ئاڵەکۆک

میرزای لوڕستانی add_a_photo
میرزای لوڕستانی مەمو ئالانی
١. چەند زانیارییەک لەسەر خانی، مەم و زین، میرزا و کتێبی مەمی ئالان
ئەحمەدی خانی، ناوی ئەحمەد کوڕی ئەلیاس کوڕی ڕۆستەم، لە ساڵی ١٠٦١ی کۆچی مانگی بەرانبەر بە ١٦٥٠ یان ١٦٥١ی زایینی لە هەکاری لە کوردستانی تورکیا لەدایک بووە. نازناوی شیعری لە ھۆزی خانیان وەرگرتووە، بەشێکی ئەم ھۆزە لە دەوروبەری ناوچەی بۆتان بوون، بەڵام بنەماڵەی شاعیر باریان کردووە بۆ شاری بایەزید. ساڵی ١١١٩ی کۆچی هەر لە بایەزید کۆچی دوایی کردوە و لەوێ ئەسپەردە کراوە.
'مەم و زین' شاکاری گەورەی ئەحمەدی خانی کە نزیک بە دوو هەزار و حەوسەد بەیتە و بە بڕوای ڕۆژهەڵاتناسان لە ئاستێکی زۆر بەرزی ئەدەبی دایە، ئەو گەوهەرە درەوشاوەیە لە باری حیماسی و خواناسی و فێرکارییەوە لە چوارچێوەی بەسەرهاتێکی دڵداریدا دەدرەوشێتەوە. '
خودی چیرۆکی مەم و زین پاشماوەی ئایین و ئوستوورەیەکی کۆنی ناوچەی ڕۆژهەڵاتە و ئەگەرچی وەکوو چیرۆکێکی دڵداری خۆ دەنوێنێ بەڵام هەبوونی چەند تایبەتمەندی سەرەکی دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە ئەم چیرۆکە پاڵی داوەتەوە مێژوویەکی چەندهەزار ساڵەوە. ئوستوورە یەکێک لە بەڵگەکانی شوناسی هەر نەتەوەیەکە و هەبوونی گێڕانەوەیەکی کوردی لە ئایینێکی وەها کۆن سەلمێنەری مێژوی شارستانیەت لە کوردستاندایە.
مەمی ئالان بە هەورامی کە میرزای لوڕستانی لە ساڵی ١٢٦٦ کۆچی مانگی وەریگێڕاوە، ٩٧٥ بەیتە کە بە بەراوەرد لەگەڵ هی خانی ١٧٢٥ بەیتی کەمترە. دیارە میرزا داستانەکەی، ئەویش بە کورتی، زیاتر لەلا گرینگ بووە. لەمەڕ میرزا هیچ زانیارییەکم دەس نەکەوت. لەمەڕ کتێبەکەشی هەر ئەوەندە دەزانین نوسخە خەتییەکەی لە کتێبخانەی بڕلین پاڕێزراوە و ئەو ساڵانەی دواییش هێنراوەتە سەر ڕێنووسی نوێی کوردی و ساڵی ٢٠١٨ی زایینی لە ئاڵمان لە ٢٨٦ لاپەڕەدا چاپ کراوە، بڵاوکەرەوەی (گووتە و حافز) بڵاویان کردۆتەوە.
نووسین: کەماڵ ڕەحمانی

پەراوێز edit