ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا گۆران add_a_photo
گۆران بەهەشت و یادگار
١١. هەڵبەستی پەشیمان
کفرە لای من لە یار ڕەنجان
پێی لێ ئەنێم ئەی زوهرەی جوان!
هەرزەگۆییم کرد هەرچیم وت،
وا ئەو چڵکەم بە فرمێسک شت،
بە فرمێسکی پەشیمانی،
ئەی زوهرەی ناز، زوهرەی جوانی!
من ژیانم، گیانم، هەستیم،
هیوام، تاسەم، شادیم، مەستیم،
بیرم، هۆشم، هەرچیم هەیە
بەهرەی جیلوەی ئەو زوهرەیە
کەڕووی لێ نیشت گەردی شیعرم،
هەی جوانەمەرگ خۆم! هەی بمرم!
ئەی ڕووناکیی ڕێی باوەڕم!
خوای بەهەشتی دڵی تەڕم!
قیبلەی عەشقم! هۆی ئاوازەم!
هێلانەی هەڵبەستی تازەم!
چۆن ئەتوانم بڕەنجم لێت؟
هەی خاک بەسەر! ئینسانی شێت!
تۆ بی زەردەخەنەی چاوت
لێوی بە عاستەم تۆراوت،
تۆ بی سپیەتیی شان و مل
لە عاستی ڕووتی و یەخەی جل
تۆ بی بەستەی ڕۆیشتنت،
لەوحەی ڕەسمی دانیشتنت
تۆ بی بەبینترین نەغمە:
شڵپەی ماچی ئەو ناو دەمە!
تۆ بی هەموو جیلوە ی جوانیت:
لێم خۆش بە، دڵم ڕەنجانیت!
ئەی زوهرەی ناز! زوهرەی جوانی!
گەردنکەچی چاوەڕوانی
وەستاوم سا دڵم خۆش کە،
شیعری پیشووم فەرامۆش کە!

پەراوێز edit