ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا گۆران add_a_photo
ئۆف، هەزار ئۆف، ئاخ، هەزار ئاخ! تا قیامەت ئاخ و داخ!
من کە سنگم بەردە، تەبعم بەرزە چەشنی شاخ و داخ؛
من کە خوێنم ئاگرە،
چوونە جۆشم حازرە،
من کە مایەی فەخری تەئریخی بەرووم،
تاقە ڕەنگی ئابڕووم
مەردی، بێ باکی، دلێری بوو هەموو...
کوا؟ مەگەر ئەسڵی نەبوو؟
بۆ سەرم نەرمە لە عاستی بەندی دیلی، داخەکەم؟
بۆ لە نزمی و پەستییا وەک گۆمی لووتە شاخەکەم؟
ئۆف، هەزار ئۆف! ئاخ، هەزار ئاخ!
نەگبەتیی کوردی هەژار، ئاخ!
بۆچی ئەو سنگەی سپەر بوو بۆ پەلاماری عەدوو
بوو بە پەردەی سەر قەفەز بۆ دەربڕینی ئارەزوو؟
بۆ زوبانی بێ گرێم
نایەڵێ سەربەست بڵێم:
ڕێبوارم، سەربەخۆیی کەعبەمە؛
دەشتی خوێن گەر ڕێگەمە،
بێ خوتوورەم، بەردەبازم کەللەیە،
تا ئەگەم بەو قیبلەیە!
بۆ نەهاتە سەردەمم ئەم چەشنە گوفتارانە قەت؟
بۆ نەبوومە پاڵەوانی کردەوەی ئازانە قەت؟
ئۆف، هەزار ئۆف! ئاخ، هەزار ئاخ!
غیرەتی کوردی هەژار، ئاخ!
ئەی ئەوەی قەومانی بەش بەش کرد بە پێی خاک و زمان،
دای بە هەر قەومێ نگین و تاج و تەختی حوڕ ژیان!
کوا نگینی بەختی من؟
کوانێ تاج و تەختی من؟
بۆ لە خاکی پاک و زاری بێ گرێم،
غەدر ئەکەی؟ نابەخشی پێم؟
یا ئیلاهی حەققی خۆم داوا ئەکەم:
کوا نگین و تەختەکەم؛
بۆ لە عەرشی دادپەروەر، بۆ دڵی کوردی هەژار!
تاقە تیرێکی ستەم عەکسی بکات و بێتە خوار؟
ئۆف، هەزار ئۆف! ئاخ، هەزار ئاخ!
خالیقی کوردی هەژار، ئاخ!

پەراوێز edit