کەسب دەرناکا موتڵەقەن ئەفعال
لە ژێر ئیرادەی خودای «ذوالجلال»
چی ئیرادە کرد ئەوە یێتە جێ
ھەرچی مەیل نەکا بە قەتعی نابێ
لە مورادی خودا جەمیعی عالەم
زیاد و کەم ناکا موویێ خاتر جەم
***
لەسەر ئیرادەی حەزرەتی باری
تۆ مەجبوور نابی، ھەروا موختاری
مەعلوومی ئەھلی عیرفان و حیلمە
کە ئیرادەی خوا تابیعی عیلمە
عیلمی ئەزەلیش تابیعی فیعلە
فیعلی موکەللەف مەحەکییە و ئەسلە
زانیویە ئەزەل تۆ بە ئیختیار
لە کاتی تەکلیف چلۆن ئەکەی کار
لەسەر ئەو عیلمە مەیلی ھاتە بار
مەیل بە شوێنی عیلم، عیلم بە شوێن کار
ئیجبار ئەوەیە ناچارت بکا
بێ عیلم و مەیل و ئاسارت بکا
با بۆت بەیان کەم وێنەیێ سەحیح
کە بەکارت بێت بۆ کەشف و تەوزیح
وەلی کە بە کەشف بزانێ ڕەنجێ
ئەبینی لە ڕێ، یا کووپەی گەنجێ
چی دەخلی ھەیە بە لوتف و ئازار
پێت ئەدا دینار یا لێت ئەدا دار
ھەروا بێتەشبیە عیلمی «ذي الجلال»
ئاوێنە ڕەنگە و کردەوە میسال
ئاوێنە وێنەی ئەشیا ئەنوێنێ
بۆ حەللی ئەمە کێ دائەمێنێ
***
مەیل و ئیرادەی زاتی عەلییە
بە مەعنای ڕەزا و محەببەت نییە
ڕازییە بە خێر ناڕازی لە شەڕ
ھەردوویش مەشموولن بۆ قەزا و قەدەر