با بسوتێین، بۆ وشەی جوان، بیری جوان
هۆنراوەی جوان، ڕەستی بە زەبر و ڕەوان
هۆنراوەی جوان لە گوڵاڵە جوانترە
لە کەژاو و لە ڕووبار ڕەوانترە
لە لوتکەی کێو بەرز و گەردن کەشترە
لە بڵێسەی گڕی ئاگر گەشترە
***
هۆنراوەی زەرد، بە خەمی دڵ ئاو دراو
زەردی کاڵی وەک برژانگی خۆرەتاو
سپی ناسک، بووکی دەروونی خاوێن
سووری گەشی وەکو پەڕەی گوڵی خوێن
هەموو جوانن، هەموو گوشن، پاراون
هەموو گوڵن لە ناو دڵا ڕوواون
با هەزارو یەک هۆنراوەی ڕەنگا و ڕەنگ
وەکو کچی گۆشی نازو شۆخ و شەنگ
لە ڕێی کانیی دڵا بێنە لەنجەو لار
بەرەو لوتکەی چیای هۆنراوەی نازدار
لە سەر دوگمەی پیانۆی دەروون ئاوازە
پەخشان بکەن بۆ ژینی وێژەی تازە
هەموو جوانن بەڵام ئەوەی نەمرە
تەنیا شیعری پەروەردەی ناو ئاگرە
شیعری کسپەی جەرگی بێ دەرەتانە
گوڵی پشکۆی خەباتی کوردستانە
هەڵبەستێکە وەک دەمی برین ئاڵە
هۆنەرەوەی ناسۆری ژینی تاڵە
پڕ هەنسک و تاسە و قوڵپی گریانە
بۆ هەڵمەت و بۆ ورەو تێکۆشانە
ڕەگی لە گەڵ ڕیشەی دڵ تێک ئاڵاوە
بە دڵۆپێ خوێن و ئارەق نووسراوە
ئەی هۆنراوە ئەی لە مردن بەهێزتر
ئەی گوشی خوێن، پەروەردەی کۆشی ئاگر
تۆ بەزەنجەر، دەس و پەنجەی خوێناوی
لە سەر دڵ و جەرگی مێژوو نووسراوی
***
وشەی ناسک، ڕستی شیرین و تبەام
شیعری ڕووناک، وەک مانگە شەوی هیوام
ورشەی کانیی بەهرەی هۆنراوەی شیرین
نەخشی باڵی پەپوولەی شیعری نەرمین
لەرەی نەغمەی مۆسیقای سەلیقەڕێژ
یا زاراوەی پاک و وردی واڵابێژ
هۆنراوەی جوان پەندی سەرکۆزەر گیراو
دێڕی قژی وەکو تاڤگەی ئاو
بەستەی تەڕی دەنگی ناسک و بەسۆز
چامەی ڕەنگین وەکو سەر سنگی نەورۆز
سەد ئەستێرەی کاروان کوژەی هۆنراوە
وشەی ڕوون و ڕەوانی وەکو چاوە
کامی جوانە و خۆی و بیر و ئاوازی
بۆ هۆنراوەی ئاگر ئەیکەم بە جیازی
لای من ئەبێ هۆنراوە بۆ هەژار بێ
دەنگی پاڵەو ڕەنجبەران و جووتیاران بێ
ئەبێ قاڵبووی بۆتەی ڕەنج و خەبات بێ
ئەبێ خۆری کەلی بەرزی ئاوات بێ
ئەبێ بزە و گریان لێقەوماو بێ
زەبری تۆڵەی قارەمانی کۆژراو بێ
ئەبێ چنگ بێ و گیر بێ لەبەینی دوژمن
ئەبێ چەک بێ بۆ کاتی هەڵمەت بردن
ئەبێ خوێن بێ، ئەبێ نەبەرد و جەنگ بێ
نەک بە تەنیا هەر وشەی ڕەنگا و ڕەنگ بێ