لەناو باخی دڵی منا، تەنیا خەزانە
گوڵ ناپشکوێ، بلبل زەبوون، گەڵاڕێزانە
هەور ئەگری، ئاسۆ ڕەشپۆش، ئاسمان غەمگینە
بۆهەرلایەک گوێ هەڵئەخەم زایەڵەو شینە
ڕۆژێ نەبوو لەخواستی خۆشیم تاسەم شکابێ
لەناو باخی کامیاریما چاو تروکا بێ
یا پانایی ئاسمانی دڵ یەکسەر ساماڵ بێ
دەشت پاروو فەرشی بەهار گوڵاڵەی ئاڵ بێ
هەر پایزەو هەورە گرمەو شریخەو ناڵە
«گەڵاوەرین، شینی بلبل، مەرگی گوڵاڵە»
جەرگی نەغمە مەی مۆسیقای خۆش، تەزووی ئاوازە
سنگی کۆرپەی وشەی ناسک، هۆنراوەی تازە
دران بەسەر دڕکی، بەردی مەینەتی
تام نەچوشتووی قومێ شادیم، دەروون عەزرەتی
تەمەنێکم من بەسەر برد هەمووی مەترستی
تاوێ بەند ودەمێ بێ ئێش سەردەمێ برسی
ڕۆژێ نەبوو تەسەلام بێ لەپشوو ئارام
تەمەنێکم پێچایەوە، پڕی بوولەسام
یالە نووگرە عەزرەتی بووم بۆ قومێ بەفراو
من وبەرد وهاوڕێکانم جگەر هەڵقرچاو
هەر سەبوون بوو، قرچەی گەرما، هەر بیابان بوو
نەچلی تەڕ، نەگوڵی گەش، نەچیای جوان بوو
یاسەردەمی ئاوارە و وێڵ جێم چۆڵی وهەرد بوو
دۆشەک زەوی، لێفەم ئاسمان، سەرینم بەرد بوو
ئێستەش تڵپەی تفی خەفەت دوا قووم ئەنۆشم
هەر بەڕەشی وتاریکایی ژیان سەرخۆشم
هاوڕێکانم وەک من شەیدای خاکی وڵات نین
سووتەمەنی کڵپەو گڕی ڕێگەی خەبات نین
هاوڕێکانم هەر بەدەم هەن... ، شەیدای سامانن
دەمێ درۆن، زبرەی دەست و بازووی تاوانن