ئاڵەکۆک

کامەران موکری add_a_photo
کامەران موکری دیاری
٣. بۆ شاژنە جوانەکە
شاژنە شۆخ و شەنگەکە
دڵدارە جوانە مەنگەکە
مەلی، پەڕ و باڵ، هەڵوەریو
ئەی غەمگینی ئاوات بەزیو
ئەی وەک پرشنگی خۆرەتاو،
پەرچەمی زەردی نەرم و خاو
چاوی گەش، لێوی تەڕ، گۆنا
یا ڕنگی کاڵ، لە گەردنا
نموونەی جوانین، گەش و جوان
بۆ سیس بن، کز بن، بە گریان؟ !
نامەکەت گەیشت، تەڕوبڕ
بە هەناسەی گەرمی، وەک گڕ
وشکم کردەوە، ئەی دڵدار
خوێنمەوە، هەنسک و، جەخار
لە هێلانەی عەشقی دڵا
کە تاسەی گەرمم ئەکوڵا
نەمدی زیاتر، لە وێنەی تۆ
ڕوومەتی گەش، چاو و برۆ
پەردەیەکی زەردی ماتەم
هەر وەکوو توێژاڵێک لە تەم
کشا بوو، بە سەر ڕووی گەشا
نائومێدیی لە باوەشا
من تۆم، خۆش ئەوێ ئەی پەری
بەڵام ئاخ، ژنی جوان مەگری
باڵای تۆ، گەردنی نەرم
سەرنجی ورد، تاسەی گەرم
لار و لەنجەت، زەردەخەنەن
لەرینی ئەو ژێرگەردنە
جوانن، بەڵام ئاخ ژنی لاو
لە پاش چی!! ئەی ئەگریجە خاو
تازە بوویت، بە مەلی قەفەس
بۆچیمە نامە... ئیتر بەس
نامەوێ من، تۆ لەو کوڕە
داگیر کەم دڵی زۆر پڕە
لە خۆشەویستی تۆی شیرین
لە دڵسۆزی – ئەی نازەنین –
ئەی گوڵی باخی بێگانە
بەسە ئەم ئاخ و گریانە
نامەوێ لەمەودوا هەرگیز
بگریم وەک هەورەکەی پاییز

پەراوێز edit