بەژنی تۆ یا بەژنی ڤینۆس ئەی فریشتەم شەنگترە
خونچە تەنگتر، یا دەمی تۆ، یا دڵی من تەنگترە
چاوی کاڵی پڕ لە ورشەت، یا گەلاوێژ گەشترە
خاڵی گۆنای ناسکت، یا بەختەکەی من ڕەشترە
دەنگی دڵ بزوێنی تۆ یا شیعری من پڕ سۆزترە
پەرچەمی ڕێحانەییت یا ڕۆژگار ئاڵۆزترە؟
عەشقی من، یا گیانی ساوا، یا فریشتە پاکترە
ژنی جیایی یا مەرگ، کامیان چاکترە؟