سەرم پڕ شۆری نەشکوفتە گوڵێکی باخی ڕیزوانە
کە باڵای نەونەمامی عادەتا وەک سەروی بوستانە
عوموومی سەبر و ھۆشم مەحوی وادی حیرەتە ئەمڕۆ
تەعالەڵڵا ئەمە باڵایە یا سەروی خەرامانە؟
ئەمە ڕۆژە لە شەودا دەر کەوتووە یا ڕوو لە ناو زوڵفا؟
جەمالە؟ یا لەناو کفرا بریقەی نووری ئیمانە؟
دڵی بردم کریشمەی چاوی مەخمووری بە تاڵانی
کە چی ئێستاش خەریکی غارەتی دین و سەر و گیانە
تەمەننای وەسڵی ھەرچەند لێ دەکەم وەک مووسایی عیمران
بە غەیری لَن تَراني نابیسم لەو شۆخە چاو جوانە
من و دەردی جیایی تا بە کەی ھامڕاز و ھاودەم بین؟
فیدای باڵای نەمامت بم بەسە ئەم ئێش و ھیجرانە
ئەگەر ئەو لەعلی دوو لێوەت مەسیح ئاسا نەکات ساتێ،
دەوای تای ڕۆح و دڵ ئەمڕۆ، ئیتر حاڵم پەرێشانە
وڵاتی سینەکەم سووتا، نەما ئاساری عیمرانی
تکەی قەترەی زوخاوی دێ، ئەڵێی سەیلی بەھارانە
ئەلا ئەی شۆخی سیمین ساقی بێ میسلی لە دونیا تاک
دڵی وەک بێژەنم بۆ تۆ ئەسیری چاھی زیندانە
لە شۆری عەشقی تۆوە خۆ شعوورێکی نەما شایق
بە دائیم ھەر وەکوو مەجنوونی لەیلا ئیشی گریانە