ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا گۆران add_a_photo
گۆران لە کۆڕی خەباتا
٦. زیندانی ئەژدەهاک
ئەژدەهاک! زیندانت قەڵاقەڵایە؛
دیواری کۆنکرێت، دەرگای پۆڵایە
ئەژدەهاک! کون بڕە، سەختە زیندانت،
ناڕووشێ بە بڕبەن بەندی گرانت!
هێزی لەش مرێنە کۆت و زنجیرت؛
کارییە لە دەمار ناپاکیی بیرت
دڵ ڕەقیت هەر تاوە چەشنە سزایە
بۆ بەندیی خاوەن هۆش ئەخاتە کایە
هێند چەشن سەربڕ و زیندانەوانت،
سەرخۆشن بە خوێنی گشت بەندییەکانت!
ئەژدەهاک! ئەی دێوی لە «بیر» زراوچوو،
ئەی ناشتای مارانت بە مێشک کردوو!
ئەو مێشک تازانەی زنجیرت کردوون،
لە لێوی پێچاڵی مەرگا ڕاتگرتوون،
چاوەڕیێ فەرمانن بە ڕێی نەهاتا
ببرێنە بەر تەناف لە نۆرە و کاتا،
مێشکیان، ئامانجیان، هیوا و تاسەیان
لە پەتا بتاسێ وەک هەناسەیان!
ئەمانە گشت ئەڕۆن، ئەیانڕەوێنی،
هیچ نەبێ لە بەندا ئەیانڕزێنی...
بەڵام تۆ، ئەژدەهاک! لە هەڵپەی خۆراک
ناتوانی بکەوی بۆ ماری ناپاک؛
هەر ئەگری، ئەکوژی، ئەدەی لە گەردن،
مێشک دەرخوارد ئەدەی بە ماری نەوسن
تا ڕۆژێک ئەو خوێنەی بە ناحەق ڕشتت،
ئەو بیرەی وات زانی ئێجگاری کوشتت،
تاو ئەدەن تەنووری دەماری کاوە،
ئەو چەکوش وەشێنەی ڕۆڵە کوژراوە
ئەخرۆشێ و ئەجۆشێ و کۆمەڵ یەک ئەخا،
هەر هەڵسا و ئەبینی زیندانت ڕووخا!
ئەو حەلە هەر لاوێ لە زیندانتا مرد
ئەبێتە مایەی بەخ بۆ نەتەوەی کورد؛
لە بنکەی پەیکاریا ئەنووسرێ ناوی
لەگەڵ گشت کردەوەی پەسەندکراوی!
بۆ بتەکانی فاشیزم

پەراوێز edit