ئاڵەکۆک

نامی add_a_photo
نامی بارانی ڕەحمەت
٢٣٢. پردی «صراط»
جا ئینجا کاتی ھات و نەھاتە
وەختی عبووری پردی سیراتە
کە ڕاکێشراوە لەسەر جەھەننم
بۆ خراپ و چاک جاھیل و عالم
باریکتر لە موو تیژتر لە ئەڵماس
جێی ئیمتیحانە لەبۆ جینن و ناس
عبوور بەو پردا بە ڕای حەقیقەت
بەقەد عبوورە بە ڕێی شەریعەت
بەعزێ موکەللەف لێی ئەکەونە خوار
لە جەھەننما ئەبن گرفتار
کافر ھەمیشە و موسوڵمان بەپێی
تۆڵەی گوناھی، جا دەرئەچێ لێی
موسوڵمانی پاک دڵ ڕووناک بە نوور
زۆر بە ئاسانی لێی ئەکەن عبوور
بەعزێ وەکوو بای وەشتی بەھاران
بەعزێ بەوێنەی شۆڕەسواران
بەعزێ بەوێنەی تیشکی تیژی بەرق
بە ھەناسەیەک ئەبڕێ غەرب و شەرق
شەرعە میسالی ئەم سەفا و سەیرە
ھەر ئەھلی شەرعە عاقیبەت خەیرە
***
کە عبووریان کرد کۆمەڵی مەسعوود
گشت گرد ئەبنەوە لە «حوض المورود»
ئاوی ئەو حەوزە سپیتر لە شیر
بۆنی خۆشترە لە میسک و عەبیر
یەکێ ھەزار ساڵ لە جەھەننم بێ
گیرۆدەی دەرد و ئێش و ئەلەم بێ
کە گەییە ئەوێ زۆر مەسروور ئەبێ
سینەی بە سەفا و ساحێب نوور ئەبێ
ھەرکەس لێی خواردۆ جین بێ یا بەشەر
قەت تینووی نابێ بە نەسسی خەبەر
دەی مەعلووم ئەکا «شَرابا طَهُور»
نۆش ئەکرێ لەبۆ لەززەت و سروور
پاش «حوض المورود» ئەڕۆنە بەھەشت
ھەرکەس لە جێی خۆی دەس ئەکا بە گەشت
قەسری بێقسوور، باغی بێخارە
«روح الرّياحين» گوڵ و گوڵزارە
خۆشی وای ھەیە نە گوێ بیستوویە
نە بە دڵ خەیاڵ، نە چاو دیتوویە
دۆستی ئارەزووی دۆستێکی بکا
لە عەرزی ڕێدا ئەم بە ئەو ئەگا
ھەرچی تۆ بڵێیت کەمە لە تەعریف
ھەرچی بنووسیت ناگا بە تەوسیف
ھەرچی کە بکا نەفست ئارەزوو
حازرە لەلات فەورەن زوو بە زوو
ئەعلای نیعمەتی بەھەشت بۆ ئیسلام
بینینە بە چاو بۆ خودای عەللام
«وُجُوهٌ يَوْمَئِذٍ ناضِرَة»
چونکە «إِلي رَبِّها ناظِرَة»
حەزرەتی مەولای ساحێب نبووەت
بەیانی کردووە نیعمەتی ڕوئیەت
قورسی مانگ بینین بە چواردە شەوە
رەمزی تەشبیھی بینینی ئەوە
چونکی موسوڵمان ئەگەن بە بەقا
نوورانی ئەبن بە نووری لیقا
زەڕڕاتی وجوود بە نووری شھوود
نوورانی ئەبێ بە فەیزی مەعبوود
گشت سەرمەست ئەبن بە تەجەللای زات
گشت سەربەست ئەبن بە جیلوەی سیفات
ئەمەیە مەبەس، ئەمەیە مەرام
ئەمەیە ئەنعام، ئەمەیە ئیکرام
خوا بەشمان بدا ئالەم لیقایە
لەم جیلوەی فەیزە و بینینی خوایە
بە پایە و مایەی سەروەری ئیسلام
«عليه الصّلاة، عليه السّلام»

پەراوێز edit