ئاڵەکۆک

شاھۆ add_a_photo
شاھۆ دیوانی شاهۆ
١. ئەمشەو لە خەوما بووم بە باڵدارێ
ئەمشەو لە خەوما بووم بە باڵدارێ
پەڕ و پۆ نەخشین خەت و خاڵدارێ
بای باڵم ئەدا بۆ گشت دیارێ
ناگا ڕێم کەوتە ناو مێرغوزارێ
کاتێ سەیر ئەکەم تا چاو ئەکا کار
باخە گوڵباخە گوڵە لالەزار
سەروە، سەمەنە، یاسەمەن، گوڵنار
سۆسەن، نارەوەن، شۆڕە بی و چنار
ھەڵووژە و ھەرمێ و ھەنجیر و ھەنار
بەھی و سێو، ترێ و گێلاسی ئاودار
کۆشکێکی تیایە چوار دەوری تەلار
جَنّاتُ تَجري تَحتها الأنْهار
تێر گەڕام تێیدا بە ئارەزووی دڵ
ئەم دار و ئەو دار ئەم چڵ و ئەو چڵ
دەماخم چاخ بوو بە بۆن خۆشی گوڵ
گیان کەوتە سەما بە نەغمەی بوڵبوڵ
وەک سەرخۆش ھەستام بێ ھۆش و قەرار
خۆمم گەیاندە دەروازەی حەسار
چوومە ناو کۆشک و ماڵەکە و تەلار
گەڕام لە ناویا سەر و ژوور و خوار
ھۆدەیێکم دی تەرتیب کرابوو
فەرشی نایابی لێ ڕاخرا بوو
تەختێکی جوانی لێ دانرابوو
پەردەی ڕەنگینی لە دەور درابوو
لە سەر ئەم تەختە شۆخێکی شیرین
لێی ڕاکشابوو بە حەیا و تەمکین
ڕەنگی پەڕیبوو وەک گوڵی نەسرین
مات و بێ ھێز و پەشێو و بێ تین
کە پرسیم وتیان ئەم گوڵعوزارە
ئەم شەکر لێوەی شیرین ڕەفتارە
ئەم ماھ جەبینەی پەری ڕوخسارە
دایکی وەتەنی کوردی ھەژارە
لێم پرسی وتم باوانی خاسم
لاو شێوە جوانی بێ قسە و باسم
مایەی ژیانی ئەسڵ و ئەساسم
دایکی دڵسۆزی کوردی کەساسم
بۆ چی شێواوە شێوەی شیرینت؟
ڕەنگی پەڕیوە کوڵمی ڕەنگینت؟
دژاوە زوڵفی چین لەسەر چینت؟
فرمێسکاوییە دیدەی نەخشینت؟
وتی لێم گەڕێ دەردم گرانە
حاڵم تا بڵێی زۆر پەرێشانە
تینم تیا نییە وەھای سڕ کردووم
تەماشا ناکەی وەک داری پردووم
ھەرچەند ھەوڵ ئەدەم ناتوانم بزووم
بە سەر زیندووم و بە لاشە مردووم
دەردی ئێوەشم سەرباری دەردە
نەجاتم نادەن لەم بەردە بەردە
دڵ بریندارم، ھەناسەم سەردە
ئازارم، دەردم، دەرمانم کوردە
لەجیاتی ئەوەی وەکوو ھاوڕێتان
پشتی یەک بگرن شان بدەن لە شان
یەکتر بەر نەدەن لە تەنگی و فەرحان
فەرقی خۆیش بکەن لەگەڵ بێگانان
کە چی ئەبینم کە ھەستان لە خەو
ئەبنە مەقاشی دەستی ئەم و ئەو
دواکەوتووی نامەرد بە تەقڵە و بە دەو
بارەبەری ڕۆژ، یاساوڵی شەو
ھەر بە خەندەیەک یا مەرحەبایەک
یەکتر بەر ئەدەن ھەر یەک بۆ لایەک
بە درۆ و فیشاڵ بۆ ھەر بێ بارێک
ئەبنە فیدایی بۆ ھەموو لایەک
ئاگاتان نییە لە ئەحواڵی من
بووم بە گۆی فتبۆڵ بە دەستی دوژمن
ئەم ڕام دەکێشێ ئەو دەڵێ بۆ من
وا بە ناکامی ئەمنێنە کوفن
خەزێنەم کە وا پڕ لە زێڕ و زیو
ھەمووی کەوتووە لەم ناوا بێ خێو
سەریان تێ کردووە ڕێوی و ورچ و دێو
ئێوەش تەڕ ناکەن لەو جەیحوونە لێو
میراتم کە ھی ئێوەیە تەواو
بێگانە بردی بە کوێرایی چاو
کردی بە پارە و ئەیکا بە زووخاو
ئێوەش سک برسی و ڕووت و ناتەواو
ھەموو نەزان و بێ عیلم و جاھێڵ
دواکەوتوو لە گەل، بەجێماو لە خێڵ
وەتەن وێرانکەر بە پێ مەڕە و بێڵ
بۆ دوژمن موخلێس، لەگەڵ یەک بە فێڵ
تا ئێوە وا بن خۆشی نابینم
وەکوو ئەمبینن دایم حەزینم
خەریکی شین و ناڵە و گرینم
خەمە خۆراکم تاڵییە ژینم
کە ئەم حاڵەم دی، دڵم ھاتە ژان
ڕاپەڕیم لە خەو، بە ناڵە و گریان
شەوم لێ گۆڕا تا بەری بەیان
ئەم وت چۆن بژین چۆن ئەبێ ژیان؟
ڕەببی خۆ تۆ خۆت ساحێبی کوردی
خۆت چارەسازی عالەم بە وردی
ئاگاداری کە خۆت بە نامەردی
چە غەدرێک ئەکرێ لە گەورە و وردی
ھەر چەند قەومێکی زۆر گونابارین
لەگەڵ یەک خراپ، دۆستی ئەغیارین
جەور لێ کراو و دڵ بریندارین
دەست و پێ بەسراو یەکجار خەمبارین
ئێمەش لای خۆمان خۆ موسڵمانین
بە تۆ و کەلامت ساحێب ئیمانین
موتیع بە ئەمر و حوکمی قورئانین
مان و نەمانمان لە تۆ ئەزانین
ھانا و پەنامان ھەر بە خۆتە و بەس
ھیوامان نییە ئیتر بە ھیچ کەس
نابین بە کۆیلە و نۆکەر و حەرەس
فریامان کەوە خۆتی فەریادڕەس
ھەتاوی ڕوونی نەوەی ھامفەردان
ھیوای پاشەڕۆژ شێر کۆڵەی کوردان
شەفەقی بەیان نەتەوەی مەردان
چییە دەرمانتان بۆ شیفای دەردان؟
شاھۆ ئەم خەوەت چییە تەعبیری؟
ئەو دایکە جوانە چییە تەدبیری؟
ئەمەوێت لە کورد چ جوان چ پیری
بۆم بەیان بکات بە فیکر و بیری
خەوێک

پەراوێز edit