ئاڵەکۆک

خۆشناو add_a_photo
خۆشناو شیعرەکانی خۆشناو
٥٥. به‌هاری سه‌رده‌شت
به‌ناوی خودای هه‌موو بوونه‌وه‌ر
که‌کوردستانی دانا به‌گه‌وهه‌ر

به‌ ناوت خوایه‌ خواوه‌ندی جوانی
وه‌دیهێنه‌ری به‌رز و نه‌ویانی

خۆشیت داناوه‌ بۆو کوردستانه‌
یه‌ک له‌و خۆشیانه‌؛ چوونه‌ کوێستانه

بۆت بکه‌م باسی سه‌رده‌شتی ڕه‌نگین
به‌هار تابه‌هار سه‌رسه‌وزو نه‌خشین

ناوچه‌ی سه‌رده‌شتێ خۆشه‌ به‌هاران
پێی هه‌ڵا ده‌ڵێم وه‌ک جاری جاران

پێی هه‌ڵا ده‌ڵێم به‌سته ‌و گۆرانی
ڕاستی نه‌قیمه‌ی نێو کوردستانی

دم چۆم و زه‌نوێر خۆشن کوێستانت
ڕه‌ز و باخی جوان، پڕ دارستانت

شنه‌ی بای به‌یان خوڕه‌ی چۆمی زێ
ئاهه‌نگی شادی دێنن بۆ ناو دێ

ئاوی به‌فراوی ڕنووی کوێستانان
ژیان ده‌به‌خشێ به ‌پیر و جوانان

له ‌خیزه‌ڵێنی ئه‌و لابه‌لایه‌
کوڕاده‌ له‌گه‌ڵ شه‌نگه‌ بیزایه

چه‌قرووزه‌ی مه‌ندۆک ناسک و سپی و سۆڵ
له‌بن هه‌ڵۆڵی به‌فری ڕژد و دۆڵ

سه‌ر وه‌ده‌ر ده‌نێ کاردووی په‌لک پان
له‌بن شاخان و که‌لێنه‌به‌ردان

شللێر و شه‌شپه‌ڕ ده‌گه‌ڵ هه‌ڵاڵه‌
سوێسن و به‌یبوون، سووره‌ گوڵاڵه

ئه‌سترێلک و ئه‌سپۆن که‌نێره ‌و قه‌دسوور
خاشخاشی جوان و گوڵی جۆراو جوور

مێلاق و سیر و تیسمۆرکه ‌و ڕۆنیاس
گوڵی ئاڵه‌کۆک و سیرمۆکه ‌و ڕێواس

که‌ما و بۆڕو هه‌ڵز، گیاخاو و گیابه‌ند
دڵان به‌جارێکی له‌وێ ده‌کا به‌ند

گوڵه‌بێژان و گوڵه‌به‌ڕۆنه‌
ده‌سکێک بۆ یارێ دیاریه‌کی کۆنه

سه‌رخۆشت ده‌کا به‌عه‌تر و به ‌بۆ
شای گیایان جاتره، ‌ له‌داوێنی کۆ

به‌ که‌نگر و تیسوێ و پێچووکه ‌و لووشه
وا خەمڵیوە ئەو کوێستانە خۆشە

له‌نێو ئو هه‌موو گیای که‌ژ و کێوه‌
کارگیش هاتنه‌ده‌ر به‌هه‌زار شێوه

له‌نواڵان خۆش دێ ئاهه‌نگی بلوێر
خوڕه‌ی خڕو دۆڵ هاژه‌ی ئاو هه‌ڵدێر

قرووسکەی به‌شدار له‌ده‌وری مێگه‌ل
ده‌نگی زه‌نگوڵه‌ و کاریله ‌و به‌رخه‌ل

خشپه‌ی که‌روێشک و ورشه‌ی ماری سوور
ده‌گه‌ڵ چریکه‌ی شاهێن و شالوور

هاتوونه‌ سه‌یری چیاو چه‌م و کۆ
باز و خه‌رته‌ل و ته‌ڕلان و هه‌ڵۆ

گوێنی که ‌ئاوا به‌ دڕک و داڵه‌
تام و بۆنیشی ناخۆش و تاڵه

ده‌به‌هارێ دا زۆر شتێکی جوانه‌
چونکه‌ پارێزگای خاسه‌ که‌وانه

با بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆسه‌ر بانه‌کان
باهه‌‌ڵگه‌ڕێین بۆکوێستانه‌کان

کیژ و لاوی جوان، خه‌ڵک به‌گشتی
ڕوو ده‌که‌نه‌ کێو توربێن له‌پشتی

ده‌چن بۆدیتنی سروشتی خودا
کوێستان چوون باوه‌ له‌ناو ئێمه‌دا

نان و په‌نیر و قاپێکیش ماستاو
چایه‌کیش لێنێی له‌ده‌وری کانیاو

ئاوری گوێنیان و کتریه‌ ڕه‌ش له‌سه‌ر
لاده‌با خه‌م و په‌ژاره‌ و که‌سه‌ر

دوای حه‌سانه‌وه‌و خواردنه‌وه‌ی چایی
ئه‌وجار ده‌یکه‌نه‌ هه‌ڵپه‌ڕکه‌و شایی

ڕاده‌برێ به‌هار به‌وجۆره‌ له‌نێو
خه‌ڵکی کوردستان له‌ده‌شت و له‌ کێو

هه‌موو خوشک و برا خزمایه‌تی خۆش
به‌هاری ئه‌وتۆ ناکرێ فه‌رامۆش

کوردستان خۆشه‌ هه‌موو نیگاری
به‌ڵام هه‌رکه‌سه‌و شوینو دیاری

به‌هره‌ی بۆ خه‌ڵک، ده‌سکردی خوایه
پاراستنیشی ئه‌مره ‌و ڕه‌وایه

فیدای ناوت بم کوردستانی خۆش
هه‌تا بمێنم ناتکه‌م فه‌رامۆش

فیدای کوردستان سامان و سه‌رم
ناوم ڕه‌حیمه‌ و؛ برای قه‌له‌نده‌رم
گوندی سێونێ
١٣٧٧/١/١

پەراوێز edit