ئاڵەکۆک

ئەمین add_a_photo
ئەمین بەهەشتی کوردستان
١. هەرێمی سەردەشت
ئەمین بنووسە بە فکری وردت
شێعر بە کوردی بۆ ڕۆڵەی کوردت

شێعر و هەڵبەستت بکە ئاوێنە
بۆبەژن و باڵای بووکی بێ‌وێنە

واتە مەنزەرەی بە نرخی وڵات
بە گەل بناسە لە شار و دێهات

بڵێ ئەی سەردەشت قیبلەی مرادم
سڵاوت لێبێ بە تۆوە شادم

سەردەشت بە ڕاستی لە بەر دڵانی
هەوارگەی پیر و میر و ژیرانی

سەردەشت تۆی شەشەم١ سەردەشتی ئێران
لەم مەرز وبوومە جێی بەچکە شێران

چەند وەسفولحاڵە ناوت بە سەردەشت
لەم گردەزەویە، تۆی وێنەی بەهەشت

کوێستانی بەرزت بە گوڵ و گوڵزار
شادی هێنەرە بۆ لاوی دڵدار

لەبەر بڵندی، کاتی ڕۆژ هەڵات
مژدەی ڕووناکی دەدا بە وڵات

باغ و باغات و گوڵزاری شارت
لەگەڵ کانیاو و ئاوی سەر شارت

سەفا و سەفوەتیان دەوای زامارە
کل و کلچۆکی چاوی خومارە

سەرچاوەی نەنیە و شیوی برای مەی
پێ یان سەر خۆشم وەکوو مەستی مەی

شیوی برایمەی تا بڵێی خۆشە
خاوەنی خەڵکی بە بیر و هۆشە

مەرکەزی عیلم و دەرسی قورئانە
سەرجێ هەواری فکر وردانە

پەپوولە ئاسا بۆ دین دەبرژن
لەگەڵ بەدکاران تاڵ و ڕوگرژن

گوندی بێزیلەش جێی شێرە مەردان
گوڵی گوڵزاری شاگوڵی وەردان

وارشی قازیاوێش تا بڵێی بەرزە
ئاڵای سنورە لەم خاک و مەرزە

چەند خۆشە شینوێ لەگەڵ گوڵزاری
دێتە گوێم لەوێ هاژەی ڕووباری

بە تایبەت خۆشە لە فەسڵی بەهار
غەم دەڕەوێنێ لە لاوی دڵدار

پیر خەندان لەگەڵ کانی چۆڕ چۆڕێ
بۆ ناو مەبەستم با بێنە گۆڕێ

دۆڵێ مەسێسی لە گەڵ بەر ئاشان
هەر وەها باغی و قوڵتە و شیواشان

ئەمین نەماوی ترێ‌و تولیانە
مەل لەسەر گوڵان قڕە و قولیانە

گڵکۆی پیرۆزی وەیسی نازداری
سەریان لێک داوە دار و نزاری

ئاوی زوڵاڵی کانی ئاڵاوان
غەم دەڕەوێنی لە خاو و لاوان

با بچمە دەر و دۆڵی کەوەنە
پڕ بیشەڵان و دار و دەوەنە

دار و نزاری نیسێی زەلاوان
پنگو کووزەڵەی لە گوێی دەراوان

میوە و داهاتی گوندی نێو کردار
تا بڵێی خۆشن تەبیعی و ئاودار

قالە داود و گردی کۆڕانان
زینوێ کامەلا و دەشتی هەرزاڵان

سەرجێی هەواری من و یارەکەم
دەرمانی دەردی دڵ بیمارەکەم

گوندی گوڵینە لەگەڵ نێزماوی
چەند بەلەززەتە ترێی خۆش ناوی

جەماڵە کۆسە و گردە ترخێنێ
غەم و پەژارەم لە دڵ دەردێنێ

چۆمی قازانیش پڕ گوێزەڵانە
باغ و باغاتی لەبەر دڵانە

عەوڵا و عەمبەریش جێی ڕاز و نیازن
گەلی عاشقان، بەوان دەنازن

چەند سارد و سۆڵە ئاوی کانی ڕەش
باغ و باغاتی تا بڵێی دڵکەش

گەوەلە و بێران تابڵێی خۆشن
بە گوڵ و گوڵزار هۆی عەیش و نۆشن

بەر لیس و پانکەش بە دوندو نواڵن
لەم شاخ و داخە قومری دەناڵن

ژاژۆکە ماست و شیری تەمیزە
هەروا پەنیری پاک و لەزیزە

دەشتی کەپرانێ سەنگەری شارە
جێی ڕۆڵەی ئازاو زیددی ئەغیارە

نێزەڕۆ خۆشە و ئاوی زوڵاڵە
باوەشێنەکەی شنەی شەماڵە

چەند خۆشە گردی با سەفای
چەتری سەری بێ حەزرەتی هەمزە

ناوی دوهەمی ئەڵڵاهو ئەکبەر
چەقڵی دوچاوی ئینسانی بەدفەڕ

١. لەفەرهنگی 'دهخدا' دا ئاوا هاتووە.
سەردەشت و گوندەکانی دەور وبەری

پەراوێز edit