بۆت ئەڵێم لە دێڕی شیوەن
دوور، لە وردەکاری و لە فەن
کام وردەکاری، کام هونەر
هەڵبەستی جوانی وەک گەوهەر
ئەتوانێ وەسفی تۆ، هەرگیز
بنێتە سەر قاغەز بە ڕیز
باسی دڵ، هی ئەو دەروونە
ئەو بیروباوەڕە ڕوونە
ئەی کۆچکردووی مەشخەڵ هەڵگر
ناتوانم بیکەم بە شیعر
خۆزگە فریشتەی شیعری گەش
بە دڵ ئەیگرتمە باوەش
ئەیبردم بۆ لای خوای وتن
دێڕی جوانی ئەدا بە من
چەند دێڕێک ورد، بۆ یادی وا
ئاگر، لە ناخی دڵ بەردا
ئەی شێخ مەحمووی شانازی کورد
هەموو بەجارێ گەورە و ورد
فرمێسکت بۆ، ئەڕێژین... دڵ
بۆ، کۆچی تۆ، هاتۆتە کوڵ
با نمی ئەشکی «کوردستان»
لەجێی مداڵیای قارەمان
بکەین بەو سنگە پانەدا
«لە سۆزی ئەم گریانەدا»
ئەڵێم و هەر وتوومە... . هەر!
ئەی گەورەکەمان، ئەی سەروەر
زیندانەکانی هیندستان
«خۆڵەمێشی گەرووی بازیان»
خوێناوی چەمی کەناروێ
زامی دوژمن کە دێتە سوێ
ئاو باریکی دابێژراو
بە گوللەی دەسڕێژی بەتاو
ئەتناسن گەورەی کۆچکردوو
ئەی تێکۆشەری نەمردوو
***
گەورە پیاوەکەی نیشتمان
هەمیشە زەردەخەنەی جوان
لەسەر لێوی وەک زیوی خاو
یا وەک گزنگی خۆرەتاو
بریسک و هۆری بوو، شیرین
وەکوو نیشانەی نەبەزین
لە دەربەندی بازیان کە هات
کڵپەی ئەسەند گڕی خەبات
بەتاو، کە هێرشی ئەبرد
ئەینرکان و بانگی ئەکرد
مردن بۆ گەل شانازییە
دڵم بەو مەرگر ڕازییە
ئەستێرەی ئادەمی نشین
لەجێی خۆی وەرگەڕێ بەتین
پەراش پەراش بێ لە تەما
«ئەوسا من ئەڵێم کورد نەما»
کورد بۆ ئازادیی وەتەنی
خۆی ئاکا بە سووتەمەنی
- گیانی من کە نەختێ گەردە -
- بۆچی نەیبەخشم بەو کوردە -
لەناو قووڵی دەروونەوە
لەو دڵە پاکە ڕوونەوە
دەنگی ڕزگاری کوردستان
ئەهاتە دەرێ و ئەینرکان
بانگی ئەکرد: _ ژیان بۆ کورد
ئەمرین و ئەڵێن «گیان بۆ کورد»
لەبەر فرمێسکی لێڵ و خوڕ
خامەکەم هەرچەند هاتە گوڕ
نەیتوانی بنووسێ پتر
بۆ یادی کۆچکردووی نەمر
هەر ئەوەندە بڵێم مەگەر
گیانی پیرۆزی تێکۆشەر
«ئەوی ئاڵاکەمان پێ دا»
«وا لەناو دڵی ئێمەدا»
ئێستە لە یاد، بۆی ئەچنین
وێنەیەکی جوان و شیرین
ئاخۆ، کەی بێ کورد لە گەرهەر
لە یاقووت بۆی بکا پەیکەر