ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا گۆران add_a_photo
گۆران لە کۆڕی خەباتا
١٦. بە ڕێگادا بەرەو کۆنفرانس
بە هەنگاوی گورج و درێژ،
ئەبڕین ڕێگای هەوراز و لێژ...
بەدەم سەرگەرمیی هیواوە
بە باڵ ئەفڕین،
لە شەقڵاوەی خانزادنشین
«دڵە زۆر تەڕەکەی سەفین!»
دووەم کۆنفرانس ئەبەستین...

مامۆستایان ئەیانەوێ:
هەتاوی کورد زوو دەرکەوێ،
ڕێی بیر بۆ مێشکمان خۆش کەن،
زمانمان بە کوردی گۆش کەن...
ئێمەیش شوێن کەوتووی کاروانین:
هەم خانەخوێین، هەم میوانین!
بە هەنگاوی گورج و درێژ،
ئەبڕین ڕێگای هەوراز و لێژ
بەدەم سەرگەرمیی هیواوە
بە باڵ ئەفڕین،
کۆنفرانسی دووەم ئەگرین!

بە پیرمەما تێ ئەپەڕین
داربەڕووی زۆر دێتە ڕێمان...
پیرەداربەڕووی لاڕێمان،
ڕۆژێ لە ڕۆژانی زۆر زوو،
جۆلانەی لێ هەڵبەسترابوو،
ساوای ناو جۆلانەی ژێر دار
ئەیپرخان وەک بەرخی بەهار!
دایکی ساوا،
لەگەڵ هاژەی دووری ئاوا،
بە لایەلایەی شیرینی
خەوی خێری پێ ئەبینی،
شیری پاکی ئەنایە دەم:
گەشەی پێ ئەکرد ژەم بە ژەم...
باوکی وریای بە نووکی تیر
بۆی ڕاو ئەکرد، کەڵکەڵ، نێچیر،
بە «ڕم» پڵنگی ئەتاران
لە جۆلانەی کۆرپەلەی جوان!
ئەو ساوایەی ژێر داربەڕوو
کام شێر؟ کام شێربەزێن دەرچوو؟

- نەوەی شێرکۆ، سەلاحەدین،
پاڵەوانی غەزای ڕێی دین!
ئەوەی بۆ پاسی قەڵای قودس
وەک بەردی ڕووی شوورا، بێ ترس،
لەبەر شیر و تیرا وەستا،
تا دەنگی: «هەی ئامان!» هەستا:
لە گرۆی خاچ
کە خاچیان کردبوو بە پاچ
بۆ ڕووخاندن،
بۆ: ئاسیا پڕ لە مردن،
پڕ لە کەلاوەی شار کردن...

بە هەنگاوی گورج و درێژ،
ئەبڕین ڕێگای هەوراز و لێژ،
بەدەم سەرگەرمیی هیواوە
بە باڵ ئەفڕین،
پیرمەم جێ دێڵین لە دواوە:
بەرەو لووتکەی چیای سەفین...
ڕیزی ئۆتۆمۆبیل ئەکشێ،
پێچ پێچ، هەتا داوێنی کێو،
لەوێ کاروان هەڵئەلووشێ:
ورگی باغچەی هەڵووژە و سێو...

لە شەقڵاوا،
دوێنێ، ساوا
کە لە بێشکەی نازا شاد بوو،
میر کچ بوو، بە ناو خانزاد بوو!
خانزادی جوان،
مامزی ناز، پڵنگی لان،
تۆڵەسێنی میر سڵێمان،
شۆخی سەر زمانی حەیران،
خانزادی جوان...

بە هەنگاوی گورج و درێژ،
ئەبڕین ڕێگای هەوراز و لێژ،
بە دەم سەرگەرمیی هیواوە
بە باڵ ئەفڕین،
لەسەر لووتکەی بەرزی سەفین
ماوەی خول دان لە داڵ ئەگرین.

چیاکانمان،
چیاکانی کوردستانمان،
هەموو سەرپۆش سپی و بەرزن،
بەرپێ بەفراو، داوێن سەوزن
سەرانسەری ئەم کێوانە:
درەختە و بێشکە و جۆلانە...
لە ناو بێشکەی ڕاژەنراوا
دەنگی گڕوگاڵی ساوا،
کچ بێ، کوڕ بێ، دێنێتە یاد:
شکۆی سەلاحەدین، خانزاد!
بەڵام دوێنێ،
نە ئەمڕۆیە، نە سبەینێ...
سەلاحەدین یەک سوڵتان بوو،
خانزاد یەک پڵنگی جوان بوو...
ئەمڕۆ بازووی بە کار بۆ کورد،
«ژنی بەرز وەک مانگی دەست کرد»،
چەکوش بە دەست، داس بە دەستە،
ڕۆشنبیر و خاوەن هەستە
«هەستی دڵسۆزیی نیشتمان،
هەستی خۆشەویستیی ئینسان!»
ڕەنجی بە ملیۆن لەمانە
هێزی باڵی کوردستانە!

ئەگەر دوێنێ مامۆستاکان
یەک سوڵتانیان پێ ئەگەیان،
ئەمڕۆ ئەبێ مامۆستای کورد
دانیشێ و بە ڕاوێژی ورد
ڕێگای پێگەیاندن دانێ،
بۆ ملیۆنان، نەک سوڵتانێ!
لە بێشکەی بن هەر سێبەرێ
سبەی ئەگەر بێتە دەرێ:
خانزادێ، سەلاحەدینێ،
کاکەمەمێ، خاتوو زینێ...
ئەوسا بەستەی بێ خەمیمان
چ هیی پێنووس، چ دەمیمان،
بە تاقە یەک زاری شیرین
شاخ پڕ ئەکا لە پێکەنین!
ئەوسا: «خانی»، خانیی سەردەم
بە زمانێک ئەنووسێ «مەم»
کە پێی ئەدوون «نالی» و «مەحوی»
وەک «قوبادی»، وەک «مەولەوی»!
***
ئا بۆ گەییشتن بەو کاتە،
بەو ئاواتە،
لە کورتترین ڕێی ڕوونەوە
مامۆستایان کۆبوونەوە،
بە دڵسۆزی و بە لێبووری،
بە ڕەنجێک مایەی ڕووسووری،
دەریای مێشک ئەشڵەقێنن،
دانەی گەوهەر و مرواری
لە بن بنی ئاو دەردێنن...

کام گەوهەر گرانبەها بێ،
بە زانستی کورد ڕەوا بێ،
لێی پڕ ئەکەن کیسەی دیاری،
ئەیبەن بۆ دەزگای زانیاری! ...
شەقڵاوە - ١٩٦٠

پەراوێز edit