ئاڵەکۆک

بەیت add_a_photo
بەیت سەیدەوان
١. وێژەر: حەمەدی ئاغای
سەیدەوان و مەلکەوان و نێچیرەوان برابوون باوکیان ناوی عەبدولعەزیز بوو، داسنی بوو چاوێکیشی کوێر بوو. هەرچەندە کورد بوو بەڵام کافر و خودانەناس بوو. سێ بووکی خواستبوون لە حێلی بادین ئاغای. پرسی بەموسڵمانان کرد گوتی: کوڕینە دەئایین و مەزهەبی نگۆدا چۆنە؟ ئەمن سبەینێ لە تەواوی داسنیانم گێڕاوەتەوە، سێ لەشکران بەڕێ دەکەم، سێ داوەتانیش ساز دەکەم، بەیەک ڕۆژ هەمووی جێبەجێ دەکەم. گوتیان وەڵڵاهی ئەوە غەڕەییە و گومراهیە، دەئایین و مەزهەبی مەدا، ئەوە پەسەند نییە. گوتی ئەنگۆ بێ ئاقڵن، جا ئەمن چ موحتاجیم بەخودایە، حەتمەن هەر دەیکەم ئەگەر خودا توانی جڵەوگیری کاری منی کرد دەزانم وایە دەنا خودا چکاری بەخەڵکی داوە. ئاوا غەڕە و گومڕا و خودانەناس بوو. جا بزانین لەسەر ئەو خودانەناسیەی ڕا خودا چۆنی خۆ پێ دەناسێنێ و چی بەسەردێ! .

وەختێکی ئەو لەشکرانەی بەڕێ کرد بۆ سێ بووکان و ئەو داوەتانەی سازکرد، لەبەر مەغرووری خۆیان هیچیان ئاگایان لەهیچ نەبوو، دوو کوڕی چووبوونەوە ڕاوێ سەیدەوان و مەلکەوان، نێچیرەوانیش لە ماڵێ بوو. بەڵێ، جا تفەنگی هاویشتە پیلی، گوتی هەتا بووک دێ دەچمە شاخی حەیوانێکیش دەکوژم و وەڕەزی خۆشم بەسەر دەبەم.
ڕۆیی گەیشتە داوێنی کێوی، بووکی نێچیرەوانی گەیشتە حەسارێ، ئەو کوڕی دڵی تۆقی و مرد. خەبەریان دایە وەرە بگەڕێوە کوڕی نێونجیت پەردوگیر بوو لە باڵ بووکێ نەهاتە دەرێ، گوتی قەیدێ ناکا تۆ خوداکەی خزمینە دەنگێ مەکەن با دەستی داوەتێ بەرنەبێ دڵی کیژ و کوڕانم لێ دەمێنێ. جا چوو لە شاخی لە بازی حەیوانانی دەڕوانی، کوڕەکانی خۆی بوون وەیزانی حەیوانن هەرکی کوشتن. جا بەسەرهاتی تەواوی بەیتی سەیدەوانی، عەبدولعەزیز بۆ خۆی گوتوویەتی.

جا دەڵێ:
ئەوڕۆکە سەرم دێشێ..
دڵی عەبدولعەزیزە کۆرەی داسنی دەکا بێنە بێنێ
بەڵان ئەمن ئەوشۆم خەونێک دیوەو لە من وایە ئاخری بەهارێیە
دەگەڕام لە تیلەگی دە کوێستانان
قەت وەگیرم نەدەکەوت قولێک گیا بەشی باقەبێنێ
توخوڵاکەی ئەو کەسانەی ئەگەر خوداشوناسن
وەرن تەعبیری ئەو خەونەم بۆ لێدەنەوە
دەترسم خوداوەندی میری مەزن پادشاێێ کەرەمێ
ئەگەر موسیبەتێکی گەورەم بە سەر بێنێ
ئەمن دەمگوت مەسڵەحەت وایە ئەگەر باب بە رۆژێکی
سێ بووکان لە بۆ کوڕانی بێنێ
نەمزانی تەقدیری خودای تەگبیری عەبدی بەتاڵ دەکات و
هێللانەی لە عەبدولعەزیزی ماڵوێران دەشێوێنێ

رۆڵە دەبەر قافڵەو بازرگانو مرم
ئەگەر بەڕێی دەکەن بۆ وڵاتی گەرمێنێ
ئەوە پارچەو ئەتڵەس و کیمخوای
لە بۆ جلی دەزگیرانی خۆی بێنێ
چ بکەم کەس دەربەند نییە ئەگەر داخوڵا
مەڕو ماڵ‌و مێگەل‌و چادرو چیغی عەبدولعەزیزە کۆرەی داسنی
لە کوێستانان بە بێ ساحەبی دەمێنێ

ئەمن وەگەر دەستم دەداوە تفەنگێ
رووم دەکردەوە چیایێ مەغڵووبێ داسنیان
زەینێکە خۆم دەداوە بازی دە کێویان
بانگیان دەکردم دەیانگوت عەبدولعەزیز وەرە بگەڕێوە
کوڕی نێونجیت پەردوگیر بوو لە باڵ بووکێ نەهاتە دەرێ
دەمگوت توخوڵاکەی خزمینە دەنگێ مەکەن
دەستی داوەتێ بەر مەدەن
دڵی کیژ و کوڕانم لێ دەمێنێ

ئەورۆکە بەهارێکم گەیوەتێ رۆڵە چ بەهارە
سەرم دێشی، دڵی عەبدلعەزیزی داسنی
چەندی لە ئێش و ژانە، چەندی لە غروورە
ئەمن زەینم دەداوە تیلەگی دە کوێستانێ
سوور دەبوون سوورەگوڵ و هەڵاڵ و بەیبوون
دەپشکووتن شەشپەڕ و شللێرە
ئەگەر دەستم دەداوە تفەنگێ
رووم دەکردە چیاێێ مەغڵووبێ داسنیان
زەینێکە خۆم دەدا بازی دە کێویان
لفکەی سەیدەوانی لە پلەی بەردی با رایدەژێنێ
لە من وایە ڕدێنێ نێرێ بەلەکوورە
وەی چاوی جاسووسێت کوێر بێ
دەستی چەخماخێت شکێ
تەقە لە تفەنگێ دەهات و
سەیدەوان دە خوێنێ دا دەبۆوە سوورە

ئەورۆ بەهارێکم گەیوەتێ رۆڵە چ بەهارە
سەرم دێشێ دڵی عەبدولعەزیزە کۆرەی داسنی
چەندی لە ئێشەو چەندی لە ژانە، ئەی خودا چەندی لە من دە هاڵۆزە
ئەمن زەینی خۆم دەداوە تیلەگی دە کوێستانان
سوور دەبوون سوورەگوڵ و هەڵاڵ و بەیبوون
دەپشکووتن گوڵە نەورۆزە
ئەگەر دەستم دەداوە تفەنگێ و
رووم دەکردە چیاێێ مەغڵووبێ داسنیان
زەینێکە خۆم دەدا بازی دە کێویان
کاکۆڵی وەلکەوانی لە پلەی بەردی با رایدەژێنێ
لە من وایە ردێنی نێرێ بەلەبۆزە
وەی چاوی جاسووسێت کوێر بێ
دەستی چەخماخێت شکێ عەبدولعەزیز!
تەقە لە تفەنگێ دەهات و
کوڕ لەوێ دە خوێنێ دا دەگەوزا

ئەستێرێک هەڵدێ بەری بەیانی
وەی سەڵا لە عەبدولعەزیزە کۆرەکەی بابی سەیدەوانی
ئاوی کوێستانان دێنە خوار رۆڵە
بە توندی هەر بە تیژی
هەڵدەڕژێنە بن سوورە گوڵی لە سەر بە گژنیژی
توخوڵاکەی خزمینە وەرن رەجمم کەن
کێ دیویە لە دەورەتی دە زەمانان
لە سەر سێ کوڕان ڕا
بووک بچنەوە ماڵی دە باوان
بە تارای سوور و هەر بە کیژی

ئەی رۆڵە رۆ لە سەر ڕۆیە
ئەمن لە دەروونم دێتە دەرێ بڵێسەو بۆسۆیە
نازانم نە بەدبەختێ منە.. سەیدەوان! نە نەدامەتێ تۆیە

شەرت بێ لە پاش سەیدەوان و نێچیرەوان و وەلکەوانان
لە خۆم حەرام کەمەوە راوی دە تفەنگێ
دەگەڵ ئی نێریێ دە بەلەبۆزە
چیدیکە دەگەڵ قەومی داسنیان دانەنیشم و
دەگەڵیان نەکەم جێژنە پیرۆزە
کانێ باغی پیرانشار
چیرۆک و بەیتی کوردی، کۆکردنەوە و ئامادەکردنی: عەزیز شاڕوخ

پەراوێز edit