ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا گۆران add_a_photo
گۆران فرمێسک و هونەر
١. بۆ بولبول
ئەی باڵداری ئێسک سووک!
بولبولی دەنووک بچووک!
باغچە بە باغچە ئەفڕی؛
وچانێکی لێ ئەگری،
کام سەرچڵ دڵت گرتی
دەنگی لێ هەڵئەبڕی:
کام ئاوازە شیرینە،
ڕووناکی و نەشئەی ژینە،
بە چوار دەوریا ئەپژێنی،
دنیا پێ ئەکەنێنی
لەو گەرووە پچکۆلانە
ئەم نەغمە بەرز و جوانە
چۆن دێتە دەر؟ چۆن ئەڕژێ؟
وا گیان ئەسمێ، هۆش ئەمژێ؟
یا ئەو تۆزقاڵە دڵە
چۆن ئەوەندە بە کوڵە؟
یا چۆن ئەو نەختە مێشکە
بۆ فەن بووە بە بێشکە؟
چۆن؟ تو خوا چۆن؟ ئەی بولبول،
ئەی باڵداری بەهرەزل!
نە پەرییت، نە ئینسانی،
نە قوتابیی فەننانی،
کام بەستە، کام گۆرانی
سیحری ڕووتە، ئەیزانی؟
***
منیش لای خۆم هەمیشە
شیعرم کردووە بە پیشە،
وەک تۆ، بەڵام ئەم و ئەو:
یەکەم ڕۆژە، دووەم شەو!
شیعری من کامیان چا بێ
ئەمجا بێ فرمێسک نابێ؛
هەر خەمە و هەر هەناسە،
یادە و ئەندێشە و تاسە
شیعری تۆ، گشت نموونە،
ئاوی سەرچاوەی ڕوونە،
سەربەست ئەڕوا و خوڕەی دێ؛
ئەمیان لە کوێ، ئەو لە کوێ؟
ئەم شیرینی، ئەو تاڵی،
ئەم فەساحەت، ئەو لاڵی،
ئەمیان ئاوازەی شادی،
ئەویان نووزەی بەربادی
بەڵام بولبول! ئازایی
ئەوەیە نەبی بایی،
بەم بەهرە و بەم هونەرە!
ئەگەر یەزدانی گەورە
لەو نیعمەتەی پێی داوی،
تۆزێکی نەک تەواوی
بەم شاعیرە هەژارە
ڕەوا بدیایە، دیارە،
منیش لە تۆ زیاتر،
پەسەندکەر و گوێ لێ گر،
سەری بۆ کەچ ئەکردم،
سوجدەی ئەبرد، وەک بردم!
***
منیش دەروونم شاد بێ،
ملم لە بەند ئازاد بێ،
دەور و پشتم گوڵزار بێ،
عومرم یەکسەر بەهار بێ،
بەرەڵڵا بم، باڵدار بم،
دوور لە مەینەتی شار بم،
پەرداخی ئاوم گوڵ بێ،
جێی حەسانەوەم چڵ بێ،
خواردنم، جل و بەرگم
بە ئابڕووم، خوێنی جەرگم
نەبێتە ماڵ لە سەرم،
بێ منەت بێ و بێ شەرم،
دڵم ئەوەندە مەست بێ،
کونجێ نەبێ کە پەست بێ،
عەشقم وەک عەشقت پاک بێ،
پڕ لە هیوا و ڕووناک بێ،
ئەبەدی بێ و پڕ جۆش بێ،
ئەوەندەی هی تۆ خۆش بێ
منیش ئەی مەلی پیرۆز،
بە یەک چریکەی پڕسۆز،
بەستەی وات بۆ ئەخوێنم،
کە جوان جوان بلەرزێنم،
ڕووی کام گۆم شین و مەنگە،
کام درەخت شۆخ و شەنگە!
کام شاخ کە سەخت و بەرزە،
بیخەمە بوومەلەرزە!
کام ئاسمان بێ بنە،
ناخی پڕ کەم لە شنە!
یا کام دەریا زۆر قووڵە
بنی بخەمە جووڵە!
بەڵام، داخی داخانم،
من مەل نیم و ئینسانم!
لە دڵ، لە مێشک، یەزدان
بەخشیویە بە ئینسان
چەشنێکی زۆر لای ڕەش بین:
بۆ دنیای گیان، دنیای ژین!
ئێمە عومرمان تا سەر
ئەندێشەیە و دەردی سەر؛
ترسە و تاسەیە و پرسیار
یەک لە شوێن یەک: سەد، هەزار:
بۆ چی زاین؟ کەی، چۆن ئەمرین؟
چیمان لێ دێ کە مردین؟
چی ڕاستە؟ چی درۆیە؟
کام شت ئەنجام؟ کام هۆیە؟
یان تەنانەت بۆچ ئەگرین؟
فرمێسک لە چاو بۆچ ئەسڕین؟
ئیتر لەم چەشنە پرسیار،
یەک لە شوێن یەک بە قەتار:
ئەمیان یەخەمان ئەگرێ،
جوابی ئەممان پێ نادرێ،
ئەوی تر دێتە پێشێ
وردورد گیانمان ئەکێشێ!
***
ئەی بولبول! هەژار خۆمان،
بێ دەستەڵات، پڕ گومان،
بە دەشتی ژینا وێڵین،
لەو جێگایەی جێی دێڵین،
هەچ کوێ ئەچین بیابان تر،
جێگای ترس و گومان تر
ئەی وەستای بەستەی شیرین!
ئێمە هەتاکو ئەمرین،
یا ئەپرسین، یا ئەگرین،
ئیتر چلۆن بخوێنین،
وەک تۆ، وەک گشت سەرخۆشێ
پیاڵەی دڵخۆشی نۆشێ؟ !

پەراوێز edit