شیعرەکانم چەپکێ وشەن
تیا نییە سەیر یا دەگمەن
بەڵام دڵی پەرۆشی من
بۆ دێڕێ شیعر داڕشتن
ئەگەڕێ نزارە و نزار
دەشت و چەم و باخ و گوڵزار
تا لە نزیک تاڤگە ئاوا
لە شەپۆلی خۆرەتاوا
ئەبێ بە دڵۆپێک ئاورنگ
ئەچێتە ناو دەریای گزنگ
لە سەر کەناری کەلی شین
ئەنۆشێ هۆنراوەی شیرین
یا ئەبێ بە شەوبۆ بە گوڵ
ئەچێتە ناو کۆشکی چقڵ
تا سروەی شەماڵی نیان
بۆی بڵێ نەغمەی شیعری جوان
لە قەترەی فرمێسکی چاوا
لە ناو جۆگەلەی خوێناوا
لەم شوێنانەدا دڵەکەم
دێنێت شیرە بە کوڵەکەم
باخی ئاوا ئەدەم بە خوێناو
کەچی خۆم نابینم بە چاو