ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا گۆران add_a_photo
لەسەر کێلی گڵکۆی گەورەکچێک هەڵکەنراوە
لە خاکی گڵکۆما ئەی گۆڕستان گەڕ
ئاخێک بنێژە؛
بە کێلی مەڕمەڕما فرمێسکێکی تەڕ
لە چاو بڕێژە!
لە دنیای ڕووناکتا منیش گیانێ بووم
لە لەشی جوانا؛
وێنەی پەپوولەیەک ئەهاتم، ئەچووم
بە ناو گوڵانا!
کۆشی گەرمی دایک جێگای نازم بوو،
گیان بووم لای باوک؛
ناوبانگی چاوڕەشی ڕشتەی ڕازم بوو،
بووبوو بە لاوک؛
بەڵام ئاخ کە ناڵەی لاوکی لاوان
زوو مەستی کردم،
بە ڕێی عەشقی پاکا نام مل و تاوان
بۆ لاڕێی بردم!
لاوێکی نامەردم تووش هات لە ڕێما،
بە سوێن و پەیمان،
وەک ڕەشمار پەپکەی خوارد، نوست لە ناو جێما؛
ئابڕوومی تکان! ...
پاش ئەوەی ماری پیس زەهری خۆی ڕژان،
کشایەوە کون؛
هۆی شەرمی لە باوکم کرد بە مایەی ژان
کەتن کەری ون...
ڕووی نیازی زەردی دایک و باوک و خۆم
بێ سوود کەوتە گەڕ،
خۆیشی چەشنی باوکی تفی هەڵدا بۆم،
گوێی لێ کردین کەڕ!
ئەو کوڕ بوو، سەرەڕای ئەوەش دەستدار بوو،
بە دەستووری گەل
ناپاکیی کردەوەی دوور لە پرسیار بوو،
بەڵام، ئاخ ئەجەل!
منی «کچ» مامزی بەندیخانەی ژین:
سزای تاوانم،
بە دەستی باوکی خۆم چووم بە سەربڕین!
پرچی پەخشانم،
تلا لە خوێنەوە و کەوتە سەر چاوم،
ئیتر نەمبینی:
لە جەرگی باوکما سەری بڕاوم
چۆن بوو برینی؟
یان دایکی دڵسۆزم وێرای بە بێ شەرم
بۆ جوانەمەرگی
وەک دایکان شیوەنێک بگێڕێ بە گەرم؛
ڕەش کا بۆی بەرگی؟

پەراوێز edit