گەرچی خۆم ڕووت و ڕەزیلم دڵ ھەوای جاران ئەکا
ھەر وەکوو ئەووەڵ لە شەوقە ئارەزووی سەیران ئەکا
گەرچی زۆر پیر و زویرە تاقەتی حاڵی نییە
ئیدعای قورب و ویساڵی وەسڵی ڕووی جانان ئەکا
وا لە دەشتا کەوتووە بێ ناز و لەشی پڕ زبڵ و خۆڵ
فکری بازاڕ و ئوتێل و قەیسەری شاران ئەکا
پیری داری دایە دەستی پای کە دوو بوو بۆتە سێ
گەرچی حاڵیشی وەھایە ئارەزووی گەڕان ئەکا
وا لە توێی کراسی خام و کێچ ئەسپێدا ڕەزیل
باسی چۆغەی لاجیوەرد و فاسۆنی جەڕمان ئەکا
خۆی لە سەحرایێکی بێ ئاو کەوتووە مات و مەلوول
ئیدعای ئاوی شەت و باغ و گوڵ و ڕێحان ئەکا
شەش گەزی چاوی نییە لە موڵک و سەروەت ئەی ھەژار
سەرگوزەشتەی بەرگی چین و ئارمۆش و کەتان ئەکا
ھەر بە مسکینیش ئەگەر لێرە نەبێ جێگەی نییە
داخەکەم لافی ئەمیری شاری کرماشان ئەکا
تەعقیبی ڕێگەی عەقڵ کە لوتفی تا کەی وا عەزاب
باری بێ عەقڵی گرانە خەڵقی بێ سامان ئەکا