ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا گۆران add_a_photo
گۆران سروشت و دەروون / سروشتی جوان
٤. بەسەرهاتی ئەستێرەیەک
بانگی شێوان: لە ئاسمانی خۆرنشین،
ئەستێرەیەک ئەجریوێنێ: گەش، شیرین!
دەور و پشتی دەریای شینە و بە تەنیا
سرنج ئەدا لە ئێوارەی ڕووی دنیا!
لە پرشنگیا هەیە شێوەی چاوی کاڵ،
لە لەرزینیا زەردەخەنەی لێوی ئاڵ!
وەک ئەو گوڵەی ئەیدا لە سەر نازدارێ،
تێر نابێ لێی هەر چاوێ بۆی ئەنواڕێ!
منیش یەکێ لەو تەماشاکەرانەم،
دڵ گیرۆدەی ئەم جوانیی ئێوارانەم؛
لەسەر گردێ بەرامبەری ئەوەستم،
کەیلی بزەی ئەبێ سرنجی مەستم!
تاریک دایە... ئەستێرەی تر بەر و دوا
فڕێ ئەدەن چارشێو لە عاستی دنیا
بەڵام ئێستا ئەو ئەسپایی، بەرەوخوار
هەڵ ئەخلیسکێ، کزکز، ئەگاتە لێوار؛
لێوی تینووی کەل وەک دڵۆپ ئەیمژێ،
ئەی داخەکەم، مەرگی نیشتن ئەیکوژێ!
ئەم ئەستێرە، بەسەرهاتی دڵگیری
لە کام ڕۆحا نابزوێنێ سا زویری؟ !

پەراوێز edit