ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا گۆران add_a_photo
کراس کەتانی کەوا سەوزی بەژن و باڵا بەرز!
بە شان و گۆزەوە چەن جوانی ئەی پەریی سەرئەرز!
لە دوورەوە چ نمایانە پێچ و سەرپۆشت!
چ زوو ئەگاتە دەماخم شەپۆلی بۆی خۆشت!
شەماڵی ڕێگەیی کانی ئەخاتە باڵاکەت،
لەرانەوەی لەشی زیوینی شۆڕەبیی کەڵەگەت!
ئەڕۆی بە عیشوە، بە لەنجە، بە وەزنی گۆرانی
ئەڕۆی... زڕەی کەمەرەت دێ هەتاکوو بەرکانی!
ئەگەیتە کۆمەڵی پیاوانی بەردەمی مزگەوت
سڵێک ئەکەی وەکوو ئاسک لە سێبەری ئەشکەوت!
لە ڕێگەتا هەیە پۆل پۆل لە لاوی دێ کۆمەڵ
کە هەر یەکە گوڵی هێناوە چەشنێ، پڕ باخەڵ!
هەموو بە عەزرەتەوەن گوڵ فڕێ دەنە بەر پێت
خوایە، ئاخۆ گوڵی کێ بە دڵتەوە ئەلکێت؟

پەراوێز edit