ئەی قەومی کورد! بزانە کە ڕۆحی ئەمین زەکی
دووربین بە دەستەوە لە حەدیقەی بەھەشتەوە
ئەڕوانێ ئاخۆ کەوتوونە سەر ڕێگەی یەکی
یاخۆ نیفاقە کۆنەکەتان قەومی ڕشتەوە
***
دڵخۆشی کەن، بە یەک جیهەتی تا لە جەننەتا
بتوانێ تێ بکۆشێ لە دەرگاھی ڕەحمەتا
ھاوار ئەکاتە عالەمی قودسی کە ئەلئەمان
قەومم نەزانە، جاھیلە، وێرانە نیشتمان
ئیمداد ڕەس نەماوە، لە ئەرز و لە ئاسمان
بۆ کوردی قوڕبەسەر کە پەرێشانن و بێنەوان
من ئیلتیجام بە ئێوەیە ئێوەش دوعا بکەن
ڕەحمێ بە قەومەکەم، لە خواوەند، تکا بکەن
ئێستاکە خەریکە عالەمی باڵا زەھیری بێ
کە ڕوبیانی عەڕشی موعەللا دەبیری بێ
ڕوحولقودس بە ئەمری خوا دەستگیری بێ
ئیلھامی ئاسمانی، بەشیر و خەبیری بێ
کورد نامرێ بە بەرزی و ئیقباڵەوە ئەژی
ڕۆژێ ئەبێ بە باغ و حەدائیق کەل و کەژی
کێ بێ؟ ژیان و مردنی ھەر بۆ وڵاتی بێ
بۆ خزمەتی وڵاتی ئەوەندە سەباتی بێ
دەست و قەڵەم لە کارا ھەتاکوو حەیاتی بێ
تا قەومەکەی لە جەھل و ئەسارەت نەجاتی بێ
بابە ئەڵێ بە زاتی ئیلاھی، ئەمین زەکی!
وێنەت نییە لە قەومەکەتا تۆی و ھەر یەکی