ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا گۆران add_a_photo
گۆران لە کۆڕی خەباتا
١٠. مۆسکۆی جوان
ئەی مۆسکۆ! ئەی ژنی جوانی سپی پۆش!
ناودەمی ئاڵ پڕ لە گۆرانیی خۆش خۆش!
بە ئاوازەی «ئۆرکسترا»ت وا مەستم،
هەر شەپۆلی شیعرە و ئەدا لە هەستم!
لە هەنگوینی ئەفسانەی دانسی «بالێ»ت،
بە هەردوو چنگ ئەخۆم وێنەی برسیی شێت!
لەرەی دەنگی «ئۆپێرا»کەت کە تک تک،
لە ناو گوێوە نەشتەر ئەدا لە گورچک،
خونچەی تەڕی چیرۆکی بەستەکانی
بۆم ئەپشکوێت وەک گوڵی بەربەیانی!
ئەی مۆسکۆی جوان، گەورە کچی ئوکتۆبەر!
حەوت ئەستێرەی یاقووت کە داوتن لە سەر،
لە ناو زیوی تەما گەش ئەجریوێنن،
هەزار زوهرەی ئاسمانی شین ئەهێنن!
«مەترۆ»ت ئەڵێی نوێنەگای نیگارە،
«مەیدانی سوور» جێی هەزاران هەزارە!
تاقە گوڵی سووری جقەی دانشگات،
عەتری شەپۆل ئەدا وڵات بە وڵات!
ڕۆژ لەنینە و لەسەر سەرت وەستاوە،
ڕێگات ڕووناک وەک بەفری بەر هەتاوە!
مناڵەکەی ڕوومەت ئاڵی تێرشیرت
گوڵی پارکی «گۆرکی» دێنێتە بیرت،
بۆیە کۆتری سپی و نەرمی باوەشت
مل هەڵئەسوێ، بێ سڵ لە گەرمیی لەشت!
لە ناو بەفری بەرپێتا واق وڕماوم،
لە کام جوانیت نازانم، بدرووم چاوم؟ !
***
ئەی مۆسکۆ! ئەی ژنی جوانی سپی پۆش
هەروەک: مەمێک زینێک ناکا فەرامۆش
هەتا ئەمرێ، منیش، هەتا هەتایە
دڵگیریی تۆم هەرگیز لە دڵ دەرنایە!
بە شەو چەمی گەوهەربەندی پشتێنت
لێم ئەبێتە ئاوێنەی باڵانوێنت،
لە ناو ئاوا مۆسکۆیەکی نازدارتر،
لەنجەی دانسی گیان پڕ ئەکا لە ئاگر!
جادەی شۆراو بریقەی دێ وەک بلوور،
تیا ئەلەرزێ «وێنە»ی گڕی سەوز و سوور،
تاکسیم ئەکشێ بە شەقامی بێگەردا
بە سەر عەکسی وەنەوشەیی، یان زەردا
ئەم ڕەنگانە و ئەو پرشنگەی ئاوازە
ئەیدا لە ڕووی پەنجەرەی کۆشکی تازە،
بێ هەست ئەمکەن بە زاوای بەردەمی بووک،
دەم بو ماچت ئەبەم مۆسکۆی ئێسک سووک!
مۆسکۆ - ١٩٥٨

پەراوێز edit