ئاڵەکۆک

کامەران موکری add_a_photo
کامەران موکری ئاگر و ژیلە
١٣. کچکەی بەرتیلە
لە ساڵی ١٩٤٧ دا، کە تازە پێم ئەنایە باخی گەنجێتییەوە چووم بۆ «ناونووسین» (احصاء النفوس) وە لە دێیەک لە دێکانی کوردستان ئەم ڕووداوەم دی... وە بە دەسکارییەکی کەمەوە لە ساڵی ١٩٥٧ دا کردم بەم هۆنراوەیە:
لامان دایە، دێیەکی بچووک
باخی ڕازاوە، وەکوو بووک
ماڵی ئاغا بە گەچ سپی
داوێنی گوڵی پەمەیی
بۆنی خۆش، ئاوازە و بەستە
کام دەنگ بزوێنەری هەستە
ئەیاندا لە پەردەی دڵم
زۆر خۆش بوو بەستەی «ئای گوڵم»
لە ڕێگەی کانیی کەڵەک بەرد
کیژی ڕوومەت گوڵی بێگەرد
ئەهاتە لەنجە، ورد، بۆ ماڵ
سنگ ئەیلەرانەوە دەسماڵ
لەگەڵ لەرینەوەی لەشا
هەڵهێنانی چاوی گەشا
پەپوولەی خۆشەویستیی گیان
ئەفڕین بۆ شینایی ئاسمان
چوومە زنجێک تاریک و تەنگ
دانیشتم مەلوول و بێدەنگ
دڵتەنگ بووم، بۆ کۆمەڵێ گیان
کە بەشیان خەفەتە، گریان
پیرێژنێک هات، گاڵۆک خوار
بەژنی وەکوو کۆتەرەدار
نواڕییە، ڕووم، بنمیچی ڕەش
دوا تیشکی زەردی خۆری گەش
وتی و دەمی پڕ پێکەنین
ئەی شارستانیی ڕوو، شیرین
نە پارەم هەیە، نە ماڵات
بە تۆی، لاوی بکەم خەڵات
گەر، ناومان بنووسی یەکسەر
ئەتنێمە سەرچاو، تەپڵی سەر
ئەڵێن هاووڵات ژماردن
ئەکەن، بۆ شەکر بەشکردن
توو بی لاوێت، ئەی کوڕی جوان
تووبی دڵل پڕ، لە وجدان
بێبەریمان مەکەن برا
چاوەڕێین بۆ شکر بۆ چا
لەدوای تاوێک ئەسرین ڕشتن
ئاخ هەڵکێشانی دڵی من
هاتن بە ڕیز، شەش کچی شەنگ
نیگاریان ورد و ڕەنگاوڕەنگ
مەمکی ژێر کراسی دڕاو
لە شەرما ئەلەرزی بەتاو
شیتاڵی جل، وەک هەوری زل
تیا دەرئەکەوت لاڕانی شل
پیرێژن نواڕییە کچان
وتی ئەی کوڕ، ئەی هێزی گیان
هەڵگرە بەرتیل شۆخی دێ
لەمانە، کامیانت ئەوێ
***
کە جێم هێشت، ئاوایی غەمگین
گوێم لێ بوو دەنگێکی شیرین
بە گریانەوە، وەک ساوا
ئەڵێ «ئەی شۆخەسوار» توخوا
بەرتیلیش نەبم هەر بمبە
لەم ژیانە ڕزگارم کە
چیلکە چنینەوە و بژار
نانی گاڵ و زەبری زۆردار
جوانیی ڕووم، بەژن، قژی خاو
ئەکوژن، با بێم ئەی کوڕی لاو
ئەوسام، ئێستەم بوایە بەڕاست
ئەو کچە نەشمیلەم ئەخواست
نەزانی و هەژاری

پەراوێز edit