ئاڵەکۆک

سافیی ھیرانی add_a_photo
سافی شیعرەکانی سافی
٢٨. حەبیبا خۆت ئەزانى بۆ لە عالەم بێ‌موبالاتم
حەبیبا خۆت ئەزانى بۆ لە عالەم بێ‌موبالاتم
لە تفڵى سینەڕیش و دڵ بە ئێش و سەر بە سەوداتم

ژیانى من لە عەشقى تۆ مەزانە غیرەتى خۆمە
سەبەب وا بوو بە منداڵى لە دەردى عەشق ڕاهاتم

لە حاڵى نەوجەوانیدا جوانى تۆم موسەللەم بوو
لە مەولا چۆن بەلایێ ڕوو بکەم شەیدایى باڵاتم

دەمێکە بەندى چینى پەرچەم و پێچاوى کاکۆلم
بە دائیم زار و خەستە و دەست بەستەى زوڵفى تاتاتم

سەرى خاڵى لە سەوداکەت چلۆن سەودا ئەکەم جانا
سەرى بازاڕى ئەغیارم نییە، موحتاجى کاڵاتم

سەراپا گەر هەمووم عەیبە لە جاهى تۆ چ کەم نابێ
ئەگەر ڕەحمێ بکەى چونکى غەریبى ژێرى دەرگاتم

گەدازادەى تووە (سافى) حەقى ئازادییە قوربان
خەڵاتم گەر سیاسەت بێ، بە مەمنوونى ئەوا هاتم
دیوانی سافی، چاپی سێیەمین ١٩٧٣ زایینی، چاپخانەی کوردستان هەولێر، لاپەڕە ٢٩و٣٠.
نووسین: کەماڵ ڕەحمانی

پەراوێز edit