ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا گۆران add_a_photo
گۆران لە کۆڕی خەباتا
٢. بۆ مایکل
ئەی ڕۆڵەی «ئەسیل» و «جۆلیۆس»، ئەی «مایکل»!
ئەوەی تۆی هەتیو خست: جەورێکە زۆر زل،
جەورێکە کراوە لە باوەڕ بە داد،
لە سەربەستیی زانست، لە بیری ئازاد
کێردێکە بە دەستی خوێناویی تاوان
دراوە لە جەرگی هۆی فەخری ئینسان
ئەسیل و جۆلیۆسی دایک و باوکی تۆ
بۆ ئاشتی ئەیاندا لە یەک هەشت و نۆ...
ئەیانویست زانستیان، بەری مێشکیان،
بێتە هۆی ڕووناکیی بەرچاو بۆ ژیان
نەک دەزگای دۆزەخی قەڵاچۆ کاری
دروست کا بۆ دەستی سەرمایەداری،
تا گۆشتی گیانداری ڕووی بە یەک ژەم
دەرخواردی دێوێک بەن دایپچڕیوە دەم
ئەم پاکی و پیرۆزی و بەرزیی نیازە
بە تاوان دانرا لە دنیای تازە...
هەر لەبەر پەیکەری سەربەستیی بەرزا،
وەک قۆچی قوربانی دران بە ئەرزا!
پەیکەری سەربەستی بە چاوی خۆی دی
وڵاتی: دوو زانای مردن، لەسەر چی؟
لە پەڕەی تەئریخا سەرەک لەنکۆڵن
سەرشۆڕە لە شەرمی زانا وا کوشتن!
کوژران دایک و باوکت، بەڵێ، لەناو چوون
لە ڕێی باوەڕیانا بە قوربانی بوون!
تۆ و «ڕۆبەرت» ئێستاکە جووتێک هەتیون
خەم خواردن ئەو بزەی لە لێو بڕیون
کە تا مرد بۆ دایکت هۆی گەشیی دڵ بوو
دوا نامەی بۆ بزەی لێوتان بە کوڵ بوو؟
***
ئەی مایکل! ئەی ڕۆبەرت! ئەی نازدارەکان
ونتان کرد باوەشی گەرمی دایکتان!
لێتانی شاردەوە هەوری ڕەشی مەرگ
پرشنگی باوکێتیی جۆلیۆس ڕۆزەنبەرگ
گرانە، ئەزانم، بێ دایک و باوک مان
بۆ کۆرپەی وەک ئێوەی ئێسک سووک و جوان،
بەڵام، گەر ئەسیل و جۆلیۆسی زانا
نەبوورن لە خۆیان لە ڕێی ئینسانا،
ژمارەی هەتیوی ئینسانی هەژار
دوو نابێ... ئەگاتە سەدهەزار هەزار!
دوایی، بەرخەکانی نەوەی ڕۆزەنبەرگ
ئێستاکە لای گشت کەس بوون بە کزەی جەرگ
لە جیاتیی دایکێک و باوکێک، یەک ملیار
دایک و باوک دایناون بە ڕۆڵەی نازدار!
باوەشی کەم تیایە ئەم ڕووی جیهانە
بە گەرمی بۆ ئێوە نەبێ بە لانە!
سلێمانی - ١٩٥٣

پەراوێز edit