ئاڵەکۆک

خۆشناو add_a_photo
خۆشناو شیعرەکانی خۆشناو
٨٢. رۆڵه‌م کچی خۆم کچی شیرینم
رۆڵه‌م کچی خۆم کچی شیرینم
ئه‌ستێره‌ گه‌شه‌ی ئاسمانی ژینم

هاتوویه‌ دنیا به‌خێر بێی گوڵم
هێزی هه‌ناوم فێنکایی دڵم

شه‌ونه‌خونیمان دیوه‌ له‌سه‌ر تۆ
ڕه‌نجی چه‌ند ساڵه‌ن نه‌ده‌ی به‌ فیڕۆ

لانکه‌ت ڕاژاوه‌ هه‌تا به‌یانی
لای لای بۆ کردووی دایه‌ به ‌جوانی

ده‌یگوت: لای لایه‌ ڕۆڵه‌م لای لایه
هیوا و ئومێدی بابه‌یو دایه

ده‌چی بۆ مه‌کته‌ب ئاگات بێ له‌ خۆت
پاک به‌ وه‌ک ناوت با فیدا بم بۆت

ته‌مه‌ن ڕانه‌برێ به‌فکری به‌تاڵ
نه‌که‌ویه‌ داوی هه‌رزه ‌و کوڕو کاڵ

ڕه‌فیقی باش و، ئاقڵ و زانا
ڕێزیان لێ بگره‌ به‌ پێی توانا

ڕه‌فیقی خراپ، مڵه‌یه‌ بزانه‌
وه‌ک هه‌ژار ده‌ڵێ ئه‌و په‌نده‌ جوانه‌:

دۆستت نه‌زان بێ له‌به‌ری هه‌ڵێ
ڕوو ڕه‌شی پێوه‌ ماچی مه‌نجه‌ڵێ

ئه‌رێ لای لایه‌ ڕۆڵه‌م لای لایه‌
زانست به‌ که‌ڵکه‌ بۆ ڕۆژی دووایه

زۆر باش بخوێنه‌ ده‌رسان ڕه‌وان که‌
مامۆستاکانت، خۆیان قوربان که

بزانه‌ بۆتۆ چه‌ند زه‌حمه‌ت ده‌کێشن
دڵسۆزن زیاتر له‌ قه‌وم و خێشن

پشتیوانیان بێ خوداوه‌ندی گه‌وره
ده‌گه‌ڵ تۆ ده‌که‌ن ته‌مرین و ده‌وره

هه‌رچی فێری بوون ساڵی ڕابردوو
ئێستاکه‌ بۆ تۆ ده‌یهێننه‌وه‌ ڕوو

ده‌رست پێ ده‌ڵێن به‌ گیان و به‌دڵ
جوانی وه‌رگره‌ لێێان نه‌که‌ی سڵ

هاو ڕێگایان به‌ لێیان نه‌بی جیا
چون کاری وانه‌ پیشه‌ی ئه‌نبیا

پله‌ وه‌رگره‌ بڕۆ بۆ زانکۆ
ببه‌ مامۆستا با بنازم به‌ تۆ

بابه‌ ئوومێدی دوا ڕۆژی وایه
ڕۆڵه‌ی ببینێ له‌ زانستگایه
پێشکێش بەکیژانی خوێندکاری سه‌رفراز
١٣٨٢/٦/١

پەراوێز edit