ئاڵەکۆک

کامەران موکری add_a_photo
کامەران موکری زەبری ھۆنراوە
٢٥. پەنجەرەی سەوز و سوور
ئەوسا دنیا، لە لای دڵم خۆش و بەرین بوو
باخی هەستم گوڵزارێکی گەش و ڕەنگین بوو
بەهاری گیان، هەمیشە تەر، جوان و پاراو بوو
لە دەروونا خوڕەی تاڤگە و قەڵبەزەی ئاو بوو
لەو سەردەمە، نە گرژی بوو، نە کسپەی خەم بوو
دڵم خۆش بوو، لێوی گەشی زەردەخەنەم بوو
ئاسۆی ژینموەکو لێوی کۆرپەلە ئاڵ بوو
ئاسمانی گیان پترۆزەیی، تەنیا ساماڵ بوو
بانگی هیوام هەر چواردە بوو، و، تریفەدار بوو
کانیی خەوم، ڕوون و هێمن، بریسکەدار بوو
لەو سەردرمە شێر دڵم بوو، جوان و خرپن بوو
نۆبەرەم بوو، شا ئاواتی ژیانی من بوو
تازە پایز شانەی ئەکرد ئەو قژە خاوە
کە شێر دڵی نازداری دڵ هاتە دنیاوە
ماڵەکەمان عرووسی بوو، ئاوێنە بەن بوو
دیواری ژوور، نەخشی ناسک، وردو دەگمەن بوو
لەسەر دیوار شەوبۆو نێرگز، هەڵکەندرا بوو
بە ئاوێنە نەخشی دار گوڵ چەسپێنرا بوو
پەنجەرەکان داری گویز بوون، بە شووشەی ڕەنگین
بە ئێواران ڕەنگیان ئەڕشت وەک پەلکە زێڕین
ئەو سەردەمە، ڕووناکیی ژوور، شەو چل چرا بوو
لە بنمیچی نەخشاویدا هەڵواسرا بوو
کە شێردڵ بوو، لەبەر تیشکی چل چرای جوانا
لەکەلەگیی گەورەو خۆشاو لە پشتەیوانا
حەوت شەو کۆڕی ئاهەنگ گیرا، تا دەمەو بەیان
دەمێ بەستە تاو تاوێکتش لاوکی نیان
ئەوسا دنیا لە لای دڵم خۆش و بەرین بوو
باخی هەستم گوڵزارێکی گەش و ڕەنگین بوو
باوکی شێر دڵ دەمێ بووەو دەمێ هەژار بوو
ساڵێ بێ ئیش دەرامەت کز ساڵی توجار بوو
بەڵام سەغی، پارە لای ئەو وەک چڵکی دەس بوو
لە پاشەکەوت، پارە لادان ئێگجار وەڕس بوو
باوکی شێردڵ، دڵسۆزانە کوڕی پێگەیان
لە خەم ڕەخسی، خۆی دایە دەست گەرداوی ژیان
شێر دڵ، گیرا، تومەس خولیای وەتەن پەرەستی
سەردەمێ بوو، لێی سەند بوو ئارام و هەستی
زڕەی زنجیر بوو بەنەغمەی خەمی دڵی من
بە نەعرەتەش بۆ هەڵمەت و بۆ تۆڵەسەندن
ەوت ساڵی تیژ، پەڕەی دڵی ئارامی پێکام
بە ەوت ساڵی ئاگراوی، گڕم گرت سووتام
ئەه لە زیندان، منیش لەناو زیندانی ماڵا
ئەو لەگەڵ کۆت، منیش لەگەڵ خەم و خەیاڵا
ئەو لەو دیوی دەرگای ئاسن، دیوار و تەل بەن
من لە ژووری نەک ئاوێنە دڕکی خەفەت بەن
ئەو پەرۆشی لەپێ ئاسمان، یا قولانجێ شاخ
من عەزرەتی باخی ڕووی ئەو، ئەو عەزرەتیی باخ
حەوت ساڵ دڵم بێ بەری کرد لە بینینی دەشت
نە گەڕان بوو، نە ماڵان بوو، نە ئارەزووی گەشت
حەوت ساڵ لاشەی زەردە خەنەم لە ناو دڵما ناشت
چەند بەرزییە قوربانیی وا، بەرز و بێ پاداشت
***
ئۆخەی شێردڵ دوای حەو ساڵی ڕەشی خەم چەشتن
دوای ڕەهێڵەی حەوت پایزی ئەشکی لێڵ ڕشتن
دیتمەوە بەسەر بەستی، پێ لە کۆت ئازاد
من دڵخۆش و تۆ ڕووخۆش و تۆ ڕووخۆش وماڵەکەت شاد
بەڵام حەوت ساڵ دەم و چاوی گەشی ژاکانم
دوا مێخەکی هیوای خۆشیی هەڵ پچوڕکانم
نە ئەو دڵە نە ئەو شنەی زەردەخەنەیەم
نە ئەوشەوقە لە ڕووما، ما، نە ئەو ئۆخەیەم
نە ئەو زەوقی جل و بەرگی گوروونی پۆشین
نە ڕوو خۆشی، نە هاژکەی تاڤگەی پێکەنین
بە وەیشوومەی حەوت پایزی ماتی ژیانم
لێزمەی سزا، لێشاوی خەم، گەڵاڕێزانم
بازی شادیم مایەوە سەر مشتێ چڵ و چێو
گەڵا خزا، گوڵ هەڵوەری، خەم نیشتە سەر لێو
دوای چەند ساڵێ کوژانەوەی چرای دەرامەت
گیرۆدەیی تانە و پلار، ناسۆرو خەفەت
دوای چەند ساڵێ بگرەو خڵتەی تاڵیی نەبوونی چەشتن
ئەشکی سووری بە پەنهانی و ئاشکرا ڕشتن
دوای چەند ساڵێ بگرەو بەردەو شەو ترسی گرتن
شەو نخونی و ڕاچەنین و خورپە و نەنووستن
دەست سپێتی کۆتایی هات، کەوتە هەوڵدان
بۆ دوا ڕۆژا جگەر گۆشەی، بۆ تیکەیەک نان
بەڵام ئارام ئەڵقەکانی هەر زوو ترازا
دیسان پشکۆی خەم و ناسۆربە دڵما چزا
گێژەڵووکەی سزا ئۆقرەی دڵمی ڕاماڵی
میوەی پشووم هەر مایەوە بە کرچ و کاڵی
لەسەر لوتکەی سەختی چیای بە خوێن پەڵاوی
لە ئەشکەوتا، لە پێ دەشتا، دێی دووکەڵاوی
لە دەروونی بە ئاگری تۆڵە سووتاوا
لە ناو جەرگی هەژارانی ڕۆڵە کوژراوا
لە باوەڕا، سەربەرزیا، لە بێخی دڵا
لە ناو دڵی لاوەکان و دڵی شێردڵا
گەردەلوولی ئاگراوی شۆڕش هەڵی کرد
دیسان شێر دڵ هاواری کرد «ئەژی ئەوی مرد»
کاتێ ژیان کەوتە بەر پێی گەردن کەچ کردن
ڕێی نامێنێ بۆ ڕزگاری بێجگە لە مردن
شێر دڵ ڕێگەی چیای سەختی هەوڵی گرتە بەر
لە هەڵمەتا تەنیا سنگی ئەکرد بە سەنگەر
تامی خۆش و خەوی خۆش و تاسەو ئارامی
سەرجەم هەمووی لەڕێی کوردا کرد بە قوربانی
لە ناو کۆڕی تێکۆشانا دلێر و بە جەرگ
چەند ساڵێکی هەڵکرد لەسەر، گوڵەژەنگی مەرگ
شەوێ کە مانگ مات و مەلوول ئەینواڕیە چڵ
پایزەی زەردە ڕەنگی سووری ئەڕشتە سەرگڵ
کاتێ ورتە، لە ناو گەرووی زیڕەی فیشەکا
لە گەڵ خولیای ئارام لەگەڵ شیشەی ئەشکا
کاتێ پایز لەسەر لوتکەی بڵندی چیا
لە جیاتی من بەسەرلاشەی شۆخا ئەگریا
گوللەیەکی بێ بەزەیی چزا بەسنگیا
تفەنگەکەی لە پاش لەرزین سست بوو لە چنگیا
لەشی کفتی بە سی ساڵەی خەبات ئەنجن بووی
زامی سنگ و دڵی گەورەی لە لێدان کەوتووی
بە فرمێسکی چاوی شەماڵ، گوڵی وەک چرا
ئەشکی تاڤگە بە شێنەیی و بە نەرمی شۆرا
بە نیانی و مێهرەبانی چیای پشکۆگر
بە تاڵی شەو ئەستێرەی گەش، توێژاڵی ئاگر
بە دووکەڵی ئاگر دانی دڵی بە جۆشی
لاشەی ڤشەنگی تێکۆشەری ئازادی داپۆشی
ئێستە هەرچی ئەندێشەیەک پاراوی خەمە
لەناو دڵ و لە دەروونی تاریکا هەمە
هەرچی خونچەی ئاوات هەیە هەمووی هەڵوەرین
هەرچی خونچەی چاوی یادم هەیە هەموویان ئەگرین
جگەر گۆشەی جگەر گۆشەم، وەچەی کەساسم
نەک بە شێوە هەر بە سۆزی دەنگا ئەناسم
چاو لێڵایی و دڵ ناسۆری تاریکی داهات
خەفەت لەگەڵ جەهەنەمی دەروونم ڕاهات
من ئەزانم تینوێتی خۆی ئەشکێنێ گڵ
لە دڵۆپی خوێنی گەشی زۆری وەک شێردڵ
وەردی هیوا، تۆوی ئامانج پێ ناگەێنێ
چنگی نەوەم، داسی بەرهەم، ڕاناوەشێنێ
بەڵم ئێوە ئەی کوردینە، زۆرتان نەفامن
نرخ و بەرزیی خۆ بە کوشت دان هێشتا نازانن
لە لای ئێوە، گڵ مەیل بڕ شەهید ناو ون بوو
کێ ئەسووتێ، با بسووتێ ببێ بە سووتوو
١٩٧١

پەراوێز edit