ئاڵەکۆک

کامەران موکری add_a_photo
دێ:
کەژ و دارستانی کپی
پۆشیبوویان بەرگی سپی
قوببەی پیرۆزەیی ساماڵ
بە پرشنگی گزنگی ئاڵ
داوێنی کەژی ئەنەخشان
وەک ئەگریجە ئەبوو پەخشان
دێیەک، لە باوەشی کەژا
بزەی گەرمی لێ ئەڕژا
دوژمن:
کاتێ کە خۆر ڕمێ سەرکەوت
لە ناکاو کۆمەڵێ دەرکەوت
کۆمەڵێک دوژمنی چەکدار
کشان بەرەو گوندی نازدار
ئەم «میوانانە» وەکوو تەم
دایان گرت دڵی دێ سەرجەم
سام وەکوو ڕەهێڵەی چقڵ
باری بۆ سەر دەشتایی دڵ
دوژمنی ڕسوا و بێدەرفەت
دایان ماڵی هەگبەی خەفەت
دوای پشوودان و نان خواردن
لە پاش نان و نمەک کردن
پەنجەی مردنیان درێژ کرد
بۆ لاوێکی هەژاری کورد
دڵی ئاوایی داتەکی
پەلاماری دایە چەکی
بوو بە قرم و هووڕی گوللە
لە دوژمن کوژرا، وەک کوللە
دوای شەڕێکی گەرم و بەسام
دوژمنانی ئۆقرە و ئارام
دوو سێ مناڵیان گرت خرپن
کە جێ مابوون لە ڕاکردن
کردیانن دیاری مردن
وتیان: «وا ئەبێ سەرکەوتن»

پەراوێز edit