ئاڵەکۆک

شێخ ئەحمەدی کۆر add_a_photo
ئەحمەدی کۆر دیوانی شێخ ئەحمەدی کۆر
٥. عیشق کردمی بێ خان‌ومان، بێ مڵک و ماڵی عیشقم ئه‌ز
عیشق کردمی بێ خان‌ومان، بێ مڵک و ماڵی عیشقم ئه‌ز
تاقه‌ت نه‌ما لاڵ بوو زبان، قامه‌ت هیلالی عیشقم ئه‌ز

عیشق کردمی بێ پا وو سه‌ر، بێ مڵک و ماڵی عیشقم ئه‌ز
لاڵ بوو زمان، بیستم خه‌به‌ر، قامه‌ت چوو داڵی عیشقم ئه‌ز

عیشق حاڵان ته‌غییر ده‌کا، شێت و نه‌زانان ژیر ده‌کا
تفڵی دووساڵه‌ پیر ده‌کا، عاشقی جه‌ماڵی عیشقم ئه‌ز

عیشق حاڵان ته‌حویل ده‌کا، جوانان به‌ پیر ته‌بدیل ده‌کا
گه‌ردن‌که‌شان به‌ دیل ده‌کا، ده‌رحاڵ قه‌تتالی عیشقم ئه‌ز

عیشقی له‌تیفی مه‌هوه‌شان، مه‌یلی په‌ری بۆ دڵ‌که‌شان
بێ‌هۆش ده‌کا ساحێب هۆشان، مه‌جنوون میسالی عیشقم ئه‌ز

ئیشقی له‌تیفی دڵبه‌ران، مه‌یلی نیهالی عه‌ڕعه‌ڕان
بێ‌هۆش ده‌کا سه‌وداسه‌ران، مه‌حرووق باڵی عیشقم ئه‌ز

عیشق ناگه‌هان لێم بوو دوچار، ساتێ که‌ دیم قه‌وس و عوزار
سه‌نعان سیفه‌ت بێ ئیختیار، ته‌قوا به‌تاڵی عیشقم ئه‌ز

عیشق عالمان مه‌جهوول ده‌کا، نالاییقان مه‌قبووڵ ده‌کا
ئه‌فگار دڵان مه‌قتووڵ ده‌کا، ده‌ر دڵ خه‌یاڵی عیشقم ئه‌ز

عیشق ده‌ردان شیفا ده‌دا، عیسا نه‌فه‌س سه‌فا ده‌دا
عه‌زمی ڕه‌میم ئیحیا ده‌دا، موڕشیدی حاڵی عیشقم ئه‌ز

عیشقه‌ شیفای ده‌ردی عه‌زیم، ده‌رمانه‌ بۆ قه‌لبی سه‌لیم
ئیحیا ده‌کا عه‌زمی ڕه‌میم، سه‌ودای جه‌ماڵی عیشقم ئه‌ز

عیشق کوورێکه‌ با قیاس، خالیس ده‌کا سه‌نگی ده‌ساس؟
نابێ له‌من که‌ی ئیلتیماس، کۆکۆی زوخاڵی عیشقم ئه‌ز

عیشق کووره‌ی لاته‌حمه‌ده‌، ئاسن و پۆڵا وو جه‌لمه‌ده‌
قاڵیان ده‌کا و لێکیان ده‌دا، مه‌ستی ویسالی عیشقم ئه‌ز

عیشقی له‌تیفی بێ‌نه‌زیر، وای کرد له‌و 'ئه‌حمه‌دی' فه‌قیر
لۆمه‌م بۆ هات وه‌ک تیر و شیر، ساحیب قه‌باڵی عیشقم ئه‌ز

عیشقی له‌تیفی نامدار، وای کرد له‌ من 'کۆر'ی هه‌ژار
ڕووم نیه‌ له‌نێو ئه‌غیار و یار، پیری جه‌ماڵی عیشقم ئه‌ز
دیوانی شێخ ئەحمەدی کۆر، لێکدانەوەی: مەلا مستەفا ڕەشیدی 'زاواکێو'، چاپی یەکەم٫ ١٣٩٣ هەتاوی، لاپەڕە ٧٤و٧٥.
نووسین: کەماڵ ڕەحمانی

پەراوێز edit