوەش من خزمەتکاری بنەماڵەی ئێوەم ھەڵبەت نامەوێ تۆ نارەحەت بی بەڵام کچم وام ھەست کردووە دڵت داوە بەم لاوە.

- مەگەر ئیرادێکی ھەیە دایە! ؟

- ئەرێ کچم، تۆ کیژی خانی، و ئەو کوڕێکی ھەژار و بێخانەدانە، ئێوە بۆ یەک نابن، و باوکت ھەرگیز ڕازی نابێ تۆ بدا بەو کوڕە.

- دایە دڵی ئەوینداری کەی لەم شتانە دەفکرێ، باشتر نییە لە باتی ئەوەی ئامۆژگاریم کەی، کارێ بکەی لاس لە ئەوینی من ئاگادار بێ.

- ئاگات لە خۆت بێ کچم، تۆ خەریکی کارێک ئەکەی کە ھەم سەری ئەو و ھەم ئابڕووی بنەماڵەکەتی تێدا دەچێ.

- دایە گوتم کە من بە فەرمانی دڵم ئەجوڵێمەوە و لە ھیچ کەسێکیش باکم نییە.

- زۆر باشە کچم بزانم چم لەدەست دێ.
***

- سەلام میرزا، ئەوە لێرە چی ئەکەی؟

- ئەھ ئەوە تۆی دایە، ؟ دە فەرموو دانیشە فەرموو، خەریکی خوێندنەوەی لەیل و مەجنون بووم.

- من ئەو بەسەرھاتەم بیستووە، و کاتێ کە خەزاڵ مناڵ بوو ھەموو شەوێ ئەم داستانەم بۆ ئەگوت تا خەوی لێ دەکەوت.

- ئاخ... ھ... خەزاڵ... خەزاڵ... شازادەی جوانی

- چییە میرزا وا دیارە ڕەنگت ھەڵبزرکا؟

- ئۆھ نا... نا دایە شتێک نییە، وەرە دانیشە با بۆت بگێڕمەوە کە لەیل و مەجنون چۆن ئاشقی یەکتر بوون.

- ھا ئەوە دانیشتم دەی جا فەرموو!

- کوڕێکی عەرەب بوو بە ناوی قەیس لە خێڵی عامر. زۆر بەدەسەڵات بوو لاو چاک بوو... لەو کاتەوە کە لاس ڕۆیی، ٥ ساڵ تێ ئەپەڕێ ھەموو لە دۆزینەوەی لاس ھیوا بڕاو بوون: برا چکۆلەکەی لاس کە ناوی ھەباس بوو تێگەیشت خووڕەوشتی تەواو وەک باوکی ئەحمەد خانە، بەھێزو بێ بەزەیی و پیاوی شەڕ و مەیدان لەو ماوەیدا شەمی خێزانی ئەحمەدخان نەخۆش کەوتووە کە خانی داوا کردوە پێش مەرگی زەماوەندێک بۆ ھەباس ڕێک بخا.

ئەحمەد خان پیاوی بەھەموو لایەکا ناردووە، لە ئاکاما خەزاڵی کچی ئەو. خانەی پێ باش بووە کە لاس بە نۆکەریی لەلایەتی... خان و ھەباس و دەست و پێوەندێکی زۆر ساز بوون بچن خەزاڵ دیاری کەن...

- زۆر بەخێر ھاتن... سەر فەرازت کردم، من بچووکی تۆم قوربان، فەرمانت لەسەر سەرمە.

- تۆ برای منی خان، سپاست دەکەم ئەم چەند ڕۆژە میواندارێکی باشت کرد، بەڵام پێم خۆشە بزانی من بۆچ ھاتووم! ؟

- ماڵی بچووکی خۆتە گەورەم، ئەمر کە فەرموو.

- ھەباسی کوڕم کاتی ژن ھێنانیەتی، کوڕێکی باشیشە ئەمەوێ بە بچووکی خۆتی قەبووڵ کەی و خەزاڵی کچتی بدەیەی.

- سەروەر زادەی منە قوربان، بۆ من شانازییە کە کوڕی خانی مەزن بەکچی من ڕازی بێ.

- زۆر مەبارەکە، زۆر مەبارەکە، کە وەھایە ھەباس بڕۆ دەستی خەزوورت ماچ کە.

- بەسەرچاو قوربان...

- ھا... پیرۆزبێ، پیرۆز بێ

-... تق... تق...

- لاس قەی ناکا وەرە ژوورێ.

- مەبارەکت بێ خەزاڵ.

- مەبەستت چییە لاس! ؟ من شتێکی تازەم نەکڕیوە.

- نا شتێکی تازەت نەکڕیوە، بە مێردێکی تازە فرۆشراوی.

- ئەم قسانە چییە لاس! ؟ مەگەر لە بیرت چۆتەوە من و تۆ پەیمانمان بەستووە! ؟

- ئەمەوێ دڵنیابم گیانەکەم پێم بڵێ بزانم تۆ منی ھەژاری نۆکەری باوکت ھەڵئەبژێری یان کوڕی خانی مەزنی باوکت... ھا! ؟

- من کارم بەسەر ئەمەوە نییە کە ئەو کوڕە کێیە؟ و باوکیشم کێی پێ خۆشە، چونکە لە پێشا بەڵێنم داوە بە تۆ، مەگەر دڵ ئەکرێ بەچەند کوتەوە لاس؟

- با ڕاکەین خەزاڵ، لێرە بڕۆین، بچینە شوێنێک کەس نەمان ناسێ.

- ڕاکەین؟ ئاخر بۆ کوێ مەگەر ئەگونجێ؟

- ئۆھ... نا... نا گیانەکەم، من نازانم ئەڵێم چی لێم ببوورە.

- ئەگەر تۆ پێت خۆشە، من قسێکم نییە، ئامادەم بۆ ھەر کوێ بڵێی لەگەڵت بێم.

- نا خەزاڵ نا، باشترە چاوەڕێ بین بزانین چی پێش دێ جارێ بە دوعا گیانەکەم...

- بەدوعا لاس...
***

- ئاخ، تا ئێستا کێ گیری وای کردووە؟ براکەم بۆتە بەرھەڵستم، بەڵام ئەو چووزانێ، وا دیارە من بە ھیچ بارێکا ڕاحەتیم نییە، ئەمەش نەھاتێکی تر... ئەھ... ئەو پیاوە منی دی، ئەگەر بزانێ لە ھۆدەکەی خەزاڵ دێمە دەرێ کارەکە بە تەواوی خراپ دەبێ با خۆم بشارمەوە...

- ئەو پیاوە کێ بوو! ؟ من بە چاوی خۆم دیم لە ھۆدەکەی کچی خان ھاتە دەرەوە... بۆ کوێ چوو ئەبێ بگەڕێم و بیدۆزمەوە...

- ئەی خۆ ئەوە پیاوەکەی باوکمە خەریکە بمدۆزێتەوە... باشترە بە مستێک بێ ھۆشی کەم با کەمێکی تریش بێتە پێشەوە... ئاھ ئەو جار چاکە.

... بمبوورە ناچاربووم... ئێستا چی بکەم! ؟ باشترە بە کۆڵ خۆمی دادەم و بیبەمە ھۆدەکەی خۆم ھەتا دێتەوە سەرەخۆ...

- ئاخ... ئاخ من بۆ لەم ھۆدەیەم! ؟

- تۆ لەلای منی عەزیز.

- تۆ قوربان، تۆ! ؟ تۆ لێرە چی ئەکەی؟ ئەی خودایە زۆر شوکر کە چاوم بە تۆ کەوتەوە.

- س س ست، ھێواش تر عەزیز بەسەر ھاتی من زۆرە، ئێستا ھەمووت بۆ دەگێڕمەوە، گوێ ڕاگرە! کاتێ من لە باڵەکایەتی وەدەرکەوتم...
***

- بیستوومە لاوێک لە باڵەکایەتییەوە ھاتۆتە لات و ناوی لاسە. ئەمە ڕاستە! ؟

- بەڵێ سەروەرم، بەڵێ، کوڕێکی یەکجار باشە من ڕامگرتووە کردوومە بە میرزای خۆم.

- ئۆخ خودایە بڵێی ئەمە لاسی کوڕی من بێ.

- خان پێم خۆشە بیبینم، لام وایە ئەبێ لە دایک و باوکی تۆرابێ.

- قوربان بە چەشنی خۆی ئەڵێ، دایک و باوکی مردوون، ھیچ کەسی تریشی نییە.

- ئەھا...

- من دیومە گەورەم، لاوێکی لاواز و بێ دەنگە لام واش نییە خەڵکی ئەو باڵەکایەتییەش بێ، چونکە من نەمناسییەوە.

- ئاھ ئەو ھیوایەشم بە ھیچ دەرچوو، زۆر باشە، زۆر باشە عەزیز کەوایە قەیدی نییە.

- «باش بوو بانگی نەکرد، دەنا لاس وای دەزانی من ڕاستیم پێ گوتووە».

- قوربان گەنجەکان ئەیانەوێ بچن بۆ ڕاو، ھەباسیش ئامادەیە، ئایا ماوە ئەفەرموون! ؟

- ھەڵبەت ھەڵبەت خان، بۆ لاوەکان ھیچ شتێ لە ھەڵپەڕکێ و ڕاو خۆشتر نییە.

- سپاس میرم کە وەھایە کوڕینە سواربن بابڕۆین.
***

- ئەھای کوڕینە ڕاو بەسە ئیتر بەرەو ماڵ ئەبینەوە ئەگەڕێینەوە بۆ ماڵ، بەڵام نا... نا ڕاوەستن بزانم ئەو کابرایە کێیە کە ئەو گوڵە کێوییانە ئەچنێ و چەپکە چەپکەیان ئەکا... ئەھا کوڕە وەرە بزانم ئەو گوڵانەت بۆچییە؟ وەرە بزانم.

- خودایە ھەباس چەند گەورە بووە، بۆتە پیاو، بڕوانە ھەروەک باوکم فەرمان ئەدا، بەڵام خوا بکا بەم چەشنەی کە من خۆم گۆڕیوە نەمناسێتەوە.

- ھای لەگەڵ تۆمە کوڕە... وەرە ئێرە مەگەر کەڕی؟ ... بڵێ بزانم ناوت چییە؟

- ناوم لاسە گەورەم.

- ھا... ھ... بێ جات کرد کە ناوت لاسە، لاس تەنیا لاسە شۆڕی باڵەکییە، ئەویش برای منە.

- بۆ من شانازییە کە ھاوناوی برای ئێوە بم.

- ئەم... ئەو گوڵانەت بۆ چییە؟

- گەورەم دەیبەمەوە بۆ دەزگیرانم.

- ھا... ھ؛ گوێتان لێیە کوڕینە، ئەمەش دەزگیرانی ھەیە... ھا... ھا بڵێ بزانم دەزگیرانەکەت ناوی چییە! ؟

- «ئەو کوڕە بۆ وا بێ ئەدەب بووە کاتێ من ھاتم وانە بوو».

- بۆچ لاڵ بووی؟ پرسیم ناوی چییە؟

- ئۆ... ناوی خەزاڵە گەورەم.

- ئوھ- خودایە کارەکە خەریکە خرا دەبێ.

- ھ... گوتت ناوی خەزاڵ! ؟ خەزاڵ ناوی دەزگیرانی منە.

- گەورەم ناو ھەمووی ئی ئادەمیزادن، بە بەژنی کەسێکی تایبەت...

- ھا... دەمت ببەستە چەپەڵ، ھای کوڕینە وەرن، وەرن خێراکەن لەبەر چاوم گومی کەن لێی بدەن کوڕینە.
***

- گەورەم، من ئامادەم ڕووبەندێک بە ڕووما دادەم و دەچمە مەیدان.

- ڕووبەندت بۆچییە کوڕم؟

- قوربان نامەوێ بمناسن، ئەڵێم نەکا خانی مەزن پێی ناخۆش بێ نۆکەرێکی تۆ دەچتە مەیدانی کوڕەکەی.

- بەڵام کوڕم ئاگات لە خۆت بێ، ھەباس ھەم پاڵەوانە ھەم زۆر بێ بەزەیییە، ڕاستە ئەمە بۆ تاقیکردنەوەیە، بەڵام ئەگەر ڕقی ھەستێ لەوانەیە بتکوژێ.

- دڵنیابە گەورەم. ئاگام لە خۆمە، دەی جا ئەگەر ماوە بفەرمووی من بڕۆم.

- خوا ئاگادارت بێ بڕۆ

- ھا کێ ھەیە لەگەڵ من دەست و پەنجەیەک نەرم کا؟ کەس نییە؟

- من ئامادەم، ئەوەش شمشیرەکەم.

- ھا... ھ... ھا... مەگەر تۆ دزی کە خۆت لە ژێر ئەم ڕووبەندەدا شاردۆتەوە؟ ھا...

- دەمت ببەستە و باسکت بخەکار، ھێندەش پێ مەکەنە ئەترسم لەدواییدا بگری!

- ئۆھ زۆر بەخۆت دەنازی، بەم ڕووبەندەتەوە ھاتوویەتە مەیدانی من! خۆت بگرە بۆ شمشیرەکەی من... ھا... وەرە بزانم...

- ھا... من نامەوێ بریندارت کەم...

- تۆ منت شکست دا، ھا بمکوژە

- نا... تۆ برای منی ھەستە... ھەستە من ناتکوژم، ئەمە یارییەکی دۆستانە بوو، بەڵام ئامۆژگاریم ئەوەیە دەست لە خەزاڵ ھەڵگری، ئەمەش شمشیرەکەی من بۆ تۆ...
***

- عەزیز، من دەنگی ئەو پیاوە چارە پۆشراوە کە ھەباسی شکست دا زۆرم بەگوێ ئاشنا ھات، خورپەی خستە دڵمەوە، ئەتگووت دەنگی لاسە شۆڕی کوڕمە، دەست و بوردیشی ھەر لەو ئەچوو.

- چیت عەرزکەم قوربان، لاس شەش ساڵ ئەبێ بێ سەرو شوێنە، باوەڕناکەم ئەو بێ، بەڵام...

- بەڵام چی عەزیز؟ تۆ شتێک لەمن ئەشاریەوە ئەو ڕۆژەش کە ئەو کوڕە لەگەڵ ھەباس شەڕە شمشیریان بوو. تۆ زۆر ئاڵۆز بووی، من باشم ئەزانی کە بیرت بەلایەکی ترەوەیە، تکایە، تکایە عەزیز، ئەبینی کە من تکات لێ ئەکەم، باوکێکی دڵ سووتاو کە ھەرگیز تەنانەت بۆ چارەنووس سەری دانەنواندووە تکات لێ ئەکا، عەزیز تکایە ئەگەر شتێک ئەزانی بەمنی بڵێ! ؟

- قوربان تۆ سەروەری منی... نا... من ناتوانم لە تۆی بشارمەوە، ئەو گەنجە لاوە کوڕی تۆیە.

- ئاخ خودای گەورە، خودای گەورە سپاس بۆ تۆ، سپاس بۆ تۆ خودای گەورە، ئەدی عەزیز بۆچ ئەمەت زووتر بە من نەدەگوت؟ ئێستاش خێراکە بابڕۆین، ئەمەوێ لاس لە باوەش گرم پێی بڵێم کە دایکی لە ڕووی ئەوا چ ڕەنجێکی کێشاوە.

- بەڵام قوبارن شتێکی تریش ھەیە کە ئەبێ پێت بڵێم.

- نا... نا... عەزیز نا... ئێستا کاتی ھیچ قسەیەک نییە زووکە بابڕۆین.
***

دەستت خۆش گیانەکەم، باشت تەمبێ کرد من لە پەنجەرەوە ئاگام لێ بوو.

بەڵام پێم خۆش نەبوو. ئەو گەنجە، بریا ئەم کارە ڕووی نەدەدا.

- تۆ ئەڵێی چی لاس؟ مەگەر ھەر ئەو لاوە بێ شەرمە نەبوو دەستووری دا نۆکەرەکانی دارکاریت کەن؟ تۆ بۆچ دڵت بۆی ئەسووتێ؟

- نازانم گیانەکەم، خۆشم نازانم...

- ھا... تۆ... تۆ لەلای دەزگیرانی من چی ئەکەی! ؟ پیاوی بێ شەرم ھا... ؟

- تووڕە مەبە ھەباس، ئێمە ھەردووکمان ھەین لە خۆی ئەپرسین، لێی دەپرسین بزانین کاممان ھەڵئەبژێرێ؟

- من لاس ھەڵئەبژێرم

- ھەی کچی پەست

- من بەدڵەوە ڕقم لە تۆیە

- بگرە ئەوەش سزای تۆ...

- پیاوی پیاو ھەرگیز خۆی لە ئافرەتی بێ ھێز ناگەینێ بەڵام وادیارە تۆ لە پیاوەتی ھیچ بەشێکت نییە.

- ئێستا تێتئەگەینم کە کێ پیاوە

- ئەبینی کە من شمشیرم پێ نییە و لەگەڵ تۆش نامەوێ بەشەڕ بێم.

- بۆ من فەرقی نییە، ھەر ئەتکوژم... ھا بگرە

- شمشیرەکەت بەر دە دەنا دەستت ورد دەکەم

- بەری نادەم ھەر دەتکوژم

- جارێک بەس نەبوو ھا! ؟

- ھا- ھای دەستم بەر دە... ئاخ

- ئافەرین براکەم ئافەرین ئێستا بووی بە کوڕێکی باش.

- دەست ڕاگرن... دەست ڕاگرن... لاس دەست ڕاگرە.

- ئاخ خودایە باوکمە... عەزیزیشی لەگەڵە وادیارە ھەموو شتێکی پێ گوتووە...

- کاتێکی باشە، ئێستا ئەبێ بەم شمشیرە بیکوژم ھا، بگرە...

- ئاخ... ئاخ... ئاخ

- چیت کرد ماڵ وێران، لاسی برای خۆتت کوشت لەعنەت لە تۆ ھەباس.

- لاس... لاس... لاسی برام... لاس... لاس براگیان...

- کوڕەکەم لاس... چاوت بکەوە من... منم باوکی کڵۆڵت... لاس... ھێشتا تۆ زۆر گەنجی، تکایە لاس جێمان مەھێڵە... بڕوانە لاس... بڕوانە من باوکتم... عەزیز... تەواو بووە

- لاس... لاس چاوت بکەوە...

- پرشنگی ژیان لە چارەیا نەماوە... ئۆف چەندە چارەنووسێکی تاڵ بوو مەرگی برایەک بەدەستی برایەک...

- لاس براکەم لاس... چاوت بکەوە... من تۆم کوشت لاس...
- عەزیز دەستوور بدە بە گوڵاو مەیتەکەی بشۆن.

پەراوێز edit