ئاڵەکۆک

سوارە ئیلخانیزادە add_a_photo
سوارە خەوە بەردینە
٢٠. بۆ مەرگی گۆران
ئیتر لەسەر لێوی بەیان زەردەخەنەی ڕۆژ نابینین
ئیتر لە بێشکەی خەیاڵا، کۆرپەی ئاواتمان نانوێنین
ئیتر «دەنگی نزمی عودێ» لە «جەرگی پەردە» ناتکێ!
ئیتر «تریفەی مانگەشەو»، بە ناخی دڵا نالکێ!
لە جێی «جریوەی دارستان» ناڵەی دڵی کۆست کەوتووە
گۆران خودای شێعری کوردی، لە خاکی ڕەشا خەوتووە!
بە «شنەی سێبەری داری توو» عارەقی ماندوویی ئەسڕین
بەڵام کوڵی دڵی زامار، چاومان پڕ ئەکا لە ئەسرین!
ئیتر نە «ئەستێرەی بەیان»، نە «نەغمەی فریشتەی ئەلحان»
ناتوانێ جەرگی هەڵقرچاو، پڕ کا لە «هەستی سپی و جوان»
نە ڕەوتی بیر بزوێنی کەو، نە «کەروێشکی گورج و قەڵەو»
نە سرتەی دڵدار و دڵبەر، نە سروەی خەیاڵاویی شەو
نە «باڵدارێکی ئێسک سووک»، نە شایی پیرۆزی نۆبووک
نە بزەی بێ ڕەنگی ئازیز، نە دیمەنی گەشی گڵووک
ئیتر هیچیان سپی ناکەن، «کوێن»ی ماتەمی ژینی ڕەش
«کارەبای ئۆخە» و ئارەزوو «ناخەنە بانی ڕەگی لەش»
شەپۆلی «دەریای بێ سنور» لە داوێنی بەستێنا مرد!
مۆنجی پەژارە پەرۆشی قەڵای پڕ هیوای دڵی برد!
خودات لەگەڵ بێ ئەی گۆران! ئەی خودای هەڵبەستی کوردی!
ئەو جار لە دڵمانا زیندووی ئەگەر لەبەر چاومان مردی!
تۆ عاشقی جوانییەک بووی کە شاردراوە و نادیاری بێ
مەفتونی ئەو دنیایە بووی کە پڕ لە سەفا و یاری بێ!
بەڵام ئەو دنیا ڕووناکە، بەو هەستە خاوێن و پاکە!
لە فیکری تۆدا خۆی دەنواند، نەک لە سەر ئەو زەوی و خاکە!
حەیف! نەمای و تەماشا کەی، کوردستان چەند جوان و خۆشە!
ئێستا لە بن «توتڕکی» سوور، وەنەوشە بۆ تۆ پەرۆشە!
ئەوسا کێ بە «سیحری نەغمە» لەگەڵ ڕۆحم سکاڵا کا؟
وشکارووی سووتاوی زەوقم، پڕ گڵی ئاڵ و واڵا کا!
کێ بە زمانی ئاشنای دڵ باش لەگەڵ گیانم بدوێ؟
خۆزگا گوڵی ڕەشی نیسیان لە سەحرای ژیانم بڕوێ!
کاتێ کۆچی زەوق و هونەر لە کێوی ژیان ئاوا بوو
بەهەشتی کوردستان چۆڵ بوو، بەهەشتی خودا ئاوا بوو
بۆکان - ١٩٦٣

پەراوێز edit