ئاڵەکۆک

خۆشناو add_a_photo
خۆشناو شیعرەکانی خۆشناو
١٨٦. پێهەڵا کوتنی مەشکە بە شێوازی ئەوڕۆیی
هەی مێرسی مێرسی مێرسی
هەی مەشکەی بەرقی مێرسی
چەندە خڕ و خەپاڵی
هەر دەڵێی جوجە خێرسی

مەشکەم مەشکەی بەرقییە
جوانە و ڕەنگی سپییە
بەدەنەی گاڵوانیزە و
ساختی ئیران شەرقییە

هەی...

مەشکەی من دیجیتاڵە
مەزەندەی کاسبیە ساڵە
جوانی کردوە ئەو ماڵە
حەیفێ دۆیەکەی تاڵە

هەی...

مەشکە بە دووان هەڵنایە
دەهۆڕێنێ وەک گایە
بەرقی دەخوا وەک کایە
دەژێ و دەکا سەمایە

هەی...

مەشکەم مەسرەفی زۆرە
بەڕاستی بەرق خۆرە
هەڵدەسووڕێ بە نۆرە
حەیفێ ڕۆنەکەی بۆرە

هەی...

مەشکەی مە گەلێک جوانە
جێگای لە سەر کاشیانە
قەدری لە سەر چاوانە
لەو سەری ئاشپەزخانە

هەی...

مەشکەم مێدی ئین ئیران
قابیڵی ماڵە میران
دەنگی وەک بەور و شیران
وە زاڵە هاتوون جیران

هەی...

بوکێ عەمری نەمێنی
خۆ دە هیچ ناگەیەنی
بە ئێس ئێم ئێس دەمدوێنی
ئاب مەعدەنیم، پێ دێنی

هەی...

مەشکە دەڵێی بادزەنی
بە تاسمە پێدەکەنی
لە خۆشیانی بووم خەنی
تێیکەم ئاوی مەعدەنی

هەی...

مەشکەم ئۆتووماتیکە
دەڵێن سیمی باریکە
دوساعەتان خەریکە
ناژێ ماستی شەریکە

هەی...

لە تەورێزێم هێناوە
تینی تێدا نەماوە
دوو جاران تەعمیر کراوە
دۆی دەکاتە بە قاوە

هەی...

مەشکەی چەرمی فەوتاوە
حەیفە خستیانە لاوە
دۆ و ڕۆن تامی نەماوە
وتەی ڕەحیم خۆشناوە

هەی مێرسی مێرسی مێرسی
هەی مەشکەی بەرقی مێرسی
چەندە خڕ و خەپاڵی
هەر دەڵێی جوجە خێرسی

پەراوێز edit