دایکی دڵسۆزی جگەرسووتاوم
برای ئازیزی برا کوژراوم
خوشکی سزاکێش، دڵ بە خەم کف بوو
لاوی بە قیمەت خوێنی گیان هەڵچوو
پیری پەککەوتەی فرمێسک قەتیس ماو
شەڕ دیو دڵ بە قین خانە و ماڵ سووتاو
خەڵکینە ئێوە هەموو بە یەکجار
کرێکار ڕەنجبەر، دەوڵەمەند، جووتیار
تێکۆشن بەدڵ بۆ ئاشتی دنیا
ژیانی گەلان، ناوجەرگەی هیوا
بانگکەن بە یەکدەنگ دەنگی دلێران
ئاشتی نەوەک شەڕ شەڕی دڕندان
ژیان نەک مەرگ، ژیانی ئازاد
دیموکراتی و هەق و خۆشی و داد
نان نەوەک گوللەی گەرمی جگەربڕ
شادی نەک گیانی شەقار و ونجڕ
شار نەک وێرانی، دێ نەک بۆمبای کوێر
نابێ دنیامان بکەن سەرەوژێر
ڕووناکی نەوەک تاریکی و ناڵین
جل نەوەک تانکی قورسی ئاسنین
قەیماغ و شەککر نەوەک شیر و تیر
ئازادی نەوەک پێوەند و زنجیر
زەردەی لێوی ساوای بە خەندە
نەوەک بریسکەی قەمەی کوشەندە
قاقای بە سۆز و پیرۆزی دایکان
نەک شین و شەپۆر گریە و لە خۆدان
وەرن ئەوانەی دڵ پڕ لە قینن
ئەوانەی جگەر پڕ لە برینن
ئەوانەی بەرگی خوێناوی بەکۆڵ
بێبەرگ و بێنان ئەڕۆن دۆڵاودۆڵ
ئەوانەی کوڕتان لە دار دراوە
ئەوانەی ماڵتان وێران کراوە
ئەوانەی گۆڕی ئازیزتان گەرمە
ئەو ئینسانانەی کە دڵتان نەرمە
بانگکەن بە وێنەی بروسکەی بەتین
ئاشتی و ئازادی نەک ژینی ژەهرین
نە گۆیژەی زەردی ئاڵتوونی جوانت
نە پیرەمەگروون نە هەورامانت
نە گیای نەرمی جوان نە بی، نە چنار
نە لالە و نێرگس نە سێو نە هەنار
نە شار و نە دێ نە جادە و کۆڵان
نە گوڵ نە بولبول نە دۆڵ نە باخان
کەژ و دار و بەرد زاک و خۆڵ یەکسەر
دوشمنی شەڕن هەموو سەراسەر
کۆترێک سپی، دەنووک سوورەگوڵ
وا لە ئاسمانا ئەفڕێت زۆر بەکۆڵ
خوای شەڕیش تیری لە ناو کەوانا
چاو سوور ئەڕوانێت بە ئاسمانا
تیری ئامادە بۆ مەرگی شادی
هێزی لە کاردا دژی ئازادی
بانگکەن پێی بڵێن جانەوەری شەڕ
ئەگەرچی خۆشت بکەیت لاڵ و کەڕ
وا هاوار ئەکەین «سینگمان قەڵغانە»
بۆ ئەو تیرەی تۆی لەناو کەوانە
سەری ئەو تیرەت ئەکەین بە دڵتا
تەخت و بەختەکەت ئەخەینە ژێر پا
لەسەر ئەژنۆی گەل گەلی ئاشتیخوا
ئەتهاڕین وەک خۆڵ ئەشتکەین بەربا
ئەی شەڕ چەند بەدخوو ناپەسندکاری
دوشمنی ڕووت و پۆشتە و هەژاری
ئەرخەوانەکەی سەیوان شایەتە
کە چەند گیانی گەنج وا لە ژێر پێتە
چۆن لە دەشتی وەیس لە لای شێخەباز
خەڵکی کەلاکیان ئەپچڕی بە گاز
سەربازی تورکی برسیی بەسزمان
چۆن گیایان ئەخوارد هەر وەکوو حەیوان
چەند تورک و عەرەب لەم دەبۆیەدا
بێگوناه ئەکران بە سێدارەدا
چەن ڕۆلەی شاری سولەیمانیمان
لە حومس و حەما بەر دەستڕێژ دران
هەزار بەندی دڵ وەک قالەی نەبات
بە سونگی جەرگ و دڵ و سیی دەرهات
سەدانی وەکوو حەمدی گورگە بۆر
پەت لە گەردندا مردن بە ناسۆر
چەند ساوای کەساس زۆر بە ئاسانی
سەگ و گورگی هار بۆ خۆی فڕانی
لە بیرتان نییە ئەوسا گۆشتی کەر
بووبووە خواردنی دانسقەی بەشەر؟
چەند کەس بێ کەس بێ پەنا و بێ نان
شێت بوون و کەساس دایانە کێوان
چەند نامووس تکا چەند شەرەف شکا
چەند کەس سەربڕا چەند لانە شێوا
ماڵی «عارف بەگ» بە بۆمبای گران
چۆن بە خەڵکەوە بوو تەخت و وێران
چۆن بە سەبەتە ئێسقانی مردوو
هێنرانە دەرێ لە دار و پەردوو
چۆن شۆڕانەوە و چۆن سولەیمانی
گریا ئەو شەوە تاکوو بەیانی
ئەم ناسۆڕانە و گشت سزا و جەخار
هەموو تاوانی شەڕی ئیستعمار
بمرێ زۆرداری، بمرن شەڕگێڕان
هەر بژی ئاشتی بژی میللەتان
ئەی کوردی نەبەز هەموو ڕاپەڕن
لەغاوی پیسیی شەڕگێڕ هەڵدڕن
لە بیرت نەچێ ئەی کوردی نەبەرد
ئەی لاوی دڵسۆز ڕۆلەی جەوانمەرد
تۆ یاساوڵی ئاشتیت برا گیان
بۆ ئاشتی ئەبێ خۆت کەیت بە قوربان
بە یادی کاوەی چەکوش وەشێنت
شۆڕشی سووری سەرتاپا خوێنت
بە یادی ڕۆژی نەورۆزی میللەت
هەموو بە ئاشتی سا بکەن هیمەت
چەکوش لە مێشکی خوای شەڕ ون کەن
ئاڵای ئازادی و ئاشتیتان هەڵکەن
بانگکەن هەر بژی کورد و کوردستان
هەر پایەدار بێت سەلامی ئینسان